د. سەعیدی سەعیدیان، پسپۆری نەخۆشییەكانی پێست و موو: خواردنی پێستی مریشك دەبێتە هۆی هەڵوەرینی قژ  

 

سڤیل: بیلال سەعید

د. سەعیدی سەعیدیان، پسپۆری تایبەتمەند لەبواری پێست و موو و شارەزا لەبواری ناشتنی موو و جوانكارییەكانی پێست، لەنەخۆشخانەی تارانی تایبەت لەیەكەمین چاوپێكەوتنی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ گۆڤارێكی كوردی، ئاماژە بەوە دەكات، كە خواردنی پێستی مریشك دەبێتە هۆی هەڵوەرینی قژ.




سڤیل: قژوەرین لەچ كاتێكدا روودەدات و هۆكارەكانی چیە؟
د.سەعیدی: هەڵوەرینی قژ چەند جۆرێكی هەیە، ئەو جۆرەیان كە لەكۆمەڵگە زیادە، قژوەرینێكە كە لەئەنجامی كەمی هۆرمۆن روودەدات، كە ئەم جۆرەیان90% لەناو پیاواندا هەیە، كە بەشی زۆریان موویان نەماوە، چەند جۆرێكی دیكەی وەرینی قژ هەیە، وەك نەخۆشی كەمخوێنی و تێكچوونی باری دەروونی و چەند جۆرێك دەرمان، بەڵام ئەم جۆرانەیان بەئاسانی چاك دەبێت، بەتایبەتی دوای چاكبوونەوەی نەخۆش.
سڤیل: تەمەن تاچەند كاریگەریی هەیە لەهەڵوەرینی قژ؟
د.سەعیدی: كاریگەری دەبێت بەتایبەت لەدوای باڵغبوون، كوڕ یان كچ ئەگەر كێشەی هۆرمۆنی هەبێت، هەڵوەرینی قژ دەست پێ دەكات تا تەمەنی 30 بۆ 50 ساڵی بەردەوامی دەبێت.
سڤیل: ئایا باوك یان دایك گەر كێشەی هەڵوەرینیان هەبوو، كاریگەری لەسەر منداڵەكان دەبێت؟
د.سەعیدی: بەڵێ كاریگەری دەبێت، بەتایبەت ئەگەر باوك یان خاڵۆ تووشی قژ هەڵوەرین بوو، لەوانەیە ئەو حاڵەتە لەناو ئەو خێزانە زیاتر بێت تا خێزانێكی دیكە.
سڤیل: بۆ دیاریكردنی قژ هەڵوەرین پزیشك چ رێگایەك دەگرێتە بەر؟
د.سەعیدی: پێویستە دكتۆر یەكەم جار دیاری بكات، ئایا ئەو قژ هەڵوەرینە پەیوەندی بەخێزانیەوە هەیە، یان بە حاڵەتی دیكەی وەك نەخۆشی، ئەگەر خێزانی یان حاڵەتێكی ئاسایی بوو، واتە لەئەنجامی نەخۆشی نەبوو، ئەوكات دكتۆر دێت دەرمانی بەرگری هەڵوەرینی بۆ دەنووسێت، بەئامانجی ئەوەی لەوە زیاتر هەڵنەوەرێت، بەڵام بەشێكی زۆری ئەوانەی تووشی قژهەڵوەرین هاتوون، دەبێت چاندنی موو ئەنجام بدەن.
سڤیل: زۆر لەو كۆمپانیایانەی بواری بەرهەمهێنانی شامپۆ باس لەوە دەكەن، كە شامپۆكەی ئەوان بۆ قژ دەرەجە یەكە، ئایا شامپۆ تاچەند كاریگەری لەهەڵوەرینی قژ هەیە؟
د.سەعیدی: شامپۆ زۆر كاریگەری لەسەر قژ هەڵوەرین نییە، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین هەندێك شامپۆ هەیە پێكهاتەی باشتری تێدایە و كاریگەری لەمانەوەی زیاتری قژ هەیە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی خەڵك پێیوایە شامپۆ كاریگەری هەیە وانییە، چونكە شامپۆ توانای موعجیزەی نییە، واتە ناتوانێت قژ بهێنیتەوە، بەڵكو واپێویستە هەركەسەو بەپێی جۆری قژی خۆی، ئایا چەورە یان رەنگی چۆنە؟ شامپۆیەك دیاریبكات بۆ قژی خۆی، ئەوە زۆرە، بەڵام شامپۆ كاریگەری نییە.
سڤیل: ئایا تاچەند مانەوەی شامپۆ لەسەر قژ یان زۆر سەرشۆردن كاریگەری دەبێت لەهەڵوەرینی قژ؟
د.سەعیدی: بەهیچ شێوەیەك كاریگەریان لەهەڵوەرین نییە، تەنانەت هەندێك پێیوایە زۆر شانەكردن دەبێتە هەڵوەرین، بەو شێوەیە نییە و كاریگەری نییە.
سڤیل: خواردن تاچەند كاریگەری هەیە لەسەر هەڵوەرینی قژ؟
د.سەعیدی: ئەو جۆرەی كە پەیوەندی بەهۆرمۆنەوە هەیە و ئەو هەڵوەرینە باوە ئەوە خواردن زۆر كاریگەری نابێت، بەڵام ئەوانەی لەناكاو دەیانەوێت كێشیان كەمبێتەوە، دەبێت ئاگاداربن تووشی قژ هەڵوەرین دەبن.
سڤیل: هیچ جۆرە خواردنێك هەیە كاریگەری هێشتنەوەی مووی هەبێت؟
د.سەعیدی: بەپێی جۆری هەڵوەرینەكە دەتوانرێت كاریگەری هەبێت، بۆنمونە ئەوەی بەهۆی كەم خوێنیەوە تووشی قژ هەڵوەرین هاتبێت، بەدڵنیاییەوە دەبێت ئەو خۆراكانە زیاتر بەكاربێنی كە مادەی سانیان تێدایە، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك خۆراك هەیە كاریگەری خراپی هەیە بۆنمونە ئەو مریشكانەی ئێستا لەبازاڕ دەفرۆشرێن، ئەگەر بەشێوەیەكی خراپ گەورە كرابن، كاریگەری دەبێت لەسەر هەڵوەرینی قژ، بۆیە ئامۆژگاریم ئەوەیە لانی كەم ئەوانەی مریشك دەخۆن پێستی مریشكەكە بكەنەوە، باتوشی قژهەڵوەرین نەبن.
سڤیل: دەرمانێك هەیە كاریگەری هەبێت لەهاتنەوەی قژ؟
د.سەعیدی: نەخێر تا ئێستا نییە، ئەوە كۆمپانیاكانن هەمیشە بڵاوی دەكەنەوە، كە دەرمانێكیان هەیە 100% موو دێنێتەوە. ئەو دەرمانانەشی دكتۆر دەینوسی پێویستی بە كات هەیە بۆئەوەی لانی كەم بەرگری لەمانەوەی قژ بكات و نەبێتە هۆی هەڵوەرین.
سڤیل: كاتێكی دیاریكراو هەیە بۆ سپیبوونی قژ؟
د.سەعیدی: لەدوای تەمەنی 30ساڵی، رێژەیەكی كەمی كۆمەڵگە تووشی سەرسپیبوون دەبن، ئەویش زۆرجار بەهۆی خێزانیەوە، گەر باوكەكە زوو قژی سپی بوو لەوانەیە منداڵەكانیش وابن.
سڤیل: پەیامت بۆ ئەو گەنجانە چیە، كە تووشی قژ هەڵوەرین بوون؟
د.سەعیدی: واباشە كە هەڵوەرینی قژ دەستیپێكرد، سەردانی لای دكتۆر بكات، بۆئەوەی دكتۆر جۆری هەڵوەرینەكەی دیاریبكات.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com