|
دكتۆرە ناهید رەفیعی*
مرۆڤ بۆ ئەنجامدانی كارە
رۆژانەییەكانی پێویستی بەوەیە
رژێنەكانی(غودەكانی) لەشی بە رێكوپێكی
كاربكەن. یەكێك لە رژێنە گرینگەكانی لەش رژێنی
دەرەقی(تیرۆئید)ە، كه دەكەوێتە سەرەتای
گەرووەوە. كاری ئەم رژێنە رێكخستنی شێوازی
كاركردنی تەواوی سیستەمەكانی لەشە وەكوو هەرس،
دڵ و ئەعساب و .، كە بە رێكی كاری خۆیان
ئەنجام بدەن. هەر كەموكوڕیەك لەم رژێنە دەبێتە
هۆی ئەوە سیستەمی لەش بە تەواوی تووشی كێشە
بێت. نیشانەكانی بوونی كەموكوڕی لەو رژێنەدا
ئەمانەن: توندلێدانی دڵ، عارەقەكردنی زۆر،
قەڵەوی یان لاوازی لەش، كێشەی عەسەبی و
لەرزینی دەست، بەرگەنەگرتنی لەش لە بەرامبەر
گەرما و سەرما و ....
بۆ ئەوەی تووشی كێشە لە كاركردنیدا نەبێت،
رژێنی دەرەقی (تیرۆئید) پێویسی بە(یۆد)ە.
هەرچەندە لە بنەمادا پێویستە یۆدی پێویستی لەش
له خواردندا هەبێت و بە لەش بگات، بەڵام لە
ناوچە كوێستانییەكان و چەند ناوچەیەكی وەكو
ئاسیای ناوەڕاست، ئەفریقای باشوور و
ئەندۆنیسیا بە هۆی ئەوەی یۆدی ناو ئاو و
خاكەكە زۆر كەمە، بۆیە خۆراكەكانیشیان
رێژەیەكی كەم یۆدی تێدایە و كەمترە لەو
رێژەیەی لەش پێویستی پێیەتی. هەر بۆیە خەڵكی
ناوچە كوێستانییەكان یۆدی لەشیان كەمە و رژێنی
دەرەقیشیان تووشی كێشە دەبێت. هەرچەندە
خواردنی چەند جۆرە خواردنێكی وەك گێزەر،
كەلەرم و بایەمیش كێشە بۆ رژێنی دەرەقی دروست
دەكات.
هەرە باوترین كێشە و كەموكوڕی تیرۆئید (رژێنی
دەرەقی)، نەخۆشیەكی تایبەتە كە پێی دەگوترێت
(گواتر) و هیچ نیشانەیەكیشی نیە، لە سەرەتادا
لە شێوەی گەورەبوونی سەرەتای گەروو خۆی
نیشاندەدات، بەڵام ئەم گەورەبوونە رەنگە ببێتە
هۆی دروستبوونی چەند گرێیەك، كه بە تێپەڕبوونی
كات ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی لێ
دەكەوێتەوە.
وەك دەشزانین كوردستان ناوچەیەكی كوێستانییە و
بەرزاییەكەی له ئاستی رووی دەریاوە زۆرە، بۆیە
ئەو رێژە یۆدەی لەش پێویستی پێیەتی لە
خواردنەكاندا نییە، لەبەرئەوە تەنیا رێگەی
بەرگرتن لە دروستبوونی (گواتر) و
كەموكوڕیەكانی تری (تیرۆئید) بەكارهێنانی خوێی
یۆددارە (ئەو خوێیەی مادەی یۆدی لەگەڵدایە)،
بە جۆرێك لەگەڵ نانكردندا بەكار بهێنرێت.
لە زۆربەی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاستدا، لە
نمونەی وڵاتی ئێراندا بە بەكارهێنانی خوێی
یۆددار و نانی یۆددار رێژی تووشبوان بەم
نەخۆشینە لە 15 ساڵی رابردوودا زۆر كەم
كراوەتەوە. لە لایەكی تریش كەسانێك كه
نیشانەكانی ئەم نەخۆشیە تێیاندا دەردەكەوێت،
دەبێ بە زووترین كات بۆ پشكنین لە ئەگەری
بوونی كەموكوڕی لە رژێنی تیرۆئیددا، سەردانی
دكتۆر بكەن.
نیشانە سەرەكیەكانی بوونی كەموكوڕی لە
تیرۆئیددا ئەمانەن: بەرگەنەگرتنی لەش لە
بەرامبەر گەرما و سەرما، كەمبوون یان زۆربوونی
كێشی لەش، هەستكردن بە دڵەكوتێ، هەستكردن بە
دڵەڕاوكێی بێ هۆ، خورانی پێستی لەش،
عارەقەكردنی زۆر، هەستكردن بە هەر جۆرە گرێیەك
لە سەرەتای گەروودا، دەرپۆقینی چاوەكان،
ئاوسانی لاقەكان.
باشتر وایە تەواوی كۆرپەكان لە سێ تا حەوت
رۆژی یەكەمیاندا بۆ دڵنیابوون لە نەبوونی
كەموكوڕی تیرۆئید پشكنینیان بۆ بكرێت، چونكە
كەموكوڕی هۆرمونەكانی تیرۆئید كێشە بۆ
گەشەكردنی ئێسقانەكان و پێگەیشتنی بیركردنەوە
و گەشەكردنی منداڵ بە گشتی دروست دەكات و
رەنگە لە داهاتوودا ببێتە كێشە بۆ دایك و
باوكیان.
بە پێی رێنماییەكانی رێكخراوی تەندروستی
جیهانی، تەواوی دایكان لە سێ مانگی یەكەمی
سكپڕیاندا، هەروەها تەواوی كۆرپەكان لە 10
رۆژی یەكەمیاندا، دەبێ بۆ دڵنیابوون لە
هۆرمونەكانی تیرۆئید، پشكنینی خوێنیان بۆ
بكرێت. هەرچەندە كەموكوڕییەكانی تیرۆئید
ئازاردەرن، بەڵام پشكنین و بەكارهێنانی دەرمان
لە كاتی خۆیدا ئەم كێشە و كەموكوڕییانە
كۆنترۆڵ دەكات.
* دكتۆرا لە نەشتەرگەری هەناو نەخۆشخانەی
تاران
|