سوڕی مانگانەت چیت پێدەڵێ؟  

 

 

هەر لە قۆناغی ناوەندی خوێندوتە كە سوڕی مانگانە لە ئەنجامی داماڵرانی ناوپۆشی منداڵدان دروست دەبێت.
هەرچەندە خوێنی سوڕی مانگانە بێزاركەر و هەندێ جار لەكات و شوێنی نەگونجاودا ڕودەدات، بەڵام بیرت نەچێ هەبوونی ئەو سوڕە پێت دەڵێ كە كۆئەندامی زاوزێت بە باشی كار دەكات و جیا لەمە ڕێكوپێكی ئەو سوڕە زۆر جار بە "پەنجەرەی سەلامەتی" ناو دەبرێت و نیشانەی تەندروستی ئافرەتە و پێچەوانەكەشی ڕاستە.
شتێك هەیە بەناوی "سوڕی مانگانەی ئاسایی"؟
نەخێر. چۆن كەسێتی ئافرەتێك لەیەكێكی تر جیاوازە، سوڕی مانگانەی ئافرەتێك لەیەكێكی تر جیاوازە. لەوانەیە ئەم سوڕە لەئافرەتێكدا سێ ڕۆژ بخایەنێت، كەچی لە یەكێكی تردا لە هەفتەیەك زیاتر بخایەنێت و هەردوكیشیان ئاسایین. هەمان شت بۆ بڕی خوێنەكە و نێوانی سوڕەكانیش ڕاستە. بەڵام ئەگەر هەمان ژن هەستی بە گۆڕانێكی بەرچاوی سوڕەكەی كرد لە ڕووی بڕی خوێن، ماوەی خایاندنی سوڕەكە، ماوەی نێوان سوڕەكان، ئەمەیان پێویستی بە لێكۆڵینەوەیە.
كەمبوونەوە یان وەستانی سوڕی مانگانە:
كەمبوونەوە یان وەستانی سوڕی مانگانە لەتەمەنێكەوە بۆ تەمەنێكی تر دەگۆڕێت. لەبیستەكان و سیەكانی تەمەندا دەبێ یەكەم شت بیر لە ڕودانی سكپڕی بكەینەوە، تەنانەت ئەگەر ئافرەتەكە مەنعیش بكات. بەڵام لە چل و پەنجاكانی تەمەندا زیاتر بیر لەنزیكبوونەوەی تەمەنی نائومێدی دەكەینەوە. ئەگەر تا 12 مانگ سوڕی مانگانەت نەهات، ئەوە تەمەنی نائومێدیت دەستی پێكردوە. تەمەنی ناوەندیی بۆ دەستپێكردنی تەمەنی نائومێدی بریتییە لە چونە تەمەنی 51 ساڵان. جیا لەمانە، وەرزشی زۆر توند، یان ڕێجیمی زۆر قورس سوڕی مانگانە كەم دەكەنەوە.
جگە لەم هۆیە بەربڵاوانە، هەندێ هۆی تریش دەبنە هۆی كەمبوونەوە یان نەمانی سوڕی مانگانە، وەك:
*نەخۆشیی ڕژێنی دەرەقی، یان نەخۆشی ڕژێنی ژێر دەماخ.
*نەخۆشیی هایپۆسەلەمەس (ئەو بەشەی مێشك سوڕەكە ڕێك دەخات)
*حەبی مەنع
*فشاری دەرونی
*فرەكیسی هێلكەدان
*سستبونی هێلكەدان و پەككەوتنی
*نەخۆشی منداڵدان
سوڕی مانگانەی زیاتر لە ئاسایی:
زۆربەی ئافرەتان مانگانە 2-3 كەوچكی چێشت خوێن دادەنێن لە سوڕی مانگانەدا. ئەگەر پێشتر وانەبوویت و ئێستا مانگانە زیاتر لە 5 كەوچكی چێشت خوێنت لێدەڕوا، ئەمە بە نەخۆشی دادەنرێ. بەردەوامی ئەم حاڵەتە توشی كەمخوێنیت دەكات.
هۆیە بڵاوەكانی زۆریی سوڕی مانگانە:
* گرێی مناڵدان
* لەبارچوون، یان چانرانی هێلكەی پتێنراو لە دەرەوەی مناڵدان.
* هەندێ حەب و دەرمان وەك ڕوونكەرەوەكانی خوێن و ستیرۆیدەكان.
* گۆڕینی جۆری حەبی مەنعەكەت.
* ناتوانایی لەش لە مەیاندنی خوێندا.
* شێرپەنجەی مناڵدان.
هەبونی خوێن لەنێوان سوڕەكاندا:
ئەمەیان نابێ پشتگوێ بخرێ و دەبێ دكتۆری لێ ئاگادار بكەی، زیاتر لەوانەی پێشوو.
هۆی ئەم حاڵەتە لەوانەیە سادە بێت، وەك بریندارییەك لەزێدا، لەبیركردنی خواردنی حەبی مەنعەكەت. لەوانەشە مەترسیدار بێت وەك چانرانی هێلكەی پیتێنراو لە دەرەوەی منداڵدان، یان شێرپەنجە.
ئازاری زۆر لەكاتی سوڕی مانگانەدا:
زۆربەی ژنان ئازاریان هەیە لەكاتی سوڕی مانگانەدا كە لەئەنجامی كرژبوونی مناڵدان دروست دەبێت، كاتێ دەیەوێ ناوپۆشەكەی فڕێ بدات. لە زۆربەی ئافرەتاندا ئازارەكە كەمە. لە هەندێكی تردا ئازارەكە زۆرە و هاوڕێ دەبێت لەگەڵ پشت ئێشە و سەرئێشە و سكچون و ئێڵنج و ڕشانەوە.
لە زۆربەی حاڵەتەكاندا ئازارەكە بەهۆی خودی سوڕەكەوەیە، بەڵام دوریش نییە بەهۆی نەخۆشییەكەوە بێت وەك: گرێی منداڵدان.
كەی دەچیە لای دكتۆر؟
هەر گۆڕانێك لە ڕیتمی سوڕی مانگانەدا شایانی ئەوەیە وات لێبكات سەردانی دكتۆر بكەیت. ئەگەر هەر كەمتەرخەمیشی، تكایە ئەم حاڵەتانە بە هەند وەربگرە و سەردانی دكتۆر بكە:
*پێشتر سوڕەكەت ڕێكوپێك بووە و ئێستا ناڕێكە.
*چەند سوڕێك لەسەریەك، ماوەی نێوان سوڕەكانت لە 21 ڕۆژ كەمترە یان لە 35 ڕۆژ زیاترە.
*زیاتر لەهەفتەیەك بەردەوام خوێنت هەبوو.
*12 مانگە سوڕی مانگانەت نەماوە، كەچی ئێستا دەستی پێكردۆتەوە.
*بۆ ماوەی چەند سەعاتێك، زیاتر لەسانتییەك دەخوسێنی لەكاتژمێرێكدا.
*لەنێوان سوڕەكاندا خوێنت هەیە.
*بە پێچەوانەی پێشترەوە، ئازارێكی توندت هەیە لەكاتی سوڕی مانگانەدا.
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com