|
مرۆڤ
لەلایەنی ڕۆحیی خۆیدا مانای ژیان و هیوا و
ئاسودەیی و ئاشتی ناوەكی دەبینێتەوە. زۆربەی
خەڵكی لایەنی ڕۆحییان بەئایینەوە پەیوەست
دەكەن، كەچی هەندێكی تر لایەنە ڕوحییەكانیان
لەمۆسیقا، هونەر، هاوڕێیەتی سروشت و ژینگە یان
دابونەریتەكانیاندا دەبیننەوە. تۆ هەركامیان
پەیڕەو دەكەیت، گرنگ ئەوەیە ئەم لایەنە
لەژیانتدا دوور نەخەیتەوە، چونكە ئەو كارە
فشاری دەروونی و كێشەی تەندروستیی ترت بۆ
دەنێتەوە.
لایەنی ڕۆحی چ پەیوەندییەكی بەتەندروستییەوە
هەیە؟
تائێستا بەوردی سروشتی ئەم پەیوەندییە
نەدۆزراوەتەوە. بەڵام زۆربەی پسپۆڕانی
تەندروستی پێیانوایە جەستە و عەقڵ و ڕۆح
پەیوەستن و باری تەندروستیی هەریەكەیان كار
لەدوانەكەی تر دەكات.
هەندێ لێكۆڵینەوە ئەوە پشتڕاست دەكەنەوە، كە
ئەو مەعنەویەتە بەرز و ئاسودەیی و ئارامییەی
لەپیادەكردنی عیبادەتی دینی و یۆگا و پرۆسە
ڕۆحییەكانی ترەوە دەستدەكەون، پرۆسەی
چاكبوونەوە لەنەخۆشی خێراتر دەكەن و هەستكردن
بەتەندروستیی زیاتر دەكەن. پتەوكردنی لایەنی
ڕۆحی ڕاستەوخۆ نەخۆشیت لەكۆڵ ناكاتەوە، بەڵام
هەندێ كێشەی تەندروستیت لێ دووردەخاتەوە و
هەستكردنت بەخۆشبەختی دەداتێ و یارمەتیت
دەدات، تا لەگەڵ فشاری دەروونی و نەخۆشیی
جەستەیی و ترسان لەمردندا ئاسانتر هەڵبكەیت.
چۆن تەندروستیی ڕۆحیم بپارێزم؟
*بەدوای ئەو شتەی ژیانتدا بگەڕێ، كە هەست
دەكەی ئەو دەتوانێ ئاسودەیی ناخ و ئاشتیی
ناوەكی و هێز و خۆشەویستی و پەیوەستبوونت
دەداتێ.
*هەمو ڕۆژێك كاتێك تەرخان بكە بۆ پیادەكردنی
پرسێك یان زیاتری ڕۆحی، وەك نوێژكردن و
عیبادەت، یۆگاكردن، پیاسەیەكی ئارام
لەسروشتێكی پاكدا، خۆبەخشیی لەكارێكی خێرخوازی
یان خزمەتگوزاریی مەدەنیدا، تەرخانكردنی
كاتێكی ئارام بۆ بیركردنەوە یان بەشداری
لەڕێوڕەسم یان كارێكی خزمەتگوزاریی ئایینی،
یاخود گوتنی گۆرانیی بۆ خۆت و ...
|