|
یاریزانی
پێشوو و راهێنەری بەڕازیلی "كارلۆس ئەلبێرتۆ"
كە ئێستا راهێنەری هەڵبژاردەی ئەفریقیای
باشوورە، هێرشی توندە كردە سەر "كارلۆس
دۆنگا"ی راهێنەری هەڵبژاردەی بەڕازیل و پێی
وایە "بە گرتنەبەری شێوازێكی سەربازییانە لە
سەركردایەتیكردنی تیمەكەیدا، گاڵتە بە خاكوخۆڵ
و ناوبانگی بەڕازیلەوە دەكات".
ئەلبێرتۆ زیاتر لە بارەی هەڵبژاردەی
بەڕازیلەوە دەڵێت "ئەم شێوازی یاریكردنەی
ئێستای هەڵبژاردەی بەڕازیل بە هیچ سەرەداوێك
ناچێتەوە سەر تۆپی پێی بەڕازیلی و بۆتە
هەڵبژاردەیەكی ئەوروپی نەزۆك و بێبەر. تاكە
یاریزان كاكایە كە بەڕازیلیەكان بەدڵیان بێت و
پێی سەرسام بن. بەڵام باوەڕیش ناكەم بەڕازیل
بەو عەقڵیەتە جامی جیهانی بباتەوە".
جگە لە رەخنەی پسپۆرانی وەرزشی، لەگەڵ دەسپێكی
جامی جیهانیدا دۆنگا لە پاڵ سێ كێبڕكێكارەكەی
گروپەكەی خۆی "كۆدیڤوار، پورتوگال، كۆریای
باكوور"، رووبەرووی راگەیاندنەكانی بەڕازیلیش
دەبێتەوە. ئەو لە سەرەتاوە پەیوەندیەكی باشی
لەگەڵ راگەیاندنەكاندا نەبووە. دواجاریش بۆ
جاری سێیەم رێگای پێنەدان لە مەشقەكانی
هەڵبژاردەی بەڕازیل ئامادە بن. دۆنگە رەخنەی
توندی لە راگەیاندنەكان گرت و وتی "ئێستا 300
رۆژنامەنوسی بەڕازیلی لە باشووری ئەفریقیادا
هەن و ئاواتیان ئەوەیە هەڵبژاردەكەیان لە خولی
یەكەمدا دوور بخرێتەوە، تەنیا بۆ ئەوەی بڵێن،
كە ئەوان لە رەخنەگرتنیان لە من لەسەر حەق
بوون و تەنیا بە بەخت جامی ئەمریكای باشوور
"2007" و پاڵەوانیەتی جامی كیشوەرەكانمان لە
ساڵی 2009 بەدەست هێنابێت".
|