حەبێكی نوێی مەنع، هۆرمۆنی نێرینەشی تێدایە  

 

 

حەبی مەنعی ئێستا دوو جۆرە: یان یەك هۆرمۆنی ژنانە، یان تێكەڵكردنی دوو هۆرمۆنی ژنانە (ئیسترۆجین و پرۆجیسترۆن). تێبینی دەكرێت ئەو ئافرەتانەی حەبی مەنع بەكاردێنن، هەم ڕێژەی قەڵەوییان زیاد دەكات و هەم ئارەزووی سێكسییان كەم دەكات. بۆیە بەپێی هەواڵی سایتی مێدیكاڵ نیوز تودەی، بۆ ڕێگاگرتن لە روودانی ئەم دوو حاڵەتە نەخوازراوە، كۆمپانیای بایۆسەنات فارماسیوتیكاڵی ئەمریكی هەستاوە بە دروستكردنی حەبێكی نوێی مەنع كە لەسێ هۆرمۆنی (ئیسترۆجین و پرۆجیسترۆن و ئەندرۆجین) پێكهاتوە. ئەندرۆجین بەهۆرمۆنی نێرینە ناسراوە و بەئاستێكی كەم لە ئافرەتاندا هەیە، بەڵام ئەو ئافرەتانەی حەبە مەنعەكانی ئێستا بەكاردەهێنن، بەكاری ئەو هۆرمۆنە مێینەیەی تێیدایە، ئاستی ئەندرۆجینیان دادەبەزێ و پێدەچێ ئەمەش لەپشت پوكانەوەی ماسولكەكانیان و ساردبوونەوەی سێكسییانەوە بێت. حەبە نوێیەكە قۆناغە سەرەتاییەكانی تاقیكردنەوەی بە سەركەوتویی بڕیوە و بەتەواوبوونی قۆناغەكانی ترە، دەكەوێتە بازاڕەوە.


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com