دیە: دەمەوێت وابكەم هەموو خەڵك گوێ لە مۆسیقای كلاسیك بگرێت  

 

 

سڤیل:
كچە میوزیكژەن دیە فەریدون دوای بڵاوبوونەوەی كلیپەكە نوێیەكەی، كە لەدیمەنێكدا بەشێوەی چارلی چاپلن دەركەوتووە، بە(سڤیل)ـی راگەیاند، لەسەر نوێكردنەوە و دەستكاریكردنی میوزیكی كلاسیك بەردەوام دەبێت.
دیە فەریدون، لەشاری كەركوك لەدایكبووە و ئێستا دانیشتووی شاری هەولێرە، قوتابی قۆناغی چوارەمی پەیمانگای هونەرە جوانەكانە، هەفتەی رابردوو كلیپە میوزیكیەكەی بڵاوكردەوە، كە میوزیكێكی كلاسیكی جیهانییە بەناوی (هەنگاریان دانس)، دانەرەكەی (برانس)ـە، بەڵام دیە فەرەیدون بە تێكەڵكردنی كوردی و شەرقی مۆسیقاكەی نوێكردۆتەوە، هەفتەی رابردوو كلیپەكەی بڵاوكردەوە، لە دیمەنێكی كلیپەكەدا دیە لاسایی چارلی چاپلن دەكاتەوە، لەوبارەیەوە دیە بە (سڤیل)ـی راگەیاند "هەموو مۆسیقییە هاوڕێكانم پێیان شتێكی جوان و تازە بوو، بۆ من شتێكی باوەڕنەكراو بوو، چونكە زۆربەی مۆسیقاژەنە كلاسیكەكان مۆسیقای كلاسیكیان لاپیرۆزە و قبوڵ ناكەن دەستكاری مۆسیقای كلاسیك بكرێت، بەڵام من دابەشكردنێكی كوردی- شەرقیم بۆ كرد، بۆیە دەمەوێت لەسەر ئەم جۆرە ئیشەكردنە بەردەوام بم و وابكەم تەنانەت خەڵكێكی ئاسایی گوێ لە مۆسیقای كلاسیك بگرێت، باشترین شت ئەوەیە بەشێوەیەكی نوێ مۆسیقای كلاسیك بخرێتە بەرگوێی خەڵك، بۆ ئەوەی هەموو جۆرە خەڵكێك گوێ لە مۆسیقای كلاسیك بگرێت".
دیە ئاماژەی بەوەشدا خۆی بیرۆكەی كلیپەكە داناوە و ویستویەتی لاسایی چارلی چاپلن بكاتەوە و دەڵێ "هەرچەندە بۆ من زەحمەت بوو لاسایی چارلی بكەمەوە، بەڵام ستایلی قژم گۆڕی و سمێڵیشم دانا، بۆ ئەوەی روخسارم بەو بچێت".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com