شادی، پێشكەشكار لە كەناڵی هەولێر: لەبەر قسەوقسەڵۆكی خەڵكی وازم هێنا  

 

 

سڤیل: زانا دزەیی
شادی بەكر خانمە پێشكەشكاری بەرنامەی پیشە لەكەناڵی هەولێر بۆ (سڤیل) ئاشكرایكرد، كاتێك لەكلیپی گۆرانیبێژی لاو رەوەند سەڵاح بەشداریكرد، لەلایەن خەڵكەوە قسەوباسێكی زۆری بەدواكەوت، بۆیە بڕیاریدا بەشداری لەكلیپ نەكاتەوە.
شادی بەكر، خەڵكی كوردستانی رۆژهەڵاتە و ساڵی 1987 لەشاری نەغەدە لەدایكبووە، هەشت ساڵە ئێرانیان جێهێشتووە و لەكوردستان نیشتەجێن. لێرە دەستی بەپێشكەشكاری كرد و دواتر لەكلیپی گۆرانیبێژ رەوەند سەڵاح بەشداری كرد، بەڵام ئێستا ئامادە نییە بەشداری لەكلیپ بكات. شادی لەلێدوانێكیدا بۆ (سڤیل) گوتی "لەبەر برادەرایەتی بەشداریم لەكلیپی رەوەند سەڵاح كرد، خۆشم كلیپەكەم بەدڵ بوو، رۆڵەكەم نمایشكردنی جلی كوردی بوو، بۆیە قبوڵم كرد، بەڵام كە كلیپەكە بڵاوكرایەوە خەڵك بەچاوێكی زۆر خراپ سەیریان كردم، قسەوباسێكی زۆرم بەدواكەوت، بۆیە بڕیامدا جارێكی تر كلیپ نەكەمەوە".
شادی لەپێشكەشكردنی بەرنامەی "شێوازێكی نوێ" لەكەناڵی زاگرۆس دەركەوت و دواتر بووە پێشكەشكاری بەرنامەی "ئێوارە باش كوردستان" لەكەناڵی نەورۆز، ئێستاش پێشكەشكاری بەرنامەی "پیشە"یە لەكەناڵی هەولێر، دەڵێت "ناتوانم واز لەراگەیاندن بێنم، ئەوە حەزی خۆمە، هەوڵدەدەم زیاتر لەكاری راگەیاندن بەرەوپێش بڕۆم، زۆر سوپاسی هاوسەرەكەم دەكەم لەكاری راگەیاندن زۆر هاوكاریم دەكات، چونكە خۆیشی راگەیاندنكارە". جگە لەحەزی راگەیاندن، شادی دەڵێت "ئەگەر كەسێكی باش هەبێ و یارمەتیم بدات ئامادەم ئیشی نمایشكاری جلوبەرگی كوردی بكەم، هەموو وڵاتێك گرنگی بەجلوبەرگی خۆیان دەدەن و فیستیڤاڵی گەورەی بۆ ئەنجام دەدەن، خەڵكانی زۆر لەوڵاتان شارەزای جلوبەرگی یەكترن".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com