|
مێژوو:
سورێژە، لاوازكەری سوپای ڕۆم، ساڵی 1529 دوو
لە سێی خەڵكی كوبای كوشت، دوو ساڵ دوای ئەوەش
نیوەی خەڵكی هندۆراسی كوشت و لە 1875 سێ یەكی
خەڵكی فیجی لەناوبرد و لە 150 ساڵی ڕابردوشدا
لەسەر ئاستی جیهان 200 ملیۆن مرۆڤی كوشتووە و
چەندەها یادەوەری تاڵی لەمێژوی مرۆڤایەتیدا
بەجێ هێشتوە و ئەگەر هەڵمەتەكانی كوتان
نەبوایە، مرۆڤی ئێستا لەو مرۆڤانەی مێژوو
بەختەوەرتر نەدەبوون لەهەمبەر سورێژەدا. یەكەم
كەس كە بەشێوەیەكی زانستی ئەم نەخۆشییەی دیاری
كرد، پزیشكی موسڵمانی فارس محەمەدی كوڕی
زەكەریای ڕازییە لەكتێبێكدا بەناوی "كتاب
الجدری والحصبە".
پێناسە و گواستنەوە
نەخۆشییەكی ڤایرۆسییە، توشی كۆئەندامی هەناسە
دەبێت و لەڕێگەی هەناسەوە بۆ كەسێكی تر
دەگوازرێتەوە (بەركەوتنی شلەی دەم و لوتی كەسی
توشبوو بەكەسێكی ئاسایی). 90% ی ئەو كەسانەی
لەگەڵ كەسی توشبوودا دەژین، توش دەبن ئەگەر
نەكوترابن یان پێشتر توش نەبووبن. كەسی توشبوو
2-4 ڕۆژ بەر لە دەركەوتنی پەڵە سورەكان و 2-5
ڕۆژ دوای نەمانیان نەخۆشییەكە دەگوازێتەوە.
نیشانەكان
لانیكەم 4 ڕۆژ (تا) كە لەوانەیە بگاتە 40
نمرەی سیلیزی لەگەڵ یەكێ یان زیاتر لە (كۆكە،
ئاو لە لوت هاتن، سوربوونەوەی چاو). دوای چەند
ڕۆژێك لە تا، پەڵەی بەرزەوەبووی سور لەسەر
پێست دەردەكەون، كە لە دەم و چاوەوە دەست
پێدەكەن و دواتر هەموو لەش دەگرنەوە و پێدەچێ
خورانیان لەگەڵدا بێت.
ئاڵۆزكارییەكان:
نزیكەی 15%ی توشبوان توشی ئاڵۆزكاریی دەبن كە
لەوانەیە سكچونێكی سادەبێت، لەوانەشە كەڕ بوون
و كوێربوونی هەمیشەیی و تەنانەت مردنیشی
لێبكەوێتەوە بەتایبەت لە پێگەیشتوان و
بەدخۆراكەكان و ئەوانەی بەرگرییان لاوازە.
ئاڵۆزكارییە بڵاوەكان بەڕیز بریتین لە:
هەوكردنی بۆرییەكانی هەوا و سییەكان، هەوكردنی
گوێی ناوەڕاست، هەوكردنی پەردەكانی دەماخ،
هەوكردنی توندی شانەكانی چاو.
لەوڵاتە پێشكەوتوەكاندا 3 لە هەزاری توشبوان
دەمرن، بەڵام لەو وڵاتانەی ڕێژەی بەدخۆراكی
بەرزە و هوشیاری تەندروستی لاوازە ڕێژەی مردن
پێدەچێ بگاتە 28% و لە توشبوانی ئایدزیشدا
ڕێژەی مردن 30%ە.
دەستنیشانكردن:
رونكردنەوەی نیشانەكان پزیشك دەگەیەنێتە
دەستنیشانكردنی حاڵەتەكە، ئەگەر گومانی هەبوو
دكتۆر شیكاریی خوێن یان لیكی كەسی توشبوو
دەكات بەمەبەستی بەدواداگەڕانی دژەتەنی
سورێژە.
ڕێگاگرتن لە توشبوون:
كوتانی منداڵان لەدژی سورێژە بەرگرییان دەداتێ
لەدژی نەخۆشییەكە. بەداخەوە بەهۆی ساڵانی
گەمارۆی ئابوریەوە ڕێژەیەكی بەرچاوی خەڵكی
ئێراق و لەناویاندا خەڵكی كوردستان كوتانی
تەواویان لەدژی سورێژە بۆ نەكراوە.
چارەسەر:
چارەسەرییەكی ئەوتۆمان نییە لەدژی ڤایرۆسە
توشكەرەكە. بەڵام پاراسیتۆڵ و پرۆفین دەدەین
بە مەبەستی دابەزاندنی تا و بەگوێرەی
ئاڵۆزكارییەكانی حاڵەتەكە لە هەر توشبویەكدا
ڕێوشوێنی جیاواز دەگرینە بەر.
بەربڵاوی
لەساڵی 1999 بەهۆی سورێژەوە لەسەر ئاستی جیهان
873000 كەس مردن، دواتر هەڵمەتی كوتان لەسەر
ئاستی جیهان دەستی پێكردەوە و ئەمەش وای كرد
لەساڵی 2005 ڕێژەی مردن بەهۆی سورێژەوە
داببەزێنرێت بۆ 345000 كەس و لە 2008 دا
ڕێژەكە زیاتر دابەزێنرا بۆ 164000 مردو لەسەر
ئاستی جیهان.
|