|
جاران
كە باسی تەندروستی ددان و پوكمان دەكرد، زیاتر
خەیاڵمان لای رەهەندە جوانكارییەكە و ئازاری
دەم و ددان بوو. بەڵام ئێستا دەركەوتوە
هەبوونی كلسی ددان و هەوكردنی پوك، مەترسی
لەسەر گەلێ لەئەندامە سەرەكییەكانی وەك دڵ و
دەماخ و جومگەكانیش دەكات!
*كاریگەری كلس لەسەر تەندروستی ددان:
كلس بەكتریای تێدایە، ئەم بەكتریایە ماددەی
ئەسیدی دەردەدات، كە دەبێتە هۆی زیان گەیاندن
بە توێكڵی ددان و سەرەنجام بەرەو كلۆری بردنی.
بەكتریای ناو ئەم كلسە هەروەها دەبێتە هۆی
نەخۆشخستنی پوك و داخورانی، بەجۆرێك بنی
ددانەكە زیاتر ڕوت دەبێت و كاریگەری بەكتریاكە
پێدەچێت بگاتە ئێسكی بنی ددانەكەش.
*مەترسی هەوكردنی پوك:
هەتا ئێستا كە ئەم بابەتە دەخوێنیتەوە،
سەلمێنراوە هەوكردنی پوك ڕێگە بۆ ئەم حاڵەتانە
خۆشدەكات:
1- نەخۆشییەكانی دڵ. 2-شەكرە. 3-خەڵەفان.
4-ڕۆماتیزمی جومگەكان. 5-لەدایكبوونی منداڵی
نەبەكام لە دایكێك كە پوكی نەخۆشە.
* نەخۆشی پوك و نەخۆشییەكانی دڵ:
لەمەودوا ئەو پزیشكەی بەدواداچون بۆ حاڵەتی
تەندروستی دڵت دەكات، هەر لەبارەی فشاری خوێن
و شەكرەوە پرسیارت لێناكات، بەڵكو لەبارەی
تەندروستی ددان و پوكیشتەوە دەپرسێت. لە
ئەمریكا ئەمە چوەتە چوارچێوەی جێبەجێكردنەوە،
بەتایبەت دوای ساڵی 2009 كە پەیوەندییەكە
تەواو سەلمێنرا.
* نەخۆشیی پوك كار لەیادەوەری و توانا
دەماخییەكان دەكات و ئەگەری توشبون بە خەڵەفان
لە تەمەنەكانی دواتردا زیاتر دەكات.
* هەوكردنی پوك رێگە خۆش دەكات بۆ هەوكردنی
جومگەكان و چارەسەركردنیشی، ئازار و
سنورداركردنی جوڵان لەهەوكردنی جومگەكاندا
باشتر دەكات.
* هەوكردنی پوك رێگە خۆشدەكات بۆ لەدایكبوونی
منداڵی نەبەكام:
چارەسەركردنی نەخۆشی پوك لەپێش 35هەمین هەفتەی
سكپڕیدا، وا دەكات كۆرپەلە لە تەمەنی زوتردا
لەدایك نەبێت و بگاتە تەمەنی ئاسایی.
رێگاگرتن لە توشبوون:
رۆژانە دوو جار ددانت بشۆ، بەمەرجێ مەعجونی
ددانەكە ماددەی فلۆرایدی تێدابێ. هەروەها
دەزوولێدانی نێوانی ددانەكان بە مەبەستی
پاككردنەوەیان گرنگە. وەردانی ئاو و خوێ یاخود
گیراوە تایبەتە دژە میكرۆبەكانی تر
لەناودەمدا، تەگەرە دەخاتە بەردەم گەشەی
بەكتریاكان و تەندروستی دەم و ددانت باشتر
دەكات.
|