تكایە وریای ئاوی بیـــرەكــــانتـــان بن  

 

 

لێكۆڵینەوەیەكی زانكۆی پزیشكیی شیكاگۆ لەسەر هاوڵاتیانی بەنگلادیش كە لەسایتی مێدیكاڵ نیوز تودەی دا بڵاوبۆتەوە، زەنگی خەتەر دەداتە ئەوانەی بێ پشكنینی پزیشكیی ئاوی بیرەكانیان بۆ خواردنەوە بەكار دەهێنن. ئەو زانكۆیە لێكۆڵینەوەیەكی زەبەلاحی ئەنجامدا، كە 2 ساڵی خایاند و تێیدا بەدواداچون لەسەر 2000 هاوڵاتی بەنگلادیشی كرا و تیمی لێكۆڵینەوەكەش لە 100 كەس پێكهاتبوو. ئەو هاوڵاتییانەی بەنگلادیش ئاوی بیریان وەك سەرچاوەی خواردنەوە بەكاردەهێنا، بەو هیوایەی لەنەخۆشییە بەكتریایی و ڤایرۆسییەكان بەدووربن، كە لەئاوی ڕوبارەكانەوە توشی دەهاتن، كەچی لێكۆڵەرە ئەمریكییەكان شتێكی ترسناكتریان پێ گوتن: ئاوی بیرەكانتان بە ماددەی زەرنیخ پیس بووە!
ماددەی زەرنیخ لەو ماددانەیە كە بەشێوەیەكی بەرچاو ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجەكانی جگەر و پێست و گورچیلە و گەلێ جۆرە نەخۆشیی ترسناك زیاد دەكات.
دوای تەواوبونی لێكۆڵینەوەكە، زاناكان ئاشكرایان كرد، كە ئەو هاوڵاتییانەی بەڕێژەیەكی بەرز ماددەی زەرنیخ لەئاوەكەوە چوەتە جەستەیان كە دەكاتە 25%ی ئەو 77 ملیۆن هاوڵاتییە بەنگلادیشییەی ئاوی بیر بەكاردێنن، ئەگەری مردنیان 70% زیادی كردووە و ئەوانەش كە بە ڕادەیەكی كەمتر ژەهراوی بوون بە زەرنیخ دیسان لەمەترسییەكی گەورەدان، بەڵام بە ڕێژەیەكی كەمتر.
تێكڕای خەڵكەكە، هۆكاری مردنیان 21% بەهۆی زەرنیخەوەیە، 23% یشیان بەهۆی زەرنیخەوە كاتێك نەخۆشییەكی درێژخایەن دەگرن، زوتر لە خەڵكی ئاسایی دەمرن.
دەبێ بڵێین زۆر لەو بیرانە، لەلایەن حكومەتی بەنگلادیش و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە لە 1970 كانەوە لێدراون، بەڵام لێكۆڵینەوە لەسەر ئاوەكە نەكرابوو سەبارەت بە هەبوونی زەرنیخ. ئەویش چونكە مەبەستی حكومەت و ڕێكخراوەكان، ڕزگاركردنی خەڵكی بەنگلادیش بوو لەو سكچون و پەتا جۆراوجۆرانەی بەهۆی ئاوی پیسی ڕوبارەكانەوە دەگوازرانەوە. بیر لێدان لەو ڕوەوە سودی بە خەڵكەكە گەیاند، بەڵام كەمتەرخەمی هەموو لایەك وای كرد ئەو هەنگاوە زیانی گەورەتری لێبكەوێتەوە.
ئێستاش لەكوردستان، جگە لەوەی ئاماژە بە پیسبونی ئاوی بەنداوەكانی وەك دەربەندیخان دەكرێ، بە ماددەی زەرنیخ و وڵاتییانیش لێی دەخۆنەوە، تا ئێستا لێكۆڵینەوەی گەورە لەسەر بیرە حكومییەكان نەكراوە، سەبارەت بە هەبوونی زەرنیخ و ماددە قورسەكانی تر، چ جای ئەو بیرانەی هاوڵاتیان بە یاسایی و نایاسایی بە بەربڵاوی لێی دەدەن و لێی دەخۆنەوە.
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com