|
هەموو
مانگێك قژت 0،6-1،2 سم درێژ دەبێت. یەكێ لەو
هۆكارە گرنگانەی كە تەندروستی و ڕەونەقی ئەو
تاڵە موە تازانە دیاری دەكات، بریتییە لە
خۆراكی تەندروست.. بۆیە ئەگەر دەتەوێ قژێكت
هەبێت كە خەونی پێوە دەبینی، ناكرێ هەر بیر لە
شامپۆ و موكەیەف و كرێم بكەیتەوە. بەڵكو دەبێت
لە هەڵبژاردنی خۆراكەكانتدا بیرێك لەو ڕەگەزە
خۆراكیانەش بكەیتەوە كە زۆر لە كرێم و شامپۆ
گرنگترین لە ڕێگای بەدیهاتنی خەونەكەتدا.
ئەمانە ئەو خۆراكانەن كە وادەكەن قژی ئاییندەت
تەندروستتر و جوانتر بێت:
1. ماسی سەلەمۆن: سەرچاوەیەكی گرنگی ئۆمێگا-3
و ئاسن و ڤیتامین B12 یە. كەمیی ئۆمێگا-3
وادەكات پێستی سەرت وشك بێت و قژت درەوشاوە
دیارنەبێت.
2. سەوزە تۆخەكان: وەكو سپێناخ و برۆكلی، كە
بە ڤیتامین سی و ئەی دەوڵەمەندن و گەلێ گرنگن
بۆ تەندروستی چەورییە ڕژێنەكان كە موكویفێكی
سروشتین بۆ تاڵەموەكان.
3. پاقلەمەنی: ئەوانەی لە گورچیلە دەچن وەك
فاسۆلیا، هەروەها نیسك و نۆك تەنها پرۆتینی
پێویست نادەن بە قژ، بەڵكو بە ماددەی زینك و
بایۆتینیش دەوڵەمەندە. كەمیی بایۆتین دەبێتە
هۆی كەمبوونەوەی چڕیی مو و بە ئاسانی
هەڵكێشرانی.
4. چەرەس و بادەم: ئەگەر دەتەوێ تاڵەموەكانت
ئەستور و درەوشاوە بن تكایە بادەم و
هاوشێوەكانی زۆر بخۆ. ئەمانە ترشە چەورییە
دەگمەنە پێویستەكان و بڕێكی زۆری زینكیان
تێدایە.
5. گۆشتی پەلەوەر: گۆشتی مریشك و قەل،
پرۆتینێكیان تێدایە كە گەلێ نایابە بۆ گەشەی
تاڵە موەكان. كەمی ئەو پرۆتینە، نەك هەر قژ
لاواز دەكات، بەڵكو ڕەنگەكەشی تێكدەدات.
6. هێلكە: بە كوڵاوی یاخود هێلكەوڕۆن یان هەر
جۆرێكی تر، هێلكە سەرچاوەیەكی پرۆتینە بۆ تاڵە
موەكان.
7. دانەوێڵەكان: خواردنی نانی بۆر سەرچاوەیەكی
گرنگی پرۆتین و بیۆتین و زینك و ئاسنە.
8. گوێچكەماسی: سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندی زینكە،
كە بۆ جوانی و درەوشاوەیی مو گرنگە.
9. شیر و بەرهەمەكانی: شیر و ماست و دۆ
سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندی كالیسیۆمن. ئەمە جگە
لەوەی كازاین و جۆرێكی تایبەتی پرۆتینی
پێویستیشیان تێدایە.
10. گێزەر: سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندی ڤیتامین A
یە كە بۆ تەندروستی پێستی سەر گەلێ گرنگە.
بەگشتی گرنگە خۆراكەكانت ڕەنگاوڕەنگ بن،
هەتاوەكو ببیتە خاوەنی پێستەسەرێكی تەندروست،
تاڵەموی ئەستور و پتەو و چڕ و پڕ و درەوشاوە و
سەرەنجام قژێكی جوان و سەرنجڕاكێش.
|