|
دیارە
مەبەست لەوەرزشكردن بەهێزكردنی ماسولكە و
لەدەستدانی چەوری زیادەی لەشە، هەتا
ماسولكەكان بەهێز و گەورەتر بن، وزە زیاتر
بەكاردەهێنرێت و كەمتر لەشێوەی چەوریدا خەزن
دەكرێت. زانكۆی ماك ماستەری كەنەدایی
سەرپەرشتی لێكۆڵینەوەیەكی كرد، كە تێیدا
سەرپەرشتیی و چاودێری دوو گروپ لەژنانیان
دەكرد، كە هەمان جۆر وەرزشیان دەكرد و دوو
كاتژمێر پێش وەرزشكردن هیچ شتێكیان نەدەخوارد
جگە لەئاو، بەڵام دوای وەرزشەكە گروپێكیان دوو
پەرداخی گەورە (هەر پەرداخەی 250 میللیلیتر)
شیریان دەخواردەوە و گروپەكەی تر هەمان قەبارە
خواردنەوە وزەبەخشە وەرزشییەكانیان دەخواردەوە
كە شەكری دەستكردیان تێدایە. دوای سێ مانگ
لەچاودێری زانایان بۆیان دەركەوت، ئەو گروپەی
شیریان دەخواردەوە ماسولكەیان گەورە و بەهێزتر
و چەوری لەشیان كەمتر بوو كێشیان زیادی
نەكردبوو، بەپێچەوانەی گروپەكەی تر. پسپۆڕان
وا شرۆڤەی زیادنەكردنی كێشی شیرخۆرەكانیان
كرد، كە ئەمە بەهۆی ئەوەوە بووە كە ئەوان
لەلایەكەوە كێشیان بەهۆی گەورەبوون و
بەهێزبوونی ماسولكەكانیانەوە زیادی كردوە،
بەڵام لەلایەكی ترەوە بەهۆی لەدەستدانی
چەورییەوە كێشیان ڕێك بۆتەوە. ئەنجامدەرانی
لێكۆڵینەوەكان دەڵێن ئەم كاریگەرییە ئەرێنییەی
خواردنەوەی شیر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە شیر
سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندی كالیسیۆم و پرۆتین و
ڤیتامین (دی)یە.
ئەو زانكۆیەی هەستاوە بەم لێكۆڵینەوەیە،
لەڕیزی 100 باشترین زانكۆكانی جیهانە و پشت بە
داتاو لێكۆڵینەوەكانیان دەبەسترێ. ئەنجامی ئەم
لێكۆڵینەوەیەیان لەسەر سایتی مێدیكاڵ نیوز
تودەی لە 28ی ئایاری 2010 بڵاوبوەوە و بڕیارە
لە ژمارەی مانگی حوزەیرانی گۆڤاری Medicine
and Science in Sport and Exercise دا
بڵاوببێتەوە.
|