|
ئەگەر
تەماشای تیڤی یان كاتالۆگ و بەرگی كرێمەكانی
دژەخۆر بكەین، ئینتیباعێكی وامان دەدەنێ كە
ئەگەر ئەو كرێمانە لەپێستمان بدەین، ئیتر
بۆمان هەیە بێ ترسان لە مەترسییەكانی هەتاو بە
ئازادی لەدەرەوەی ماڵ بسوڕێینەوە، بەڵام
لێكۆڵینەوەی رێكخراوی EWG ی ئەمەریكی كە
ئەنجامەكەی لە 27ی ئایاری 2010 لە سایتی
مێدیكاڵ نیوز تودەی بڵاوبوەوە، دەری دەخا كە
تەنیا 8 جۆر لە500 جۆری ئەو كرێمانەی
لەئەمەریكا هەن "تاڕادەیەك باش"ن و هیچ
جۆرێكیشیان هێندەی جلوبەرگ (شێرت و كراسی
قۆڵدرێژ، تەنورە و پانتۆڵی درێژ، شەپقە یان
لەچك) كارا نین، لە ڕێگاگرتن لەزیانەكانی
تیشكی خۆردا.
لێكۆڵەران دەڵێن زۆربەی كرێمەكان بەرگرییەكی
ئەوتۆ لەو جۆرە تیشكە ناكەن، كە پێست پیر
دەكات و توشی شێرپەنجەی دەكات، بەڵكو تەنها
بەشێكی ئەو جۆرە بلۆك دەكات، كە پێست
دەسوتێنێتەوە. زاناكان هەروەها هۆشدارییان
دایە، هەموو لایەك كە ئەو SPFەی بانگەشەی بۆ
دەكرێ گوایە 100 یان تەنانەت 45 یشە، بەو
ڕادەیە نییە و كۆمپانیاكان زیادەڕەوی تێدا
دەكەن. جگە لەمە، پسپۆڕەكانی ئەو ڕێكخراوەیە
تەئكیدیان كردەوە كە ئەو سودە سنوردارەی
كرێمەكانی دژەخۆر بەدی دەهێنن، كاتێك دەبێت
بڕێكی ئێجگار زۆری كرێمەكە بدرێت لە پێست و
بەپێی زانیاری تیمەكە وڵاتیانی ئاسایی
ئەمەریكی تەنها چواریەكی بڕی پێویستی كرێمەكە
لەپێستیان دەدەن. بەدەر لەدژە خۆرەكە،
كۆمپانیاكان هەندێ ماددەی تر تێكەڵی كرێمەكە
دەكەن، گوایە "پێست گەنج دەكاتەوە" وەكو
ڤیتامین A، لەم بارەیەوە تیمەكە ئاگاداری
هاوڵاتیانی ویلایەتە یەكگرتوەكانیان كردەوە،
پسپۆڕانی دەزگای خۆراك و دەرمانی ئەمەریكی FDA
ترسیان هەیە لەوەی بەكارهێنانی ڤیتامین ئەی بۆ
پێست لەبەر هەتاودا ئەگەری توشبوون بە
شێرپەنجەی پێست زیاتر دەكات، بۆیە داوایان كرد
هەتا ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی FDA تەواو دەبن،
هیچ كەسێك ئەو جۆرانە بەكارنەهێنێت كە ڤیتامین
(ئەی)یان تێدایە. تیمەكە دەڵێن جگە لەمە
كۆمپانیاكان ماددەی ئۆكسی بێنزۆن دەكەنە
كرێمەكان، لێكۆڵینەوەكانی سەنتەری رێگاگرتن
لەنەخۆشییەكان لەئەمەریكا CDC ئاماژە دەكەن
ئەم ماددە زیانبەخشە لەڕێگەی پێستەوە دزە
دەكاتە ناو خوێنی 97%ی بەكارهێنەران، دەبێ
بڵێین ئەم كرێمە كار لەباڵانسی هۆرمۆنیی
دەكات.
تیمەكە دەڵێ جگە لەكرێمی دژەخۆر،
لێكۆڵینەوەیان لەسەر 1400 جۆر كرێم و لۆشن و
سپرای جۆراوجۆری جوانكاری و شێداركردنی پێست و
جوانكاری لێو و پێیست كردوە و لەوانە تەنیا 32
جۆریان پلەی "تاڕادەیەك سەلامەت" یان
وەرگرتوە.
ماوەتەوە بڵێن ئەمە لەئەمەریكا و لەژێر ئەو
هەمو سانسۆرەی كوالیتی كۆنترۆلدا جۆرێتی و
سەلامەتیی كرێمەكان بەو جۆرەیە، تۆ بڵێی
لەكوردستان چی بگوزەرێ!
|