ئۆگوێرۆ = رۆناڵدۆ + كاكا + هیگواین + بڕێك پارە !!!  

 

 

"ئێنریك سیریزۆ"ی سەرۆكی یانەی "ئەتلەنتیكۆ مەدرید"ی ئیسپانی وەڵامی ئەو پڕوپاگەندانەی دایەوە، كە باس لەهەوڵەكانی دراوسێ و نەیاری سەرسەختی یانەكەیان "ریال مەدرید" بۆ بەستنی بۆندێك لەگەڵ هێرشبەری یانەكەیان و یاریزانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین "سێرگیۆ ئۆگوێرۆ" دەكەن. سیریزۆ لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا بە گاڵتەجاڕییەوە گوتی "دەكرێ بۆ یانەی ریال مەدرید واز لە ئۆگوێرۆ بهێنین، بەڵام بەرامبەر بە سێ لەهەرە دیارترین یاریزانەكانی ریال (كریستیانۆ و كاكا و هیگواین) هەروەها لەگەڵ بڕێك پارەش"!!! وەك ئاماژەیەك بۆ یانەی ریال مەدرید، كە یانەكەی ئامادە نیە دەسبەرداری ئەستێرەی ئەرجەنتینی "ئۆگوێرۆ" بێت، كە لەساڵی 2006 بەبڕی 23 ملیۆن یۆرۆ چۆتە ریزی یانەكەیان و 144 یاری بۆ ئەنجام داون و 55 گۆڵیشی تۆمار كردوە.
"سیرگیۆ لیۆنێل ئۆگوێرۆ" لە 2ی ئایاری 1988 لە "كۆیملس" لە "بیونس ئایرس"ی پایتەختی ئەرجەنتین لەدایك بووە. لە 7ی ئایاری 2003دا وەك بچووكترین یاریزان لە مێژووی خولی ئەرجەنتینیدا یاری كردوە، كە ئەوكات تەمەنی تەنیا 15 ساڵان بوو، 53 یاری بۆ یانەی "ئیندیپێندەنت" ئەنجامدا و 23 گۆڵیشی بۆ تۆمار كرد. ساڵی 2006 بە بڕی 23 ملیۆن یۆرۆ چووە ریزی یانەی "ئەتلەنتیكۆ مەدرید"ی ئیسپانی. لەهەردوو ساڵەكانی 2005 و 2007دا جامی جیهانی لاوانی لەگەڵ هەڵبژاردەی لاوانی ئەرجەنتین بەدەست هێناوە، بە 6 گۆڵ نازناوی گۆڵكار و باشترین یاریزانی پاڵەوانیەتیەكەشی بەدەستهێناوە. ئۆگوێرۆی تەمەن 22 ساڵان ئێستا لەهێڵی هێرشبەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین یاری دەكات و زاوای "مارادۆنا"ی راهێنەری ئەرجەنتینە.
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com