|
سڤیل:
رەوەند جەواد
گۆرانیبێژ تەها حاجی لەلێدوانێكیدا بۆ (سڤیل)
ئەوە ئاشكرا دەكات، كە گۆرانی (دەپێم بڵێن)ی
ئومێد باڵەبان "18ساڵ لەمەوبەر بەناوی لەیلا
مەڕۆ تۆمارم كردووە".
گۆرانیبێژ تەها حاجی كە زیاتر لە 20 ساڵە
گۆرانی دەڵێ و كلیپی نییە، لەلێدوانێكی
تایبەتی بۆ (سڤیل) گوتی "ئەو گۆرانیەی ئومێد
باڵەبان كە بەناوی (دەپێم بڵێن)ە، من لەساڵی
1992 ئەو ئاوازەم گوتووە، كە بە ناوی لەیلا
مەڕۆ بوو، ئەو گۆرانیەی ئومێد باڵەبان هەمان
ئەو مۆسیقایەیە كە من تۆمارم كردووە، بەڵام
تۆزێك دەستكاری كردووە". هەر لەلێدوانەكەیدا
تەها حاجی نیگەرانی خۆی لەوە دەربڕی كە ئەو
گۆرانیە بە ناوی فۆلكلۆر تۆماركراوە، ئەو گوتی
"نیگەرانم بەوەی كە پرس و رای بە من نەكردووە،
ئەو ئاوازەكەی بە (گەلەری) نووسیوە، ئەو
ئاوازە یەكەمجار من گوتوومە بە ئاگاداری
چەندان كەس، بۆ من هیچ كێشە نیە، بەڵام
لەتایتلی گۆرانیەكە نەنووسی ئاوازی خۆمە،
چونكە من كاسێتم بەڵگەیە و لەساڵی 1992ئەم
گۆرانیەم گوتووە". گۆرانیبێژ تەها حاجی بەوە
ناسراوە كە سەرجەم گۆرانییەكانی لەئاوازی
توركی پێكهاتووە، خۆشی ئەوە ناشارێتەوە و
لەسەرەتای نۆهەدەكانیش خاوەن جەماوەرێكی زۆر
بوو، رۆژنامەنووسێكی هونەری بەبیانووی ئەوەی
نەچێتە ناو ئەو كێشەیە رازی نەبوو ناوی ئاشكرا
بكرێت، لە لێدوانێكی بۆ (سڤیل) گوتی "راستە
ئەو گۆرانیە بە دەنگی تەها حاجی گوتراوە بە
ناوی لەیلا مەڕۆ، بەڵام تەهاش دەبێت بزانێت
ئەو ئاوازە توركییە، ئەوەی ئومێد گوتویەتی هەر
ئەوەی تەهایە، بەڵام ئاوازەكە دابەشكردنێكی
نوێی بۆ كراوە".
|