وریابن لە دەرمانی خۆلاوازكردن  

 

 

لەبازاڕ و لەدەرمانگە لاكۆڵانەكاندا، گەلێ جۆری جیاوازی دەرمان دەفرۆشرێت، كە گوایە "100% سروشتین و لەگژ و گیای میللی دروستكراون" و بەشێوەی حەب و چا و هاڕاوە بێ ئاگاداری پزیشك دەدرێنە ئەو هاوڵاتییانەی دەیانەوێ بێ خۆماندوكردن و دوركەوتنەوە لە زۆرخۆری لاواز ببن، بەڵام نابێ هێندە خۆشباوەڕ بیت و هەرچی لەسەر قوتوی ئەو دەرمانانە نوسرابوو بڕوای پێبكەی. یەكێك لەو دەرمانە چینییانە بریتییە لەQue She كە لەسەری نوسراوە "تەواو سروشتییە و تەنها لەگیا كلاسیكییە میلییەكانی چین بەرهەم هێنراوە و لەڕێگەی كەمكردنەوەی ئارەزووی خواردن و هاندانی سوتاندنی وزەوە لاوازتان دەكات". بەڵام كاتێك دەزگای خۆراك و دەرمانی ئەمریكی ئەم دەرمانەی لەتاقیگەدا تاقیكردەوە بۆی دەركەوت، ئەوەی لەسەری نوسراوە هەڵخەڵەتێنەرە و ئەگەرچی لەشێوەشدا وادیارە، ئەم دەرمانە گەلێ ماددەی زیانمەندی تێدایە، وەك: fenfluramine كە ماددەیەكی وروژێنەرە و دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە زمانەكانی دڵ و 13 ساڵە لەئەمریكادا قەدەغە كراوە. هەروەها propranolol كە كار لە دڵ دەكات و بۆ توشبوانی ڕەبوش زیانمەندە. هەروەها ماددەی sibutramineی تێدابوو، كە بەڵێ كێش دادەبەزێنێ، بەڵام ئەگەری روودانی جەڵتەی دڵ و دەماخ زیاد دەكات، بەتایبەتی لەوانەی ناتەواویی دڵیان هەیە. لەو دەرمانە بەناو سروشتییەدا هەروەها ماددەی وروژێنەری ephedrine هەبوو. ئەم ماددانە جگە لەو زیانانەی ئاماژەمان پێكردن، كارلێك لەگەڵ هەر دەرمانێكی پزیشكی تر دەكەن، كە ئەو كەسە بەكاری دەهێنێت.
بۆیە دەزگا ئەمریكییەكە داوای لەهاوڵاتییان كرد، بێ ئاگاداریی دكتۆر و بێئەوەی لەتاقیكردنەوەی موختەبەریدا پێكهاتەكانی یەكلا ببێتەوە، لەخۆوە ئەو دەرمانانە نەكڕن، كە لێیان نوسراوە سروشتین و تەنها گژوگیان.
رێگەی راستەقینە و زانستیی دابەزاندنی كێش بریتییە لەوەرزشی ڕۆژانە و كەمكردنەوەی كالۆری لەخواردندا و زیادكردنی رەگەزە خۆراكییە پێویستەكان.
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com