وەلیـــــد مەعـــروف تفی لـــــە ڤیستیڤاڵەكەی هەولێر كرد  

 

سڤیل: زیاد ئیسماعیل
وەلید مەعروف بەڕێوەبەری پێشووی سینەمای هەولێر، لەكاتی ئامادەبوونیدا لەفیستیڤاڵی كورتە فیلمی (داربەڕووی زێرین) كە لەشاری هەولێر بەڕێوەچوو، تفی لەڤیستیڤاڵەكە كرد و لەوبارەوەش بە(سڤیل)ـی راگەیاند، كە نەیانهێشتووە لەڤیستیڤاڵەكەدا رەخنەی خۆی ئاراستە بكات، بۆیە پەنای بۆ تف بردووە.
لەڕۆژی سێیەمی ڤیستیڤاڵی (داربەڕووی زێرین)، بۆ نمایشكردنی كورتە فیلم، كە لەهۆڵی میدیای شاری هەولێر بەرێوەچوو، هونەرمەند وەلید مەعروف رەخنەی لەچۆنییەنی رێكخستنی ڤیستیڤاڵەكە گرت و لەبەرئەوەی نەیانهێشت وەك هونەرمەندێكی ئامادەبوو لەكۆڕەكەدا قسەی خۆی بكات، تفی لە ڤیستیڤاڵەكە كرد، لەوبارەیەوە مەعروف بە (سڤیل)ـی راگەیاند، "ئێمە هونەرمەندین دەبێ قسە بكەین، موحسین محەمەد رەخنەگرە، كاتێك لەرۆژنامەكان رەخنە دەگرێ، بەئارەزووی خۆی قسە دەكات، بەڵام ئێمەش لەو كۆڕەدا دەبێت حەقی رەخنە و قسەكردنمان هەبێت، بەڵام كاتێك نەهێڵن قسە بكەین، ئێمەش حەقی خۆمانە توڕە بین و رێگای تر بگرینەبەر".
لەوبارەیەوە (سڤیل) پەیوەندی بە موحسین محەمەد كۆڕگێری ڤیستیڤاڵەكە كرد و رایگەیاند، "وەلید مەعروف هەروایە و لێی ناگیرێ"، گوتیشی "نەدەبوو تفی بكردبوایە، من پێم خۆشە رەخنەی توند و هەنجرهەنجركەر هەبێت، بەڵام وەلید خۆی هەروایە ئسلوبەكەی وایە، ئێمە دەتوانین بەشێوەیەك لەرەخنە وەڵامی بدەینەوە، كە نەك هەر لەناو گۆشتەكە، بەڵكو هەر لەناو ئێسقانەكەی بمێنێتەوە".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com