(جانێ)ـیان لەبیر كرد  

 

 

سڤیل:
هونەرمەند جانێ كە ئێستا لەوڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێیە و رایگەیاند، داوەتی چلەی ماتەمی عیرفان زەنگەنەیان نەكردووە، كە لەڕۆژی 28/6/2010 لەهۆڵی (پێشەوا)ـی شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
هونەرمەند جانێ لەگەڵ چەندین هونەرمەندی كورد لەوڵاتی ئەڵمانیا بەنیازی بەرهەمهێنانی ئەلبوومێكی گۆرانی خۆیەتی، دەڵێ "ئەو ئەلبوومەم زۆر بەدڵە، هەموو گۆرانییەكانی كوردی و رەسەنن، بەڵام وابەزوویی كارە هونەرییەكانی تەواو نابێت". جانێ گلەیی لەڕێكخەرانی كەرنەڤاڵی عیرفان زەنگەنە هەیە، كە داوەتیان نەكردووە بۆ بەشداریكردنی، كە لەو كەرنەڤاڵەدا نزیكەی 100 هونەرمەند لەهەر چوار پارچەی كوردستان داوەت كرابوون، كە لەڕۆژی 28/6/2010 لەهۆڵی (پێشەوا)ـی وەزارەتی رۆشنبیری لەشاری هەولێر بەڕێوەچوو.
جانێ بۆ سڤیل دەڵێت "هیچ كەسێك داوەتی ئەو كەرنەڤاڵەی نەكردم و لەوبارەیەوە پەیوەندیشم پێوە نەكراوە، ئەگەر داوەتیان بكردایەم منیش بەشداریم دەكرد، كوردستان هی هەموو كوردێكە، بەڵام بەداخەوە لەبەرئەوەی كەس پێی نەگوتم، نەمتوانی بەشداری بكەم".
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com