|
هۆرمۆن پەیامێكی كیمیاییە، لەلایەن ئەندامێك
لەكۆئەندامی دەردان دەردەرێت و كار لەشانەیەكی
دیاریكراو دەكات و چالاكییەكی تایبەت
لەجەستەدا دەخولقێنێ.
توڕەیی، قەڵەوبوون، كەمخەوی، خەمۆكی و چەندین
حاڵەتی جۆراوجۆری ڕۆژانەمان لەژێر كاریگەری
ئەو هۆرمۆنانەدان. بۆیە رێكوپێك كاركردنی
هۆرمۆنەكان رۆڵێكی سەرەكی دەبینن لەژیانی
ڕۆژانەماندا.
وا لە خوارەوە هەندێ لەهۆرمۆنەكان و ڕۆڵیان
لەچالاكییە جیاوازەكانی لەشی مرۆڤتان
پێدەناسێنین:
1-هۆرمۆنەكانی سترێس (فشار): وەك كۆرتیزوڵ و
ئیپینیفرین
كاتێ وەك وەڵامێك بۆ هەبوونی فشاری دەرونی ئەم
هۆرمۆنانە دەردەدرێن، جەستە خۆی بۆ حاڵەتەكانی
ترس و شەڕ ئامادە دەكات. لێدانی دڵ زیاد
دەكات، بۆڕی هەناسە فراوان دەبێت تا
ئۆكسجینێكی زۆر بنێردرێت بۆ مێشك و نەهێڵێ
بنوێ، شەكر و چەوری بنێرێتە ناو خوێن تا وزە
دابین بكەن بۆ كاردانەوە جەستەییەكە.
بۆیە ئەگەر فشاری دەروونیت زۆر بێ، ئەم
گۆڕانانە زیاتر لەپێویست لەجەستەتدا روودەدەن
و سەرەنجام قەڵەوی و كەمخەوی و نائارامیی
دەخەنەوە.
ئەگەر دەتەوێ ئاستی ئەم هۆرمۆنانەت ئاسایی بێ
و سەرەنجام لەش و لارێكی رێكتر، خەوێكی قوڵتر
و ژیانێكی ئارامترت هەبێ، پسپۆڕانی زانكۆی
ئۆهایۆی ئەمریكا ئامۆژگاریت دەكەن، لانیكەم
ڕۆژ نا ڕۆژێك سەعاتێك وەرزش بكەیت.
خاڵێكی تری گرنگیش بۆ رێكخستنی ئەم هۆرمۆنانە
ئەوەیە خواردنی سروشتی بخۆی، تا لە ماددەی
ئەترازین بەدووربی كە دەركەوتوە ئاستی
هۆرمۆنەكان تێكدەدات.
2-هۆرمۆنی كێش: لێپتین، گرێلین، سی سی كەی،
ئینسۆلین
لەجەستەتدا سوپایەك لەهۆرمۆن هەن، كە پێت
دەڵێن فڵان كات بخۆ و فڵان كاتی تر
دەستهەڵگرە.
ئەم هۆرمۆنانە باڵانسێك دروست دەكەن لەنێوان
هەستكردن بە برسێتی و هەستكردن بەتێربووندا،
ئەمەیە جیاوازیی ئارەزووی خواردن و زۆرخۆری و
كەمخۆری لەكەسێكەوە بۆ كەسێكی تر.
دەركەوتوە زۆر شەكر خواردن باڵانسی ئەم
هۆرمۆنانە تێكدەدات و وا دەكات مێشكت زوو زوو
پەیامی برسێتی بنێرێت و سەرەنجام خواردن زۆر
دەخۆیت و قەڵەو دەبیت و دواتر ئەنسۆلین بەرز
دەبێتەوە و ئەوەندەی تر باڵانسەكە تێكدەدات.
بۆیە پێویستە خواردنی شەكر كەم بكەنەوە، تا
لەم بەڵایە بەدوور بن و هاوكێشەی ئەم جۆرە
هۆرمۆنەتان تێكنەچێت.
3-هۆرمۆنەكانی وزە: سایرۆكسین
ئەم هۆرمۆنە دیاری دەكات بە چ راددەیەك وزەی
دەرچوو لە خۆراك بسوتێنرێ یاخود لەجەستەدا
بەشێوەی چەوری خەزن بكرێ.
كاتێ مێشكت هەست دەكات ماندویت، فەرمان بە
ڕژێمی دەرەقی دەكات هۆرمۆنی وزە دەربكات. ئەم
هۆرمۆنە دەچێتە ناو زۆربەی خانەكان و هانی
سوتاندنی شەكر و وەرگرتنی ئۆكسجین دەدات
تێیاندا.
باش كارنەكردنی ئەم سیستمە، بچوكبوونەوەی
ماسولكەكان و كۆبوونەوەی چەوری لێدەكەوێتەوە.
چەندین ماددەی كیمیاویی كە لە خۆراكی لە
قوتونراو و ماددەی نایلۆنی و چەندین جۆری
قوماش و فەرشدا هەن، باڵانسی هۆرمۆنی وزە
تێكدەدەن.
بۆیە تا دەتوانی كۆنتاكت لەگەڵ ئەو شتانە كەم
بكەرەوە.
4-هۆرمۆنی خەوتن: میلاتۆنین
لەنیوەشەودا ئاستی ئەم هۆرمۆنە دەگاتە لوتكە،
ئەمیش لای خۆیەوە پلەی گەرمی دادەبەزێنێ و لەش
ئامادە دەكات بۆ خەو.
ڕوناكی زۆر ئاستی ئەم هۆرمۆنە تێكدەدات و
وادەكات ئاسان نەگاتە لوتكەی خۆی و وا بكات
خەوت بێت.
كەواتە وا بكە شەوانت تاریك و بێدەنگ بن تا
ئاستی ئەم هۆرمۆنەت رێكوپێك بێ و بەهۆی خەوی
پێویستەوە لەگەلێ لەنەخۆشییەكانی مرۆڤی ئەمڕۆ
و لەنێوانیاندا شێرپەنجە بەدووربی.
|