ئەم فاكتەرانە ئەگەری توشبوونت بە پشت ئێشە زیاد دەكەن  

 

زۆر لەخەڵكی سكاڵا دەكەن لەدەست ئازار لەخوارەوەی پشتیاندا. لەزۆربەی هەرە زۆری حاڵەتەكاندا ئەمە بەهۆی زۆر ماندوكردن و فشارخستنەسەری زۆری ماسولكە و ژێ و بەستەرەكانی پشتەوە هەیە، نەوەك ناتەواوی و نەخۆشی بڕبڕەكان (فەقەرات). ئەم هۆكارانە وا دەكەن لە خەڵكی تر زیاتر توشی پشتئێشە ببی:
* ئەو فاكتەرانەی ناتوانی بیانگۆڕی:
1- تەمەنی دوای 50 ساڵ.
2- ڕەگەزی نێر.
3- لەخێزانەكەتدا ئەندامی توشبوو بە پشتئێشە هەبێ.
4- پێشتر زەبر بەر پشتت كەوتبێ.
5- سكپڕی، كۆرپە فشارێكی زۆر لەسەر پشت دروست دەكات.
6- پێشتر نەشتەرگەری پشتت بۆ كرابێت.
7- هەبوونی ناتەواوی زگماكی پشت.
* ئەو فاكتەرانەی بەدەست خۆتن و دەتوانی بیانگۆڕی:
1- وەرزش نەكردن.
2- جۆرە پیشەیەك كە ناچارت دەكات بۆ ماوەیەكی زۆر دابنیشی، یان كێشی زۆر بەرز بكەیتەوە، یان زۆر بچەمێیتەوە یان خۆت بابدەیت، یان جوڵەی دووبارەبوەوەی لێكچوو.
3- جگەرەكێشان.
4- قەڵەوی: كێشی زۆر بەتایبەتی ورگ، فشارێكی زۆر دەخاتە سەر پشت. جگە لەمە قەڵەوەكان ماسولكەیان لاوازترە و بەم پێیە توانای پتەو و ڕێك ڕاگرتنی عەمودی فەقەرییان كەمترە.
5- فشاری دەرونی: ئەو كەسەی لەژێر فشاری دەرونیدایە بێ ئەوەی ئاگادار بێت و خۆنەویستانە پشتی توند دەكات!
6- خەمۆكی.
7- بەكارهێنانی ئەو دەرمانانەی ئێسك لاواز دەكەن، وەك ستیرۆیدەكان كە لەكوردستان بێ ڕەچاوكردنی بنەما زانستییەكان لەدەرمانخانەكانی لاكۆڵانەكاندا بە بەربڵاوی دەدرێن.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com