ڤاكسینی دژی شیرپەنجەی پرۆستات  

 

شیرپەنجەی پرۆستات لەشیرپەنجە بڵاوەكانی پیاوانە و لەزۆرێك لەحاڵەتەكاندا بەهۆی ئەوەی كە نیشانەیەكی ئەوتۆی نییە، تا دەگاتە قۆناغێكی ترسناك دەستنیشان ناكرێت و دەبێتەهۆی گیانلەدەستدانی كەسی تووشبوو. چارەسەرەكانی پێشوو بریتی بوون لەنەشتەرگەری یان تیشك بۆ ئەوانەی پێش بڵاوبوونەوەی شیرپەنجەكە و بۆ ئێسقان و بەشەكانی تری لەش حاڵەتەكەیان دەستنیشان دەكرا و ئێستاش لەسەربێ تەنیا ئەم دووانە دەكرێ نەخۆش بە تەواوی ڕزگار بكەن لەو شیرپەنجەیە. بەڵام بۆ ئەوانەی كە شیرپەنجەكەیان بۆ بەشەكانی تری لەش بڵاوبۆتەوە، نەشتەرگەری بێسوود دەبوو، بۆیە چارەسەری كیمیایی دەدرا. هەفتەی ڕابردوو بەشی تەندروستی لەڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز بڵاوی كردۆتەوە، كە دەزگای خۆراك و دەرمانی ئەمریكی دانی ناوە بەچارەسەرییەكی نوێی كۆمپانیای داندریۆندا، بەناوی پرۆڤینج بۆ چارەسەری شیرپەنجەی پرۆستات. چارەسەرییە نوێیەكە بۆ ئەو كەسانەیە، شیرپەنجەكەیان بڵاوبۆتەوە بەلەشیاندا و تازە سوود لەنەشتەرگەری نابینن. ئەو چارەسەرییە نوێیە بەرگری لەش لەدژی شیرپەنجەكە زیاد دەكات و وادەكات كۆئەندامی بەرگری هێرش بكاتە سەر شیرپەنجەكە و گەشەی هێواش بكاتەوە. بەپێی زانیارییەكانی نیویۆرك تایمز دەرمانە نوێیەكە لەسەر 512 تووشبووی شیرپەنجەی پرۆستات تاقیكراوەتەوە و دەركەوتووە، بەبەراورد بەچارەسەرییەكانی پێشوو (كیمیایی و هۆرمۆنی) هەم زیانی لابەلای كەمترە و هەم وا دەكات تووشبووان 4 مانگ زیاتر بژین، لەوانەی ئەم چارەسەرییە نوێیە بەكارناهێنن. ئەوانەی ئەو چارەسەرییە بەكاردێنن 32% یان لانیكەم دەگەنە 3 ساڵی دوای دەستپێكردنی چارەسەرییەكە، بەبەراورد بە 23%ـی ئەوانەی بەكاری ناهێنن.

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com