|
هەر
لە ساڵی 1993 وە لێكۆڵینەوەكان ئاماژەیان بە
سودەكانی خواردنی چەرەسە جیاوازەكان (گوێز،
بادەم، ناوكە چوالە، فستق و ....) كردبوو بۆ
نەخۆشییەكانی دڵ و فشاری خوێن و ساڵی 2003 ش
دەزگای خۆراك و دەرمانی ئەمەریكی (FDA) ئەوەی
پشتڕاست كردبوەوە. بەڵام ئەوەی بە وردی
كاریگەری ئەرێنی خواردنی چەرەسی لەسەر چەورییە
جیاوازەكانی خوێنی مرۆڤ (كۆلیسترۆلی زیانبەخش
و ترایگلیسراید) دەرخست ئەو لێكۆڵینەوەیە بوو
كە 10ی ئەم مانگە لە كالیفۆرنیای ویلایەتە
یەكگرتوەكان هاتە ئەنجامدان.
دەبێ بڵێین ئەو چەورییەی لە بادەم و
چەرەسەكاندا هەیە چەوریی ناتێرە و بۆ لەش سود
بەخشە بە پێچەوانەی چەورییە تێرەكان، جگە لەمە
بادەم و چەرەسە جیاوازەكان سەرچاوەی باشی
پرۆتین و ڕیشاڵە خۆراكییەكانن.
لێكۆڵینەوەكە لەسەر 583 ژن و پیاو ئەنجامدرا و
دوای خواردنی 25 ژەم چەرەس (هەر ژەمە و سێ
یەكی پەرداخێك لە چەرەس لە ڕۆژێكدا) دەركەوت
ڕێژەی كۆلیسترۆلی زیانبەخش (LDL) بە بڕی 7،4%
و ڕێژەی ترایگلیسرایدیان بە ڕاددەی 10،3%
دابەزیبو. بۆیە پسپۆڕان ئامۆژگاریتان دەكەن
ڕۆژانە چەرەس بخەنە ڕێجیمی خۆراكتانەوە تا
بەشداری لە ڕێكخستنی چەورییەكانتاندا بكات و
سەرەنجام ئەگەری توشبونتان بە نەخۆشییەكانی دڵ
و فشاری خوێن كەم بكاتەوە. بەڵام لە هەمان
دەمدا داواتان لێدەكەن زیادەڕەوی نەكەن لە
خواردنیدا، چونكە ئەمیش سەرچاوەیەكی وزەیە و
ئەگەر بە ڕادەی ئەو وزەیەی لەمەوە وەریدەگرن
كالۆری ژەمەكانتان كەمنەكەنەوە ئەوا مەترسی
قەڵەوبوونتان دەبێت.
ئەم تێبینییە بۆ میوەكان و ماسیش ڕاستە، واتە
لەگەڵ ئەوەی میوە سودێكی بێشوماری هەیە بۆ
تەندروستی لەش، دەبێ لەكاتی خواردنیاندا حساب
بۆ ئەو شەكر و وزەیەش بكەن كە لە میوەوە وەری
دەگرن. هەروەها ماسیش، لەگەڵ ئەو سودە زۆرانەی
هەیەتی، ئافرەتانی خوار تەمەن 45 ساڵ نابێ لە
هەفتەیەكدا لە دوو ژەم زیاتر و پیاوان و ئەو
ژنانەش كە لە تەمەنی منداڵبوندا نەماون، نابێ
لە سێ ژەم زیاتری لێبخۆن، بەهۆی هەبوونی
ماددەی جیوە و ماددە قورسە زیانبەخشەكانی تریش
تێیدا.
|