ئەو خۆراكانەی دەبنە هـــــۆی لــەبـــــارچوون  

 

 

گواستنەوەی نەخۆشیی بەهۆی خۆراكەوە لە هۆكارە بەربڵاوەكانی تێكچونی باری تەندروستی هاوڵاتییانە. لەئەمریكا ساڵانە 75 ملیۆن كەس بەهۆی خۆراكەوە نەخۆش دەكەون، 375،000 یان داخڵی نەخۆشخانە دەكرێن و 5000 تا 9000 یان دەمرن. لەكاتی سكپڕیدا كۆئەندامی بەرگری لەش لاواز دەبێ، ئەمەش وا دەكات هەم دایكی سكپڕ و هەم كۆرپەكەی سكیشی نێچیرێكی ئاسانتری ئەو نەخۆشییان بن.
ئەم شەش حاڵەتە دەبنە هۆی لەبارچون و لەرێگەی خواردن و خواردنەوەوە توشت دەبن:
1-لیستریا: هەوكردنێكی بەكتریاییە و ئەگەری توشبونی ژنانی سكپڕ 20 ئەوەندەی خەڵكی ئاساییە. ئەم بەكتریایە توانای تێپەڕین بە وێڵاشیدا هەیە و بەمەش بۆ كۆرپە دەگوازرێنەوە. 88%ی توشبوان داخڵی نەخۆشخانە دەبن و لە 30%ی توشبوواندا حاڵەتەكە كوشندەیە.
ئەو خواردنانەی توشی ئەم حاڵەتەت دەكەن:
* گۆشتی باش نەكوڵاو، یان باش گەرم نەكراوە.
* شیری باش نەكوڵاو و هەر بەرهەمێك لێیەوە دروست كرابێت.
2-جیوە: ماددەیەكی قورسی ژەهرینە و كۆبوونەوەی لە لەشدا دەبێتە هۆی زیان گەیاندنێكی زۆر بە مێشك و دەمارەكان و جگەر و كۆئەندامی هەرس. ئەگەر دایكێك بڕێكی بەرچاوی جیوە لە خۆراكیدا هەبێت، كۆرپەكەشی توش دەكات و سەرەنجام منداڵەكە لەوانەیە توشی ناتەواوی مێشك و گەلێ حاڵەتی ترسناك و كوشندەی تر ببێت. لە ئەمریكا ساڵانە 60،000 منداڵی ژەهراوی بوو بە جیوە لەدایك دەبن. جیوە بە خەستییەكی زۆر لە هەندێ جۆری ماسیدا هەیە.
ئەو خواردنانەی توشت دەكەن:
* زیادەڕەویكردن لە خواردنی ماسیدا: تكایە لە هەفتەیەكدا لە دوو جار زیاتر ماسی مەخۆ. ئەمە بۆ ژنانی سكپڕ و هەموو ئەو ئافرەتانەیە كە لە تەمەنی دروستكردنی كۆرپە دان.
3-دەردە پشیلە: لەكەسانی ئاساییدا توشبوون ترسناك نییە، بەڵام توشبوون لەژنی سكپڕدا ترسناكە و دەكرێ ببێتە هۆی لەبارچوون، یاخود لاوازكردنی توانا ئەقڵییەكانی منداڵ و زیان گەیاندن بە چاوی. زیندەوەری توشكەری ئەم حاڵەتە بە ڕاددەیەكی زۆر لە پیسایی پشیلەدا هەیە.
ئەو خواردنانەی توشت دەكەن:
* گۆشتی باش نەكوڵاو.
* میوە و سەوزەی باش نەشۆراوە.
چی بكەم بۆ ڕێگاگرتن لە توشبوون؟
* پاش ئامادەكردنی گۆشت، دەستت و دەفرەكان بە باشی بشۆ.
* ئەگەر پشیلە لە ماڵتدا هەیە، هەمو كەرەستەكانت بەر لەبەكارهێنان بە باشی بشۆ.
4-گرانەتا: ئەم حاڵەتەش بەهۆی خواردن یا خواردنەوەیەكەوە توشت دەبێ، كە بە بەكتریاكە پیس بوبێت.
لە چ خواردنێك دوور بكەومەوە؟
* گۆشت و هێلكەی باش نەكوڵاو
* شیری باش نەكوڵاو و بەرهەمەكانی
* ئاوی پیسبوو بەم بەكتریایە
5- بەكتریای E.coli: بە دوركەوتنەوە لەو خۆراكانەی ئاماژەمان پێكردن، ڕێگا دەگری لەتوشبوون بەم بەكتریایەش.
6-كافاین: تەنانەت بەر لەوەش سكپڕ ببی و ئەوكاتەی پلانی سكپڕبونت هەیە، قاوە، نسكافە، چا و كۆلا كەم بكەرەو،ە كە كافاینیان تێدایە، چونكە دەركەوتوە ئەگەری لەبارچوون زیاد دەكەن.
لێرەدا ئاماژەمان بە جگەرە و ئەلكهول نەكردوە، چونكە لە كۆمەڵگەی كوردستاندا ژنان تا ڕادەیەكی زۆر دوورن لەم دوانە. بیرتان نەچێت، جگەرە و ئەلكهول لە هۆكارە گەورەكانی لەبارچوونن.
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com