شێرپەنجە  

 

 

دكتۆرە ناهید رەفیعی*

بە لەبەرچاوگرتنی هەڵكشانی تەمەن، شێرپەنجە یەكێكە لەو نەخۆشیە گرنگانەی نەشتەرگەرەكان چارەسەری دەكەن. دەرمانی پێشكەوتوی شێرپەنجە تێكەڵێكە لە نەشتەرگەری، پاتۆلۆژی، دەرمانی كیمیایی و رادیۆتوراپی و چارەسەری دەروونی.
كەسی توشبوو بە نەخۆشی شێرپەنجە سەرەتا دەبێت لە لایەن بنەماڵە و كەسوكارییەوە چاودێری بكرێت. ئێستا زۆربەی جۆرەكانی شێرپەنجە دەرمانی تەواویان بۆ دەكرێت، بەڵام بە مەرجێك زوو دەستنیشان بكرێت و تەمەنی ئاسایی بێت و بە شێوەی تەواو چارەسەر بكرێت. كەواتە ئامادەكردنی خودی نەخۆشەكە و بنەماڵەكەی بۆ چۆنیەتی وەرگرتنی چارەسەری نەخۆشیەكە، گرنگترین شتێكە یارمەتی نەخۆش دەدات بۆ گەڕانەوە بۆ ژیان و تەندروستییەكی تەواو. ناشبێت بە هۆی ترس لەم نەخۆشییە ئیتر دەستمان لە دەستنیشانكردن و دەرمان و چارەسەری بشۆین.
جۆرەكانی شێرپەنجە لە هەر ناوچەیەكی جوگرافیایی جیاوازە. ئەمە پێوەندی بە جینەتیكەوە هەیە و بەشێكیشی گرێدراوە بە ژینگە و جۆری خواردنی ئەو ناوچەیە.
لەو رووەوە دوای كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشیە گشتگیرەكان و نەخۆشی دڵ و دەمار و شێرپەنجە، تێكڕای تەمەنی مرۆڤ زیادی كردووە. شێرپەنجە بەناوبانگترین هۆكاری مردنە لە ئافرەتانی تەمەن 40 تا 80 ساڵ و له پیاوانی 60 تا 80 ساڵیدا.
ئێستا شێرپەنجەی سییەكان بەناوبانگترین شێرپەنجەیە و شێرپەنجەی مەمكیش دووهەمینە و پێنجەمین هۆی مردنی مرۆڤە بە هۆی شێرپەنجەوە. شێرپەنجە بەناوبانگەكانی تر بریتین لە گەدە و ریخۆڵە و جگەر.
شێرپەنجەی گەدە: بڵاوی ئەم نەخۆشینە لە شوێنە جیاوازەكانی جیهان جیاوازە. ئەم جیاوازییە زیاتر لە جۆری خواردنە. لەو شوێنانەی لە ناو خواردنەكانیاندا رێژەیەكی زۆر رووەك و میوەی تیایە ئەم جۆرە نەخۆشینە كەمترە.
شێرپەنجەی مەمك: ئەم نەخۆشینە لە زۆربەی ناوچە گەشەكردووەكاندا زۆرە، زیاتریش لە ئەنجامی هۆكارە جینەتیكەكانەوە دووچاری ئافرەتان دەبێت. هۆكارە سەرەكییەكانی ئەم نەخۆشینە ئەمانەن: جۆری خواردن، خواردنەوە كحولیەكان، قەڵەوی، نەجوڵانی زۆر و .. بە شێوەیەكی گشتی ئەم جۆرە لە شێرپەنجە رۆژ لە رۆژ رێژەی لە جیهاندا زیاتر دەبێت.
شێرپەنجەی ریخۆڵە: ئەم نەخۆشینە لە وڵاتە گەشەسەندووەكاندا زۆر زیاترە وەك لەو وڵاتانەی خەریكی گەشەسەندنن. واتە لە ئەمەریكای باكوور، ئوستوراڵیا و نیوزلەند و ئەوروپای روژئاوا و ژاپۆن زیاترە. هۆكارە سەرەكیەكانیشی خۆراكە، ئەو كەسانەی رێژەیەكی زۆر گۆشتی ئاژەڵ بەكار دەهێنن زیاتر تووشی ئەم نەخۆشینە دەبن، بە پێچەوانەی ئەو خواردنە رووەكیەكان، ئەو كەسانەی خواردنی رووەكی زیاتر دەخۆن، كەمتر دووچاری ئەم جۆرە لە شێرپەنجە دەبن.
شێرپەنجەی جگەر: ئەم شێرپەنجەیەش لەو وڵاتانە زۆرە كه تازە خەریكی گەشەسەندنن. گرنگرتین هۆی ئەم نەخۆشینە هیپاتیتی b و c و ئەو جۆرە خۆراكانەیە، كە بەكتریای ئافلاتوكسین لەخۆدەگرن.
كوتانی منداڵان دژی هپاتیتی b یەكێك لە رێگەكانی بەرگرتن لەم نەخۆشیە.
شێرپەنجەی پرۆستات: گرنگترین چارەسەری ئەم نەخۆشینە بە زووی دەستنیشانكردنیەتی، كه ئەویش بە پشكنینی PSA لە تەواوی ئەو پیاوانەی كه تەمەنیان لە سەروی 65 ساڵەوەیە دەتوانرێت دەستنیشان بكرێت، بەرلەوەی ریشە دابكوتێت چارەسەری تەواوی بۆ بكرێت.
بە شێوەیەكی گشتی رێژی مردن بە شێرپەنجە گرێدراوی چەند هۆكارێكە، بەڵام ئەگەر زوو دەستنیشان بكرێت بە نەشتەرگەر چارەسەری بۆ دەكرێت و بە شێویەكی گشتی كۆنتڕۆڵ دەكرێت و كەسە دەتوانێت ژیانێكی ئاسایی و تەندروست بژیت.
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com