|
كۆلیسترۆل
لەخوێنی هەمووماندا هەیە و لە ئاستە
تەندروستەكاندا ماددەیەكی پێویستە و گرنگە بۆ
دروستكردنی چەندین هۆرمۆن، كە كاری خانەكان
ڕێكدەخەن، بەڵام كە ئاستەكەی زیاد لەپێویست
بەرزبووەوە توشی كێشەی تەندروستیمان دەكات.
بەرزیی رێژەی كۆلیسترۆل (چەوری)ی خوێن یەكێكە
لەكێشەكانی مرۆڤی سەردەم و ڕێخۆشكەرێكی
گرنگیشە بۆ توشبوون بە نەخۆشیی بۆڕییەكانی
خوێن و جەڵتەی دەماخ و دڵ.
بەپێی داتای ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی WHO
رێژەی 20%ی هۆكارەكانی جەڵتەی دەماخ و 50%ی
هۆكارەكانی جەڵتەی دڵ، پەیوەندییان بە بەرزیی
ئاستی كۆلیسترۆل و چەورییە زیانمەندەكانی
ترەوە هەیە. بەڵام ئەگەر بۆت دەركەوت ئاستی
كۆلیسترۆلەكەت بەرزە، بێئومێد مەبە، چونكە ئەم
حاڵەتە چارەسەری هەیە.
كۆلیسترۆلی بەسود و كۆلیسترۆلی زیانمەند
ئەو ڕێژەیەی ئاسایی پێت دەوترێ بریتییە لە
"كۆی گشتی" ئاستی كۆلیسترۆل و ئەم پێوانەیە
باشترە لە 180- 200 ملگم/دڵ كەمتر بێت. لە
ڕاستیدا كۆلیسترۆڵ دوو جۆرە:
* زیانمەند LDL: ئەمەیان ئەگەر ئاستی بەرز
بێت، دەبێتە هۆی رەقبوونی خوێنبەرەكان و
گیرانی بۆشاییەكانیان، كە ئەمەش هۆكاری سەرەكی
توشبونە بە نەخۆشییەكانی دڵ و مێشك و
گرگنترینیان جەڵتەی ئەو دوو ئەندامە گرنگەی
لەش. ئاستی ئەم جۆرە باشترە لە 100 ملگم/دل
كەمتر بێت.
* بەسود HDL: ئەمەیان دەنوسێ بە جۆرە
زیانمەندەكەوە و ئاستە زیانمەندەكانی لەخوێندا
لادەبات و دەیگێڕێتەوە بۆ جگەر و ئاستی ئەم
جۆرە باشترە لە 60 ملگم/دل زیاتر بێت.
*ترایگلیسراید: ئەمە كۆلیسرۆڵ نییە، بەڵام
لەئاستی بەرزدا زیانمەندە و ڕێگا خۆش دەكات بۆ
توشبوون بە ڕەقبونی خوێنبەرەكان و جەڵتەی دڵ و
دەماخ. ئاستی ئەم جۆرە باشترە لە 150 ملگم/دل
كەمتر بێت.
سەرچاوەی چەوریی خوێن
بەشێك لەو كۆلیسترۆلەی لەخوێنماندا هەیە،
لەخواردنی ڕۆژانەمانەوە دێت، بەڵام زۆربەی
زۆری لەلایەن جەستەی خۆمانەوە دێتە دروستكردن.
ئاسان وەری مەگرە
هەر 5 ساڵ جارێك چێكی ئاستی كۆلیسترۆلەكەت
بكە. كێشەكە لەوەدایە بەرزیی ئاستی كۆلیسترۆل
و چەورییەكانی تر هیچ نیشانەیەكی نییە. بۆیە
هەم خەڵكی چێكی ناكەن و هەم كە بەرزیشە،
لەبەرئەوەی هەست بە كاریگەریی ئەرێنی
دەرمانەكانی دژە چەوریی ناكەن، وەك ئەوەی لە
حەبێكی ئازار دەیكەن، بە تەنگ بەكارهێنانی
درێژماوەی ئەو دەرمانانەوە نین.
بیرتان نەچێ بەرزیی ئاستی ئەم چەورییانە لەسەر
خۆ و لەماوەی چەند ساڵ و تەنانەت دەیەیەكیشدا
كاریگەرییە نەرێنییەكانیان دەردەخەن. ئەگەر
كەسێك لە سییەكانی تەمەنیدا چەوریی بەرز بێت،
پێدەچێ لە پەنجا و شەستەكانی تەمەنیدا هەست بە
ماكە ترسناكەكانی ئەم چەورییانە بكات و
ئەوكاتیش پەشیمانی دادی نادات. بۆیە هەر
ئەوكاتەی بۆت دەركەوت ئاستی كۆلیسترۆلت بەرزە،
لە خەمی دابەزاندنیدا بە و لێمەگەڕێ بەرەو
لێواری مەرگ و كەمئەندامیت ببات.
چارەسەر:
سەرەتا بیر لەوە بكەرەوە بێ بەكارهێنانی
دەرمان و بە ڕێگەی سروشتیی چەورییەكەت
داببەزێنیت، وەك:
1-خۆراك: چەوریی ئاژەڵی لە ژەمەكانتدا كەم
بكەرەوە. لەهەمانكاتدا ماسیی چەور و گوێز و
چەرەساتەكانی تر زیاد بكە. بەڵام زیادكردنی
ماسی و چەرەسات بەخۆڕایی نا، بەڵكو ئەوەندەی
ئەو كالۆرییەی بەهۆی ئەمانەوە بە زیاد وەری
دەگریت، لە ژەمەكانتدا كەمی بكەرەوە.
2-كالۆری كەم بكەرەوە: زیاتر ڕوكردنە ئەو
خواردنانەی ڕەگەزی خۆراكیی گرنگ و كالۆری
كەمیان تێدایە. ئەمەش واتە رووكردنە
خواردەمەنییە سروشتییەكان و دووركەوتنەوە
لەخواردەمەنییە مۆدێرنە دەستكردەكان.
3-وەرزشكردن و دووركەوتنەوە لەقەڵەوی.
4-ئەگەر دوای هەموو ئەمانەش ئاستی چەوریت هەر
بەرز بوو، یان ئەگەر لەگەڵ هەبوونی بەرزیی
ئاستی چەوریدا نەخۆشییەكی درێژخایەنی وەك
شەكرەت هەبوو، دكتۆر دەرمانی دژە چەوریت
دەداتێ.
|