|
سڤیل:
بيلال سەعید
سڤیل: سەنتەری هۆشیاری تەندروستی بۆچی
دامەزراوە و ئامانجی چیە؟
د.فەتاح: سەنتەرەكەمان سەنتەرێكی تایبەتی
مۆڵەت پێدراوە و لەگەڵ كۆمەڵە سەنتەرێكی تر
لەژێر چەترێكی هاوبەشدا كۆدەبنەوە بەناوی
كەپر، لەناوەڕاستی 2010 لەشاری سلێمانی
دامەزراوە. لەئەنجامی بوونی بۆشایی و
هەژاریەكی لەرادەبەدەر لەبواری هۆشیاری
تەندروستیدا لەلایەك و لەلایەكی تریشەوە
كتێبخانە و بەرهەمە رۆشنبیریەكان كەمترین
كاریان لەم بوارەدا كردووە، نەبوونی سەنتەرێك
و دەزگایەكی تایبەت لەم بوارەدا بوونە پاڵنەر
بۆ دامەزراندنی سەنتەری هۆشیاری تەندروستی كە
كۆمەڵێك كەسی پسپۆر لەبواری كاركردنیدا
بەشێوەیەكی خۆبەخش كاری تێدا دەكەن، كە
ئامانجمان بریتیە لەبەرزكردنەوەی ئاستی
هۆشیاری تەندروستی تاك بەتایبەتی و كۆمەڵگەی
كوردی بە تاك و گروپ، بەجۆرێك تاكەكانمان وەك
زۆربەی وڵاتانی تر بگەنە ستاندەری پەسەندكراوی
نێونەتەوەیی، چونكە ئەو توێژینەوانەی كە
لەبەردەستدان دەریان خستووە كەلێنێكی زۆر
لەبواری رۆشنبیری تەندروستیدا هەیە. هەروەها
لەتەواوی توێژینەوە پزیشكییە نوێكاندا
سەلمێنراوە، كە لەڕێگەی هۆشیاركردنەوەی تاك و
كۆمەڵگەوە دەتوانرێ رێگە لەزۆربەی زۆری
نەخۆشییە كوشندەكانی سەردەم بگیرێت.
سڤیل: گرنگی سەنتەر و رێكخراوی هۆشیاری
تەندروستی لەچیدا دەبینیتەوە؟
د.فەتاح: وەك دەزانرێت لەسەر ئاستی تاك و
تەنانەنەت كۆمەڵگەش بە دەزگا
تەندروستییەكانەوە پێویستە هۆشیاربوونی بواری
تەندروستی بكرێتە ستراتیژییەكی روون و ئاشكرا،
وەك ئەوەی لەوڵاتە پێشكەوتووەكاندا دەبینرێت.
لەبەرئەوەی هۆشیاری تەندروستی هەموو تاكێك
پێویستی پێیەتی و دەتوانرێت بەبڕێك تێچوونی
كەم پارەیەكی زۆر بگەڕێتەوە سەر دەخڵی حكومەت
و تاك. زۆرجار نەبوونی هۆشیاری تەندروستی تاك
گرفتی گەورە دروست دەكات و دەبێتە هۆكاری
سودنەبینینی دروست لەخزمەتگوزارییە
تەندروستیەكان.
سڤیل: سەنتەری هۆشیاری تاك لەلایەن چی
دامەزراوەیەكەوە پشتگیری دەكرێت؟
د.فەتاح: سەنتەرەكەمان كۆمەڵێك گەنجی خۆبەخش
كاری تێدادەكەن و تائێستا لەلایەن هیچ جۆرە
دەزگایەكی حكومی و ناحكومی و تایبەتیەوە
هاوكاری نەكراوین و هەموو چالاكیەكانمان خۆمان
پێ هەڵساوین. زۆرجار ناچار دەبین بۆ
دابینكردنی سەرچاوەی ماددی خزمەتگوزاری و
چالاكییەكانمان بفرۆشین كە ئەمە بەكارێكی باش
نازانین، چونكە ئەو خزمەتگوزاریانەی ئێمە
كۆمەڵگە و تاك پێویستی پێیەتی و دەبێت
بەخۆرایی بگاتە دەستی هاوڵاتی، بەڵام ناچارین
لەبەرنەبوونی یارمەتی ماددی ئەم كارە بكەین.
سڤیل: ئەو كار و پرۆژانەی سەنتەرەكەی ئێوە پێی
هەستاوە چیە؟
د.فەتاح: سەنتەرەكەمان چەندین چالاكی و
بەرهەمی جۆربەجۆری هەیە، لەوانە بەشداریكردن
لەچەندین كۆڕ و سیمینار و كۆبوونەوە و
پێشكەشكردنی توێژینەوەو بابەتی زانستی
پەیوەندار، یارمەتیدانی زیاتر لەسەد خوێندكار
و قوتابی خوێندنی باڵا لەسەر شێوازی
ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی و كردنەوەی خولی
راهێنان لەم بارەیەوە، دەرچوونی چوار بەرهەمی
یەكەمی (چوار نامیلكە) لەزنجیرە بەرهەمێكی چل
(40) ژمارەییدا كە لەماوەیەكی نزیكدا چوار
بەرهەمی تر دەردەچن، كردنەوەی خولی راهێنان
بەهاوبەشی لەگەڵ چەند سەنتەر و ناوەندێكی
تردا.
سڤیل: بەرنامەی تازەی سەنتەرەكەتان چی دەبێت؟
د.فەتاح: بەرنامەی تازەمان بریتی دەبێت
لەتەواوكردنی زنجیرەی چل نامیلكەیی لەسەر چل
بابەتی تەندروستی، دروستكردنی (10) سیدی
بەزمانی كوردی بە دەنگ و رەنگ لەسەر دە بابەتی
سەرەكی هۆشیاری تەندروستی بۆ هاوڵاتیان،
ئەنجامدانی زنجیرە خولێكی هۆشیاركردنەوە بۆ
گروپە جیاوازەكانی كۆمەڵگە، ئەنجامدانی چەند
توێژینەوەیەك لەسەر هەڵسەنگاندنی ئاستی
هۆشیاری تەندروستی تاك و كۆمەڵگە.
سڤیل: ئەو ئامرازانە چییە، كە سەنتەرەكەتان
دەیەوێت ئامانجەكانی بەدیبهێنێت؟
د.فەتاح: گرنگترین رێگاكان بریتین
لەبەكارهێنانی هۆكارەكانی راگەیاندن بەهەموو
جۆرەكانیانەوە (بینراو و بیستراو و خوێنراو)،
كردنەوەی خولی هۆشیاركردنەوە بۆ توێژە
جیاوازەكان لەشێوەی سیمینار و وۆرك شۆپ،
كردنەوەی خولی ڕاهێنان بۆ پێگەیاندنی ڕاهێنەر
بەشێوەیەكی پێشكەوتوو بۆ ئەو دەزگا حكومی
(وەزارەتی تەندروستی و هتد) و ناحكومیەكان
(نەخۆشخانە ئەهلییەكان و رێكخراوە
مەدەنییەكان) كە كار لەبواری تەندروستیدا
دەكەن. لەگەڵ ئەوەشدا سەنتەرەكەمان ئامادەیە
بۆ هەموو جۆرە هەمئاهەنگییەك لەگەڵ ڕێكخراوە
حكومی و ناحكومییەكان كە دەیانەوێت لەبواری
هۆشیاری تەندروستیدا كار بكەن لەڕێگەی
ئامادەكردنی ڕاهێنەر (پزیشكی پسپۆر) و ماددەی
ئامادەكراو (بینراو و بیستراو و خوێنراو).
سڤیل: گرفتەكانی بەردەم سەنتەرەكە چین؟
د.فەتاح: گرفتی سەرەكی سەنتەرەكەمان بریتییە
لەنەبوونی پاڵپشتی ماددی و مەعنەوی، بەجۆرێك
زۆر جار بووە بەهۆكاری دواخستنی كارەكانمان،
لێرەوە پێویستمان بە هاوكاری ماددی و مەعنەوی
هەر كەس و دەزگایەك و لایەنێك هەیە، كە بیەوێت
هاواكاریمان بكات و ئامادەین حەقی مەعنەوی
بدەینە ئەو كەسەی كە چالاكییەكی تایبەتی
سەنتەرەكەمان لەئەستۆ بگرێت بەدانانی ناو و
لۆگۆی خۆی لەسەر بەرهەمەكە.
|