ئافرەتان قسەی سەدۆ مەشكێنن  

 

 سڤیل: ئەحمەد تاریق
سەدۆ ئەكتەرێكی درامای (كۆچ)ـی تەلەڤزیۆنی یەكگرتوو بوو، بەشداریشی لەچەندین "فیلمی سیدی" كردووە و ئێستا ئەندامی تیپی تەباییە و داوا لەئافرەتان دەكات بێنە پێشەوە و بەشداری لەكاری هونەریدا بكەن.
رەفیق ساڵح حەمەد، لەساڵی 1969 لەشاری هەولێر لەدایكبووە، بەرۆڵی (سەدۆ) بەشداری لەدرامای (كۆچ) كرد و (سەدۆ) جێگای ناوە راستەقینەكەی گرتەوە و ئێستا خەڵك هەر بەسەدۆ بانگی دەكەن، سەدۆ بە(سڤیل)ـی راگەیاند، "هونەر لەلای من كارێكی پیرۆزە، منیش وەك هیوایەت كاری هونەریم هەڵبژارد، وەك پیشە حیساب بۆ هونەر ناكەم"، سەدۆ سەرەتای كاركردنی خۆی لەهونەردا باس كرد و گوتی "یەكەم كاری هونەریم لەشانۆوە دەستپێكرد، لەساڵی 1988 شانۆیەكمان بەناوی (شەمۆ شەماڵ) لەدەرهێنانی ئەرسەلان سابیر پێشكەش كرد، كە كارێكی سیاسی بوو، بەڵام لەقالبێكی كۆمیدی. من لێرەوە زۆر سوپاسی كاك ئەرسەلان سابیر دەكەم و تامردن خۆم بەقەرزاری دەزانم، چونكە ئەو دەستی گرتم و منی هێنایە سەر تەختەی شانۆ".
سەدۆ داوا لەئافرەتان دەكات، هونەر بكەنە پیشەی خۆیان و بێن بەشداری كاری هونەری بكەن، ئامادەیی هاوكاری تیپەكەی خۆیشی نیشان دا، بۆ هەر ئافرەتێك بەیەوێ كاری هونەری تێدا بكات و گوتی "لەبواری نواندن ئافرەتی هونەرمەندمان كەمە، حەزیش دەكەین ئافرەتی نوێ ئەگەر بێتە ناو كارەكانمانن وەكو بەرێزێك و خوشك تەعامولی لەگەڵ دەكەین، راستە لەوانەیە هونەركردنی ئەوان سەخت بێت، بەڵام هیچ كارێك بەبێ زەحمەت و سەختی ناكرێ، من لێرەوە داوایان لێ دەكەم، لەقسەی خەڵك نەترسن و هەر ئافرەتێك بێتە ناو تیپەكەمانەوە بەڵێنی هاوكاریكردن دەدەم و هەر كەسێك ئیشی جوان بكات، دەستخۆشی لێدەكەم".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com