|
بەشی
تەندروستی سایتی یاهو، چەند سودێكی سەلمێنراوی
پیاسەكردن و ڕێكردنی (بۆماوەی 40 خولەك و
بەدرێژایی 2 میل)ی ڕۆژانەی بڵاوكردۆتەوە، وا
كورتەیەكی دەخەینە پێشچاوی خوێنەری كوردزمان:
1- ئەگەری توشبوون بە شەكرە كەمدەكاتەوە:
تەنانەت ئەگەر لەڕووی بۆماوەییشەوە ئەگەری
توشبوون بە شەكرەت هەبێت، رێكردنێكی
گورجوگۆڵانەی ڕۆژانە ئەگەری توشبوون بە شەكرە
بە ڕاددەیەكی بەرچاو كەمدەكاتەوە، ئەمەش چونكە
وادەكات خانەكان ئاسانتر وەڵام بۆ كاری
هۆرمۆنی ئەنسۆلین (سوتێنەری شەكر) بدەنەوە.
2- سێكس بەهێزتر دەكات: لەلێكۆڵینەوەیەكدا كە
لەسەر ژنان لە تەمەنەكانی 45 تا 55 ساڵی
ئەنجامدراوە، دەركەوتوە ئەوانەی ڕۆژانە
ڕێكردنێكی گورج و گۆڵانە دەكەن، نەك هەر
ئارەزوی سێكسیان زیاتر دەكات، بەڵكو ئاسانتریش
دەگەنە ئۆرگازم.
3- ئازاری ماسولكەكان كەمدەكاتەوە.
4- ئەگەر توشی شێرپەنجەی مەمك بووبیت، تەمەنت
درێژ دەكات: بەپێی لێكۆڵینەوەیەك ئەو ژنانەی
بەر لە دەستنیشانكرانی شێرپەنجەی مەمك رۆژانە
رێكردنی گورجوگۆڵانەیان كردوە، ئەگەری
ژیانەوەیان لە حاڵەتەكەدا 30% زیاد دەكات،
ئەوانەش كە دوای دەستنیشانكرانی حاڵەتەكەیان
رۆژانە رێیان كردوە بە خێرایی و بۆ ماوەی
سەعاتێك، ئەگەری ژیانەوەیان 45% زیادی كردوە.
5- ئەگەری توشبوون بە جەڵتەی دەماخ
كەمدەكاتەوە: بەپێی داتای زانكۆی باشوری
كارۆلاینا لە ئەمریكا كە لەسەر 45،000 پیاو و
15،000 ژن و بۆماوەی 18 ساڵ ئەنجامدراوە،
دەركەوتوە كە ڕێكردنی ڕۆژانە بۆماوەی نیو
سەعات و پێنج ڕۆژ لەهەفتەیەكدا، ئەگەری توشبون
بە جەڵتەی دەماخ بە ڕاددەی 40% كەمدەكات.
6- یادەوەری و توانای دەماخ زیاد دەكات:
لێكۆڵەرانی ئیتاڵی لێكۆڵینەوەیان لەسەر 749
كەسی توشبوو بە ناتەواوی یادەوەری ئەنجامدا و
ماوەی 4 ساڵ بەدواداچونیان بۆ كردن. ئەنجامی
لێكۆڵینەوەكە سەلماندی رێكردنی رۆژانە ئەگەری
توشبون بە خەڵەفان و تێكچونی یادەوەری بە
ڕاددەی 27% كەمدەكاتەوە.
|