لەبیرچــــــــــــــونەوە  

 

 

لەبیرچونەوە دەكرێ بەشێكی زانیارییەكان و هەستەكان بگرێتەوە، یان سەرجەمی زانیارییەكان و هەستەكان بخاتە مەترسی. دەشكرێ كاتی یان هەمیشەیی، كورتخایەن یان درێژخایەن بێت.
جۆرەكەشی بەپێی ئەو ناوچەیەی لە مێشكدا كاری لێكراوە دەگۆڕێت.
هۆیەكانی:
* فشاری دەروونی.
*حاڵەتە دەرونییەكانی وەك خەمۆكی و شیزۆفرینیا.
*وەك بەشێك لەپرۆسەی چوونە تەمەن: خانەكانی دەماخ وردە وردە دەمرن و ئەمەش وا دەكات ئاسان زانیاری لە مێشكدا خەزن نەكرێت و ئاسانیش نەهێنرێتەوە.
*بەركەوتنی زەبر بە مێشك.
*جەڵتەی دەماخ.
*چەند جۆرێكی فێ لێهاتن.
*هەندێ جۆری دەرمان: وەك ڤالیۆم و هاوشێوەكانی. لێكۆڵینەوە نوێیەكان ئاماژە بە ڕۆڵی نەرێنی حەبەكانی دژە چەوریش دەكەن لەم میانەیەدا.
*هەبونی وەرەم یان هەوكردن لەناو سەردا.
*بەدخۆراكی: وەك كەمی ڤیتامین بی 12 و ڕەگەزەكانی تری وەك زینك و مس و ڤیتامین سی.
* زیادەڕەویكردن لە خواردنەوە كحولییەكان.
نیشانەكانی:
لەوانەیە نیشانەكانی سادە و ساكار بن، وەك لەبیرچونەوەی ناو و بەروارەكان، یان زوو زوو هەڵەكردنی ڕێگاوبان، بەڵام لەوانەشە هێندە توند بن، كە كەسەكە كردارە ڕۆژانەكانی وەك ئوتومبێل لێخوڕینی بیر بچێتەوە.
دەستنیشانكردن:
پزیشك بەپرسیاركردنێكی ورد لە نەخۆشەكە دەست پێدەكات. پاشان پشكنینی دەرونی و دەماری دەكات. دوای ئەمانەش ئەگەر پێوبست بكات، داوای هێڵكاریی كارەبایی مێشك، یان سیتی سكان (ئەشیعەی تەنوری) مێشك، یاخود ڕەنینی موگناتیسی مێشك دەكات، بۆ دەستكەوتنی زانیاری زیاتر و گەیشتنە دەستنیشانكردنی هۆكاری لەبیرچونەوە لە كەسەكەدا.
رێگاگرتن لەتوشبوون:
1- بۆ ڕێگاگرتن لەبەركەوتنی زەبر بە مێشكت لەكاتی روودانی كارەساتی ئوتومبێلدا، هەمیشە پشتێنی سەلامەتی ببەستە و دڵنیابە لەكاركردنی ئێرباگی ئۆتۆمبێلەكەت.
2- رێگا بگرە لە روودانی جەڵتەی دەماخ: ئەویش بە كۆنترۆڵكردنی فشاری خوێن و شەكرە و قەڵەوی.
3- خۆراكت هەمەڕەنگ بكە و لەبەدخۆراكی بەدوور بە.
4- دووركەوتنەوە لەخواردنەوە ئەلكهولییەكان و زیادەڕەوینەكردن لەبەكارهێنانیاندا.
5- دووركەوتنەوە لەجگەرەكێشان.
6- وەرزشی ڕۆژانە بۆ ماوەی نیو كاتژمێر.
7- ئارامكردنەوەی دەروون و دوركەوتنەوە لەفشارە دەروونییەكان: خەوی تەواو و عیبادەت و یۆگا و مۆسیقای ئارام.
8- دروستكردنی لیست بۆ كارە ڕۆژانەكانت.
9- راهێنان بە مێشك: وەك شیكاركردنی تۆڕە وشە، شەترەنج و یارییە هاوشێوەكان.
چارەسەر:
بەپێی هۆیەكەی دەگۆڕێت. هەر لەگۆڕینی ستایلی ژیانەوە تا پێدانی چارەسەری پزیشكی و دەرمانی.


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com