زۆر تەماشاكردنی تەلەڤزیۆن تـــوشی خەمۆكیتـــان دەكــــات  

 

 

دوای لێكۆڵینەوە لەسەر 3920 كەسی پێگەیشتوو، پسپۆڕان لەبەریتانیا بۆیان دەركەوت تەماشاكردنی تەلەفزیۆن، زیاتر لە دوو سەعات لەڕۆژێكدا ئەگەری توشبوون بە حاڵەتە دەروونییەكانی وەك خەمۆكی و راڕایی زیاتر دەكات.
لێكۆڵەران بۆ بەدواداچوونی هۆكارەكانی توشبوونی بەریتانییەكان بە خەمۆكی چەند لایەنێكیان لەبەرچاو گرتبوو، وەك: تەمەڵی و نەجوڵانی درێژخایەن بۆماوەی 2 سەعات و زیاتر بەهۆی تەماشاكردنی تیڤییەوە، قەڵەوی، نەخۆشیی گشتیی لەش، جگەرەكێشان، خواردنەوەی كحولی و نەخواردنی سەوزە و میوە.
دوای دیراسەكردنی ئەنجامەكان، تەماشاكردنی تەلەفزیۆن بۆماوەی 2 سەعات و زیاتر پشكێكی بەرچاوی بەركەوت، بەوەی زیاتر لە 70%ی بەشداربوان بەو هۆیەوە توشی حاڵەتە دەروونییەی نائاساییەكان ببوون. ئەوە تەواو روون نییە، كە ئایا هۆكارە نەرێنییەكانی زۆر تەماشاكردنی تیڤی هەر بەهۆی ئەوەوەیە، كە وامان لێدەكات كەم بجوڵێین، یاخود فاكتەری تریشی لەپشتە. دەبێ بڵێین پێشتر كاریگەریی نەرێنی زۆر تەماشاكردنی تەلەفزیۆن بۆسەر هەستكردنی مرۆڤ بە بەختەوەری روونكرابووەوە، بەڵام ئەمە یەكەمجارە پەیوەندی راستەوخۆی نێوان زۆر تەماشاكردنی تیڤی و توشبوون بە خەمۆكی دەخرێتە روو.
جگە لەكاریگەرییە دەروونییەكان، زۆر تەماشاكردنی تیڤی گەلێ كاریگەریی نەرێنی جەستەییشی هەیە، ئەمانەی خوارەوە هەندێكن لەكاریگەرییە نەرێنییە سەلمێنراوەكان:
*دەبێتە هۆی قەڵەوی:
پار لێكۆڵینەوەیەك سەلماندی كە تەماشاكردنی تیڤی بۆ ماوەی سێ سەعات لەڕۆژێكدا ئەگەری قەڵەوبوون زیاد دەكات و كەمكردنەوەی ماوەكە بۆ 2 سەعات و كەمتر كێش دادەبەزێنێ.
* كار لەئاكارە ڕەوشتییەكانی هەرزەكاران دەكات:
بەشی تەندروستی سایتی یاهوی نێودەوڵەتی دەڵێ بەهۆی تەماشاكردنی ئەو دیمەنانەی دەبنەهۆی وروژاندنی سێكسی، ئەو هەرزەكارانەی زۆر خودەدەنە سەیركردنی تیڤی ئەگەری لادانی سێكسی (سێكسكردن لە دەرەوەی چوارچێوەی خێزان)یان زیاترە.
* گەشەی كۆرپە دوادەخات:
بەهۆی سەرگەرمیی بە تەماشاكردنی تیڤییەوە، دایك و باوك بواری قسەكردن و هەڵسوكەوت لەگەڵ كۆرپەكەیان كەمترە و ئەمەش پرۆسەی فێربوونی زمان و تواناكانی تری كۆرپە دوا دەخات.
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com