|

ئەگەر پێشتر ناوی ئەم نەخۆشیەتان نەبیستبێت،
ئەوا دوای سەیركردنی زنجیرەی گەوهەری كۆشك
بیستوتانە كاتێك جۆنگومای پەرستار و
پزیشكەكانی كۆشك دەڵێن كە پاشایان توشی ئەو
نەخۆشییە هاتوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە، ساڵی
1924 دكتۆری تورك هولوسی بەهجەت، دكتۆری پێست،
بۆ یەكەمجار ئەم نەخۆشییەی دەستنیشان كردوە و
هەر بەناوی خۆشییەوە ئەم ناوەی لێ نا، كەچی
ئەو زنجیرەیە باسی چەندین سەدە لەمەوپێش دەكا
و ئاماژە بەو ناوە نوێیەش دەكات.
ناساندن:
كۆئەندامی بەرگری ئێمە لەكاتی ئاساییدا
دژایەتی نەخۆشییەكان دەكا و دەمانپارێزێ،
بەڵام لەم بارەدا بەرگری لەش هێرش دەكاتە سەر
خودی جەستە، بەتایبەت بۆریچكەكانی پێست و
ئەمەش برینی جۆراوجۆری لێدەكەوێتەوە، بەتایبەت
لە دەم و ئەندامی زاوزێدا. هاتنی برین لەو
شوێنانەدا زۆر جار توشبوان بە هەڵەدا دەبات و
وادەزانن بەهۆی سێكسەوە نەخۆشییەكەیان بۆ
گواستراوەتەوە، بەڵام لەڕاستیدا وا نییە.
زۆر جار بەر لە سەرهەڵدانی نیشانەكان، كەسی
توشبوو توشی حاڵەتێكی ڤایرۆسی دەبێت و پێدەچێت
ئەو ڕێگا خۆشكەر بووبێت. بەڵام فاكتەری
بۆماوەش رێگا خۆش دەكات.
نیشانەكانی:
* برینی بە ئازاری دەم: كە وا دەكات كەسی
توشبوو بە گرانی خواردن بخوات.
* برینی بە ئازاری ئەندامی زاوزێ.
* برینی چاو
* هەوكردنی جومگەكان
* لەحاڵەتە گرانەكاندا مێشك و دەمارەكانیش توش
دەكا و بەمجۆرە كار لە توانای ڕاگرتنی باڵانسی
لەش و قسەكردن و یادەوەریش دەكات.
* نیشانەكان دێن و دەچن: نۆبەی توندی ماوە
ماوە دێن و دواتر قۆناغێكی چاكبوونەوە دێت،
بەر لەهاتنەوەی نۆبەیەكی نوێ. پێدەچێت دوای
چەند ساڵێك لەبێدەنگی، حاڵەتەكە دیسان
بگەڕێتەوە.
كێ زیاتر توش دەبێت؟
هەموو كەس و لەهەموو تەمەن و لە هەردوو
ڕەگەزەكەدا ئەگەری توشبوونی هەیە. لە ئەمەریكا
و ئەوروپا ژنان زیاتر توش دەبن، كەچی
لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست پیاوان زیاتر توش دەبن.
دەستنیشانكردن:
رێگایەكی دیاریكراومان نییە، نەخۆشییەكەی پێ
دەستنیشان بكەین، جگە لەپرسیاركردن لە
نیشانەكان و پشكنینی سەرجێگا.
چارەسەر:
چارەسەرییەكی یەكجاریمان بۆ ئەم حاڵەتە نییە،
بەڵام بە دەرمانەكانی دژە ئیلتیهاب و
كۆنتڕۆلكردنی بەرگری لەش، دەتوانین تاڕادەیەكی
باش ڕێگە لە توندیی نۆبەكانی نیشانە
بێزاركەرەكان بگرین.
جۆری چارەسەرییەكەش بەپێی توندی حاڵەتەكە
دەگۆڕێـت.
|