|
تەمەنی
نائومێدی واتە وەستانی هێلكەكردن و
كەمبوونەوەی بەرچاوی ئاستی هۆرمۆنی مێینەی
ئیسترۆجین لەئافرەتدا. جگە لەو هەموو
كاریگەرییەی لەسەر جەستەی ئافرەت بەجێی دێڵێ،
ئەم هۆرمۆنە گرنگە كار دەكاتە سەر پێستیش. ئەم
دابەزینەی ئاستی هۆرمۆنی مێینەی ئیسترۆجین،
دەبێتە هۆی كەمبونەوەی دروستبونی چەوری
پێویستی پێست و لاوازبونی كۆلاجینی پێست كە
ئاوداریی و توندوتۆڵی پێست دەپارێزن. بەم
هۆیەوە پێست بەرەو وشكبونەوە و ژاكان دەچێت.
ئەگەر تۆ گەیشتویتە تەمەنی نائومێدی و هەستت
بەم حاڵەتە كردوە، ئەم خاڵانە یارمەتیت دەدەن:
* زیرەكانە چەوری بخۆ: ئەو چەورییەی لە ماسی و
بادەم و چەرەساتە جیاوازەكان و هێلكەدا هەیە،
یارمەتی ئاوداریی پێست دەدات. بۆیە ئەم
خواردنانە بكەرە بەشێك لەڕێجیمی خۆراكیت.
*خۆت لە هەتاو بپارێزە: هەتاوی 10ی بەیانی تا
4ی پاشنیوەڕۆ پێست وشك دەكاتەوە و چرچی دەكات.
بۆیە پێستت بەدور بگرە لە بەركەوتنی هەتاوی
ئەو نێوەندە. ئەگەر هەر ناچاریت بچیتە دەرێ،
بەكارهێنانی كرێمی دژەخۆر بە ڕادەیەكی زۆر،
دەكرێ لەم نێوەندەدا ڕۆڵێكی ئەرێنی بگێڕێت.
*حەمامی زۆر گەرم مەكە: حەمامی گەرمی بە هەڵم
چەوری پێست دەردەهێنێتە دەرێ و هەرچەند ئەو
هەستەت دەداتێ كە زۆر پاكی دەكاتەوە، كەچی
پێست وشك دەكاتەوە. بۆیە حەمامی هەڵماوی كەم
بكە و كەمیش لە حەمام بمێنەوە.
* سابونی ئاسایی بەكار بهێنە: دور بكەوەرەوە
لەو سابونەی لێی نوسراوە "دژەبەكتریا" یاخود
زۆر تیژە و گوایە پێستی چەور پاك دەكاتەوە.
تەنیا سابونێكی ئاسایی بەكاربهێنە كە پێستت
وشك ناكات، تەنانەت ئەگەر پێستیشت چەور بێت.
* شێداركەرەوەی پیترۆل (پێترۆلێوم جێلی)بەكار
بهێنە، بەتایبەتی دوای حەمامكردن و دەم و چاو
شوشتن.
* وەرزش بكە: وەرزش لە ناوەوە خۆراك
دەگەیەنێتە پێست و گەشاوە و جوان و ئاوداری
دەكات.
* ئاو خواردنەوە، لە ناوەوە ئاو دەگەیەنێتە
دەرەوەی پێستت و تۆڵەی ئەو ئاوە دەكاتەوە، كە
لەپێستتەوە ون دەبێت.
|