ورگی گەورە، هاوڕێی مێشكی بچوكە!  

 

 

20ی ئەم مانگە سایتی وێبمێدیسن و سایتی هێڵدەی نیوز ئەنجامی لێكۆڵینەوەیەكی نوێیان بڵاوكردەوە كە دەیسەلمێنێ ئەوانەی قەڵەون و ورگیان گەورەیە، ئەگەری تووشبونیان بە پوكانەوەی مێشك و خەڵەفان لە كۆتاییەكانی تەمەندا زیاتر دەكات.
خەڵەفان حاڵەتێكە كە تێیدا ئاستی توانا عەقڵی و هزرییەكانی مرۆڤ دادەبەزن و سەرەنجام توانای دەربڕین و بڕیاردان و بیركردنەوە و یادەوەری لاواز دەبن.
لێكۆڵینەوەكە لە ویلایەتی بۆستنی ئەمەریكا لەلایەن سودا سیشاری، خاوەن بڕوانامەی دكتۆرا و هەمانكات یاریدەدەری پرۆفیسۆر لە بواری مێشك و دەمارەكان لە زانكۆی بۆستنی پزیشكی لەسەر 730 ژن و پیاو ئەنجامدرا بە دیراسەیەكی وردی كێش و پێوانەی كەمەر و سیتی سكانی ورگ و ئێمئاڕئای مێشكی بەشدار بوانەوە، دوای تەواوبونی لێكۆڵینەوەكە ئەو خاتونە پسپۆڕە وتی "هەتا چەوری ناوەوەی ورگ زیاتر بكات، قەبارەی مێشك بچوكتر دەبێتەوە. هەتا قەبارەی مێشكیش بچوكتر ببێتەوە، توانا ئەقڵییەكان لاواز دەبن و خەڵەفان نزیكتر دەبێتەوە".
ئەو پسپۆڕە بۆی ڕوون بوەوە مەترسیدارترین چەوری، چەوری ناو ورگە و پێدەچێ ئەو چەورییە لە ڕێگەی دەردانی هەندێ ماددەی كیمیاییەوە ئەو كارەساتانە بەسەر مێشكدا بهێنێ.
خاتونەكە وتیشی "ئەگەر هاوكۆلكەی بارستایی لەشتان 30 و زیاتر بێ، ئەوا ئەگەری ئەوەی بڕێكی زۆری چەوری ناو ورگتان هەبێ 99% ە و ئەگەری پوكانەوەی مێشكتان زۆرە، خۆ ئەگەر پیاو بیت و كەمەرت لە 101 سم زیاتر بێت، یان ئافرەت بیت و كەمەرت لە 89سم زیاتر بێت ئەوە ئەگەری توشبونت بە كەمبونەوەی توانی ئەقڵی و خەڵەفان زۆر زیاتر دەكات"
تێبینی:
هاوكۆلكەی بارستایی لەش=بارستایی جەستە بە كگم دابەشی بەرزیی باڵا بە مەتر دوجا

 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com