|
ئا:
مەریوان عومەر
ئەفسانەی تۆپی پێی فەرەنسی "زێنەدین زێدان"
دانی بەوەدانا، كە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین هەرە
بەهێزترین پاڵێوراوی بەدەستهێنانی جامی جیهانی
2011ی ئەفریقایە.
زێدان لەدیمانەیەكیدا لەگەڵ ماڵپەڕی فەرمی
"فیفا" وتی "ئەرجەنتین هەڵبژاردەیەكی باشە و
ریزەكانی لەرووی بەرگری و هێرشكردنەوە تۆكمە و
بەهێزن، گۆڵی زۆری لێناكرێت، بۆیە من پێم وایە
هەرە نزیكترین هەڵبژاردەیە لەبەدەستهێنانی
جامی جیهانی، بەڵام هەڵبژاردەی تریش
لەمۆندیالدا هەن، كە رەنگە موفاجەئە دروست
بكەن".
هەر لەبارەی ئاستی هەڵبژاردەكانی جامی جیهانی
زێدانی ئەستێرەی پێشووی ریال مەدرید دەڵێ
"بەئاستی ئەم پاڵەوانیەتیەی جامی جیهانی
سەرسام نیم، یارییەكی باشم نەبینیوە، هەست
دەكەم هەموو تیمەكان تەنیا بەشێوازی بەرگری
یاری دەكەن، هیوادارم لەخولی شازدەدا ئەدایەكی
باشتری هەڵبژاردەكان ببینین".
هەرچەندە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین زەحمەتی زۆری
بینی، تا لەیاریەكانی پاڵاوتنی ئەمریكای
باشوورەوە سەركەوتنی بۆ مۆندیال بەدەست هێنا،
كە لە 18 یاریدا (8) بردنەوە و (6) دۆڕان و
(4) یەكسانی هەبوو، یەكەم دۆڕانی لەنێو خاك و
جەماوەری خۆی بوو بەئەنجامی (1-0) بەرامبەر بە
چیلی، پاشان توشی دۆڕانێكی گەورە بوو لەسەر
دەستی بۆلیڤیا بەئەنجامی (6-1)، دواتریش
بەئەنجامی (3-1) لەنێو خاك و جەماوەری خۆی بە
هەڵبژاردەی بەڕازیل دۆڕا.
جگە لەمانەش رەخنەی زۆر لە "مارادۆنا"ی
راهێنەری هەڵبژاردەكە دەگیرێ، بەهۆی ئاستی
خراپی ئەرجەنتین لەپاڵاوتنەكان و بانگهێشت
نەكردنی چەند ئەستێرەیەكی هاوشێوەی "زانێتی و
كامپیاسۆ و ریكێلمی"، وەك پلاتینی لەبارەیەوە
وتویەتی "مارادۆنا یاریزانێكی باش بوو، بەڵام
راهێنەرێكی باش نییە"، یا وەك بێلیە دەڵێت
"تەنیا لەپێناو پۆست و پارە ئەم ئەركەی
وەرگرتووە". بەڵام ئێستا بەهۆی بوونی
ژمارەیەكی زۆر ئەستێرەی تۆپی پێی جیهانی
لەریزەكانیدا، زۆربەی بۆچوونەكان بە بەهێزترین
پاڵێوراوی بەدەستهێنانی ئەم جامەی دەزانن،
دوای دابڕانی بۆ ماوەی 24 ساڵ لە بەدەستهێنانی
جامی جیهانی، لە ساڵی (1986)ەوە.
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لەهێڵی هێرشبرندا هەرە
باشترین گۆڵكارەكانی خولەكانی ئەروپای
لەخۆگرتووە، هەریەكە لە (لیۆنێل میسی،
هیگواین، ئۆگوێرۆ) لەگۆڵكارە بەتواناكانی خولی
ئسپانیان، (تیڤێز) لە خولی ئینگلیزی و هەروەك
(میلیتۆ)ش توانی جامی پاڵەوانانی ئەوروپا
لەگەڵ ئینتەرمیلاندا بەدەست بهێنێت. جگە
لەچەندین ئەستێرەی تر لەهێلی بەرگری و
ناوەڕاستدا.
پێشتریش ئەم هەڵبژاردەیە چەندین نازناوی
جیهانی بەدەست هێناوە، 4 جار گەیشتۆتە
كۆتاییەكانی جامی جیهانی، لە ساڵی 1978
لەهۆڵەندای بردەوە، لە 1986 سەركەوتنی بەسەر
ئەڵمانیادا بەدەستهێنا، لەهەردوو كۆتاییەكانی
1930 و 1990یشدا بەرامبەر بە ئۆرۆگوای و
ئەڵمانیا دۆڕاوە. ئەم بۆچوونانەش سەبارەت بە
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بەهێزتربوون، كاتێك
بینرا كە ئەرجەنتین لەهەرسێ یاریەكەی گروپەكەی
خۆیدا ئاستێكی بەرزی نیشاندا و بە پلەی یەكەم
9 خاڵی كۆكردەوە. لەخولی شازدەشدا رووبەرووی
هەڵبژاردەی مەكسیك دەبێتەوە.
|