دەتـــوانی وابــكەیــت توشی قەبزیی نەبیت  

 

قەبزیی حاڵەتێكی بەربڵاوە، كەم كەسێك هەیە لەیەكێك لەكاتەكانی ژیانیدا توشی قەبزی نەهاتبێ. ئێستا 2%ی خەڵكی ئەمەریكا قەبزن، لەهەموو چینە كۆمەڵایەتییەكاندا هەیە، بەڵام لەئافرەت و بەتەمەنەكاندا بڵاوترە.
پێناسە و نیشانەكان:
ئەو كەسەی قەبزە هەست بە یەكێ یان زیاتری ئەمانە دەكات:
* بەگرانی پیساییكردن
* درەنگ درەنگ پیساییكردن
*هەستنەكردن بە خاڵیبونەوە دوای پیسایی كردن
*رەقبوونی پیسایی
*هەڵاوسانی سك
*هەندێ جار سكئێشە و ڕشانەوەش.
دەبێ ڕۆژانە چەند جار پیسایی بكەم؟
لەڕاستیدا ئەمە جیاوازییەكی زۆری هەیە لەكەسێكەوە بۆ كەسێكی تر، لەوانەیە هەندێك كەس هەبن ڕۆژانە سێ جار پیسایی بكەن، كەچی هەندێكی تر لەهەفتەیەكدا سێ جار یان تەنانەت دوو جاریش دابنیشن و هەردووكیشیان بەئاسایی دادەنرێن ئەگەر پێشتریش وا بووبن. بۆیە قەبزیی بە بەراوردكردنی تۆ بەكەسێكی تر دیاری ناكرێ، بەڵكو بەبەراوردكردنی ئێستای خۆت بەڕابردوی خۆت دیاری دەكرێت.
هۆیەكانی:
1. كەم خواردنەوەی شلەمەنی، بەتایبەتی ئاو.
2. كەم خواردنی ڕیشاڵە خۆراكییەكان.
3. وەرزش نەكردن.
4. زیاد لە پێویست بەكارهێنانی شیر و بەرهەمەكانی.
5. حاڵەتە دەرونییەكانی، وەك: فشاری دەرونی، خەمۆكی و ...
6. پیسایی نەكردن لەو كاتەی پیساییت دێت و دواخستنی.
7. زۆر بەكارهێنانی دەرمانەكانی دژەقەبزی.
8. هەندێ حەب و دەرمانی پزیشكی، وەك: ئارامكەرەوەكان و دژە ئازارە بەهێزەكان و ئەلەمنیۆم و كالیسیۆم و ماددەی ئاسن و حەبی دژەخەمۆكی و...
9. كۆنیشانەی وروژانی ڕیخۆڵەكان (تهیج القولون).
10. سكپڕی.
11. ناتەواوی دەمارەكان وەك نەخۆشیی پاركینسن.
دەستنیشانكردن:
لەزۆربەی هەرە زۆری توشبواندا پێویست بە پشكنینی پزیشكیی ئاڵۆز ناكات، چونكە زۆرینەی توشبوان هیچ نەخۆشییەكی ئەندامییان نییە، بەڵام ئەگەر دكتۆر گومانی هەبوونی هەندێ حاڵەتی یەكەمیی یان مەترسیداری پشت هۆكاری توشبوونەكەی كرد، ئەوا داوای هەندێ شیكاری دەكات، وەك:
- بەكارهێنانی مادەی باریۆم و پاشان وێنەگرتنی ڕیخۆڵەكان بە تیشكی سینی.
- هەناوبینی (نازوری) ڕیخۆڵە.
- شیكاری هۆرمۆنەكان لە خوێندا.
رێگاگرتن لە توشبوون:
- هەر كاتێك پیساییت هات رێگریی لێمەكە و بڕۆ توالێت.
- رۆژانە لە 8 پەرداخ كەمتر ئاو مەخۆرەوە.
- ئەو خۆراكانە زۆر بخۆ كە ڕیشاڵیان تێدایە (سەوزە، میوەی نوێ و وشككراوە، پاقلەمەنی، دانەوێڵە).
- شیرینی دەستكرد و كەرە و خواردنی لە قوتونراو كەم بخۆ.
- وەرزش بكە بە ڕۆتینێكی ڕۆژانە.
- دوور بكەوەرەوە لەو دەرمانانەی جوڵەی ڕیخۆڵەكان زیاد دەكەن و بە مەبەستی چارەسەری قەبزی درێژخایەن دەدرێن. بەڵام ئەو جۆرانەی بە میكانیزمی تۆپەڵكردنی پیسایی و گلدانەوەی ئاو تێیدا كار دەكەن، دەتوانی ڕۆژانە بەكاریان بێنی، لەنمونەی ئەمانە: oat bran، psyllium (Metamucil)، polycarbophil (FiberCon) and methylcellulose (Citrucel).
هێڵە سورەكان:
لەم حاڵەتانەی خوارەوەدا سەردانی پزیشك بكە:
1. ئەگەر قەبزییەكەت حاڵەتێكی نوێ بوو (واتە بە بەراورد بە ڕابردوت ئێستا قەبزیت) و دوای جێبەجێكردنی ئەو ئامۆژگارییانەی ئاماژەمان پێكردن بۆ ماوەی دوو هەفتە قەبزیت بەردەوام بوو.
2. لەگەڵ قەبزیتدا، پیساییەكەت خوێنی تێدابوو.
3. دابەزینی كێش بێ ڕێجیم كردن هاوڕێ لەگەڵ قەبزیدا.
4. ئازاری زۆر لەكاتی پیساییكردندا.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com