|
سڤیل:
بێخاڵ حوسێن
ئاواز سەلیم، بێژەری رادیۆی نەوا بۆ (سڤیل)ی
ئاشكرای كرد، هەشت ساڵ پێش ئێستا ویستوویەتی
واز لەكاری بێژەری بێنێ، وەك خۆی دەڵێ بۆ
ئەوەی لەكێشە بەدوور بێ، بەڵام نەیانهێشت
وازبێنێ. ئاواز سەلیم ساڵی 1972 لەكەركوك
لەدایكبووە و ئێستا دانیشتووی سلێمانیە،
تاوەكو شەشی ئامادەیی خوێندووە و ساڵی 2003
لەرادیۆی زەحمەتكێشان لەكەركوك دەستی بەكاری
بێژەری كردووە، بەڵام تەنیا یەك مانگ بەردەوام
بوو. ئاواز لەلێدوانێكیدا بە(سڤیل)ی راگەیاند
"لەبەرئەوەی تووشی هەندێ كێشە بووم، ماوەیەك
وازم لەبێژەری هێنا و دواتر لە رادیۆی عێراقی
نوێ كارم كرد، ئەو كاتە بەهاوكاری هێزەكانی
ئەمریكا لەكەركوك دامەزرا، لەوێش كاك كوردە
بەڕێوەبەری ئەوكاتی رادیۆیەكە و بەڕێوەبەری
ئێستام لەرادیۆی نەوا تێستی كردم و گوتی تۆ
دەنگت خۆشە دەبێ كاری بێژەری بكەی، بەڵام من
پێم خۆشبوو وەك ئیدارە وەرگیرێم و بێژەری
نەكەم، بۆ ئەوەی خۆم لەهەندێ كێشە لادەم،
بەڵام ئەو نەیهێشت". لەگەڵ ئەوەشدا ئاواز
خۆشحاڵە بەوەی ئێستا خەڵك لەكاری راگەیاندن
تێگەیشتوون و رۆژ لەدوای رۆژیش راگەیاندنكاری
ئافرەت لەزیادبووندان و دەڵێ "راگەیاندن
كارێكی زۆر پیرۆزە، پێشتر كۆمەڵگەی ئێمە
تێروانینێكی ناڕەوایان لەسەر ئەم كارە هەبوو،
بەڵام ئێستا وردە وردە تێدەگەن، كە ئەمەش وەكو
هەموو كارەكانی دیكە خزمەت بەئەوان دەكات و
بگرە ئێمە زیاتر لەهەموو كارمەندانی شوێنەكانی
دیكە هیلاكترین و پشوومان نییە، تەنیا
مەبەستمانە كێشەكانی هاوڵاتیان بگەیەنینە
شوێنی خۆی و چارەسەر بكرێ". |