ئەم نیشانانەی شەكرە لەبیر مەكە  

 

ئەوانەی توشی شەكرە هاتون، لەگەڵ گەلێ لەنیشانەكانی ڕاهاتون و دەیانناسنەوە. بەخۆشحاڵییەوە ئێستا ئامێری پێوانی شەكرە لای گەلێك لەتوشبووان هەیە و بەم پێیە بیرۆكەیەكیان دەربارەی حاڵەتەكەیان هەیە. بەڵام لەبیرتان نەچێت، هەمیشە بیرتان لای ڕاوێژی پزیشكی بێت لەكاتی بەدیكردنی هەر نیشانەیەكی نوێ. ئەم خاڵانە، ئەوانەن كە نابێ هەرگیز لەیادیان بكەیت و حەتمەن دەبێ پزیشكی لێ ئاگادار بكەیتەوە:
1- زۆر میزكردن، تینوێتی زۆر، لێڵبوونی بینین:
ئەم سێ خاڵە نیشانەی ئەوەن كە شەكرەت وەك پێویست كۆنترۆڵ نییە. ئەگەر هەستت بەم سێ نیشانەیە كرد، دەبێ لە زووترین دەمدا ڕێژەی شەكرەی خوێنت پێوانە بكەیت، تا پزیشك ڕێوشوێنی زانستیت پیشان بدات، بە مەبەستی كۆنترۆڵكردنی.
2- وەك سەرخۆش لێهاتن:
كاڵبوونەوەی هەستی هۆشیاری، نیشانەی ئەوەیە شەكرەكەت لەئاستی ئاسایی نزمترە و دەرمانەكەت زیاد لەپێویست كاری كردوە بۆ دابەزاندنی ڕێژەی شەكری خوێنت. خواردنەوەی پەرداخێك شەربەت شەكرەكەت دەگێڕێتەوە بۆ باری ئاسایی. زۆر جار نەخۆش هەست ناكات هەڵسوكەوت و هۆشی گۆڕابن، بۆیە ئەو كەسانەی لەدەوروبەرن ئەگەر هەستیان بە گۆڕانی هەڵسوكەوتی كەسێكی توشبووی شەكرە كرد، دەبێ خێرا شەربەت یان هەر ماددەیەكی شیرین بدەنە بابای توشبوو بەرلەوەی هۆشی لەدەست بدات. ئەگەر ئەندامێكی تەندروستی خێزان توشی ئەم حاڵەتە هات، دەبێ بكۆڵرێتەوە كە ئایا بە هەڵە حەبی ئەندامە توشبووەكەی خێزانی نەخواردوە؟ ئەگەر خواردبووی دەبێ بگەیەنرێتە یەكەی فریاكەوتنی خێرا.
3- هەوكردن، ئاوسان یان خوێنلێهاتنی پوك، یان برینی پێ:
ئەگەر پوكت وەهای بەسەرهات، دەبێ پزیشك چێكی بكات و لەهۆكارە توشكەرەكە بكۆڵیتەوە، چونكە برینی كەسی توشبوی شەكرە ئاسان چاك نابێتەوە و دەكرێ تەشەنە بكات. دەربارەی پێ، كەسی توشبوو دەبێ ڕۆژانە پێیەكانی بەئاوی شلەتێن بشوات و بە كرێمی شێداركەرەوە چەوری بكات، چونكە وشكبوونەوە و قڵیشانی پێست ڕێگە خۆش دەكەن بۆ هەوكردنی پێ لەتوشبووانی شەكرەدا. دەبێ كەسی توشبوو ڕۆژانە چێكی پێیەكانی بكات و بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ بچوكترین برینیش بكات. جگە لەمە، دەبێ ناوبەناو پزیشك چێكی قاچی توشبوانی شەكرە بكات، بەمەبەستی دڵنیابوونەوە لە ڕێكوپێك كاركردنی دەمار و بۆرییەكانی خوێنی پێ.
4-كێشە لە چاو و بیناییدا:
هەر هەستكردنێك بە گۆڕانی كتوپڕ لەتوانای بینیندا، یان هەستكردن بە ئازاری چاو، یاخود هەستكردن بە پەڵەی سپی لەسەر دیمەنی بینراو، دەبێ وات لێبكات پزیشكی پسپۆڕی چاو ئاگادار بكەیت، چونكە توشبووانی شەكرە زیاتر لەكەسانی ئاسایی توشی كێشەكانی تۆڕی چاو و دەماری بینین و كێشەكانی تری چاو دەبن، كە ئەگەر بە وریایی و زانستییەوە مامەڵەیان لەگەڵ نەكرێ، دەكرێ ببنە هۆی نەزۆكی.
5- هەمیشە بە حەزەربە لە نیشانەكانی نەخۆشیی دڵ:
كەسی توشبووی شەكرە دوو هێندەی كەسێكی ئاسایی ئەگەری توشبوون بە شەكرەی هەیە. مەرج نییە نەخۆشیی دڵ هەر بە سنگ ئێشە و دڵەكوتێ خۆی بنوێنێ، بەڵكو دەكرێ بە نیشانەگەلێكی سەیری وەك شان ئێشە، ئێڵنج و ئێشی شەویلگە خۆی نیشان بدات. جگە لەمانە ماوە ماوە سەردانی پزیشك بكە تا زانستیانە چێكی دڵ و بۆڕییەكانی خوێنت بكات، چونكە هەندێ جار نەخۆشی دڵت هەیە و هیچ نیشانەیەك هەست پێ ناكەیت.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com