قەڵەوی  

 

 

دكتۆرە ناهید رەفیعی*

قەڵەوی یەكێكە لە بەناوبانگترین هۆكارەكانی مردن، پێمان خۆش بێت یان نا، جۆرێكە لە نەخۆشی. هۆكاری ئەم نەخۆشیە پێكهاتەیەكە لە هۆكارە ژینگەیی و جینیەكان. زۆربوونی ئەم نەخۆشیە لەم ساڵانەی رابردوودا نیشانەی ئەوەیە، كه ئەم نەخۆشیە تەنیا بە هۆی هۆكاری جینیەوە نیە.
قەڵەوی مرۆڤەكان بە حیسابكردنی گشتی لەش دەپێورێت، كه پێی دەڵێن BMI. بۆ حیسابكردنی BMI كێشی مرۆڤ دابەشی دووجای باڵاكەی (بە مەتر) دەكرێت، واتە BMI = كێش (بە كیلۆگرام) / دووجای باڵا (بە مەتر).
نەخۆشەكان بە پێی ئەو ئەنجامەی لە رێسای BMI دەست دەكەوێت، بەسەر ئەم گرووپانە دابەش دەبن:
25 ــ 20 = BMI (كەسەكە كێشی ئاساییە)
29 ــ 26 = BMI (كێشەكە لە سەروی نۆرماڵەوەیە)
34 ــ 30 = BMI (قەڵەو)
49 ــ 35 = BMI (زۆر قەڵەو)
سەروی 50 = BMI (قەڵەوی كوشندە)
زۆربوونی كێش بە چەند هۆكارێكەوە گرێدراوە. جینات (بۆهێڵەكان) رۆڵی گرنگ دەبینێت. منداڵێك كه له دایك و باوكێك بە كێشی نۆرماڵ لە دایك دەبێت 15% چانسی قەڵەویان هەیە. منداڵێك كه دایك و باوكی قەڵەو بن 85 تا 90% چانسی قەڵەوبوونیان هەیە. رجیمی خۆراكی و كلتووری خواردن لە فاكتەرە گرنگەكانی قەڵەویین. فاكتەرێكی گرنگی تری نەخۆشی قەڵەوی خواردنی شتە كالۆریدارەكانی وەك شیرینی، شەكر، چەورییە. یەكێك دیكە لە فاكتۆرەكانی قەڵەوی كەمبوونی جووڵە و نەسوتانی وزەی تایبەتە. لە كۆتاییشدا بوونی هەندێ بەكتریا بە تایبەت لە بەشی كۆئەندامی هەرس دەبێتە هۆی وەرگرتنی وزەیەكی زیاتر.
خانەكانی چەوری لەش لە كەسە قەڵەوەكاندا زیاترە، وەك لە كەسانی ئاسایی. چەندێتی ئەم خانانە لە سەرەتای منداڵیدا دەستنیشان دەكرێت، هەر بەم هۆیەوە قەڵەوی منداڵ دەبێتە هۆی زیادبوونی خانەكانی چەوری. بەڵام قەڵەوی لە كەسە بەتەمەنەكاندا هۆكاری زۆربوونی قەبارەی خانەكانی چەورییە. چەوری لە ژێر پێستی سك كۆدەبێتەوە. چەوری لە پیاواندا لە ناوەندی لەش واتە سك كۆدەبێتەوە، بەڵام لە ئافرەتەكاندا لە سمت و ران كۆدەبێتەوە.
كۆبوونەوەی چەوری لە سك و سمت و ران كێشە بۆ سوتانی كالۆری لەش دروست دەكات و دەبێتە هۆی نەخۆشی تری وەك شەكرە، فشاری خوێن و كەموكوڕی تەندروستی تر.
قەڵەوی كێشە لە رەفتار و كرداری كەسەكانیشدا دروست دەكات. بۆ نموونە كاتێك كەسێكی قەڵەو سواری فڕۆكە دەبێت، كورسیەكی تایبەت بە ئەو نییە. هەر ئەمە دەبێتە هۆی كێشە و ناڕەحەتی بۆی. لە كڕینی جلوبەرگدا تووشی كێشە دەبێ و بۆ دۆزینەوی جلێكی شیاو دەبێت سەردانی زۆربەی مۆڵ و فرۆشگەكان بكەن. كورسی ئۆتۆمبیل كێشەیان بۆ دروست دەكات. ئەمانە بە گشتی دەبنە هۆی ئەوەی كەسە قەڵەوەكان كەمتر بێنە ناو خەڵك و خۆیان لە كارە هەرەوەزییەكان بشارنەوە، ئەمەش زیاتر دەبێتە هۆی تەمبەڵی و كەمبوونی جووڵە و قەڵەوتربوونیان و لە كۆتاییشدا دەبێتە هۆی خەمۆكیان.
ئەو نەخۆشیانەی كه سەرچاوەیان قەڵەوییە لە ئەژمار نایەن. بەناوبانگترینی ئەم نەخۆشیانە ئەمانەن: ئازاری جومگەكان، كێشە و ئازار لە گەدە و سورێنچكیان دروست دەكات و دەبێتە هۆی دڵەكزێ. بەردی كیسەی زەرداو، شەكرە، چەوری خوێن، رەبۆ، كێشە لە ریتم و لێدانی دڵ، تەنگەنەفەسی، ژانەسەر، مەینی خوێن لە قوڵایی دەمارەكاندا، نەزۆكی، فتقی پێستی سك و زۆربوونی شێرپەنجەی جۆراوجۆر وەك شێرپەنجەی رەحەم و مەمك و .. پرۆستات.
قەڵەوی كێشەی تایبەت لە ژیان و تەندروستیمان دروست دەكات. بۆ نموونە ئەگەر پیاوێك له 21 ساڵیدا زۆر قەڵەو بێت، 12 ساڵ كەمتر لەو هاوتەمەنەی خۆی دەژیت، كه نۆرماڵە و ئافرەتێكی 21 ساڵان كە قەڵەو بێت، 9 ساڵ كەمتر لە هاوتەمەنێكی ئافرەتی خۆی دەژیت، كه كێشی لەشی نۆرماڵ بێت.
ماويەتی
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com