|
هیگواین
بەردەوامە لەدەركەوتنی بەو ئاستە بەرزە و
درەوشانەوەی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتیندا، كە
تائێستا 4 گۆڵی تۆمار كردوە و دەرفەتیش لە
بەردەمیدا واڵایە گۆڵی زیاتریش تۆمار بكات.
دەكرا جارێكی تر هەمان چیرۆكی "داڤید تریزیگە"
دووبارە ببێتەوە و "گوانزالۆ هیگواین" بە
فانیلەی هەڵبژاردەی فەرەنسیەوە لەمۆندیال
ببینین، چونكە ئەم كوڕی یاریزانی پێشوو "خۆرخی
نیگۆلاس هیگواین"ە و لەفەرەنسا لە دایك بووە.
بەڵام گۆڵكاری ریال مەدرید و هەڵبژاردەی
ئەرجەنتین داخوازیەكەی "ریمۆن دۆمینیك"ی
راهێنەری فەرەنسای رەتكردەوە، كاتێك لە ساڵی
2006 داوایلێكرد لە یارییەكی دۆستانەدا لەگەڵ
فەرەنسا یاری بكات، بەڵكو چاوەڕێبوو تا
لەلایەن هەڵبژاردەی "تانگۆ"وە بۆ یاریكردن
بانگێشت كرا.
پێشتر تریزیگە كە كوڕی "جۆرج تریزیگە"ی
یاریزانی پێشووی ئەرجەنتینە، لەتەمەنی 18 ساڵی
و لە 1995 لەئەرجەنتینەوە رووی كردە یانەی
"مۆناكۆ"ی فەرەنسی. دواتر بڕیاریدا لەگەڵ
هەڵبژاردەی فەرەنسی یاری بكات، بە هۆی ئاستی
بەرزی و زۆری ژمارەی ئەو گۆڵانەی تۆماری
دەكردن، زۆر لەهاندەران بە "تریزیگۆڵ" ناویان
دەبرد.
|