جیرارد: گەر رێنماییەكانی كاپیلۆ جێبەجێ بكەین، شكست بە هەموو هەڵبژاردەیەك دەهێنین  

 

 

"ستیڤن جیرارد"ی یاریزان و كاپتنی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لە لێدوانێكیدا لەدوای بردنەوەكەیان لەهەڵبژاردەی "سلۆڤینیا" وتی "گەر یاریزانانمان رێنماییەكانی فابیۆ كاپیلۆی راهێنەر بە تەواوەتی جێبەجێ بكەن، لەداهاتوودا شكست بە هەر هەڵبژاردەیەك دەهێنین".
جیرارد لەدیمانەیەكی لەگەڵ كەناڵی "بی بی سی"دا ئاماژەی بەوەدا، كە بردنەوەكەیان لەیاریەكەی سلۆڤینیا بە هۆی لەگوێگرتنی رێنماییەكانی كاپیلۆوە بوو. وتیشی "هەموو لایەك گومانیان لەتواناكانی ئێمە هەبوو، بەڵام ئێستا ئێمە بەرەو پێشەوە دەچین و ئاستیمشان لەیاریەكەوە بۆ یەكێكی تر باشتر دەبێت".
جیرارد دەرچووی قوتابخانەی تۆپی پێی "لیڤەرپوول"ە، یاریزانێكە بە جموجۆڵ و گڕوتینی زۆر و یاریكردنی شێوە جەنگاوەرانەی لەناوەڕاستی یاریگادا ناسراوە. بەشێوازێكی سەرسەخت بەرگری دەكات و بەهێز و خێراییەكی زۆریشەوە هێرش دەباتە سەر تیمی بەرامبەر. جیرارد بەر لەتەمەنی 18 ساڵی یەكەم یاری لەساڵی 1996 لەگەڵ یانەی لیڤەرپوولدا كردوە، پاشان لە 1998 چووە ریزی یانەی پلە یەكی لیڤەرپوول. نزیكەی 180 یاری بۆ ئەو یانەیە ئەنجام داوە و زیاتر لە 20 گۆڵیشی تۆمار كردوە. لەمۆندیالی 2010ی ئەفریقاشدا، سەركردایەتی تیمی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا دەكات و لەیەكەمین یاریشیاندا لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەمریكا، گۆڵی یەكەمی ئینگلتەڕای بە شێوازێكی جوان تۆمار كرد. ئێستاش "ساندرو روسیل"ی سەرۆكی تازە دەسبەكاربوونی بەرشەلۆنە، بە تواناكانی جیرارد سەرسامە و چاوی بڕیوەتە ئەو یاریزانە، كە بەهەر شێوەیەك بێت بیهێنێتە ریزەكانی بەرشەلۆنەوە.
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com