|
ئەستێرەی
هەڵبژاردەی بەرزایلی "رۆبینیۆ" بە تۆماركردنی
گۆڵێك لەیاری بەرازیل بەرامبەر بە چیلی و
وەرگرتی خەڵاتی باشترین یاریزانی یاریەكە،
جارێكی تر سەلماندی كە ئەو هەمان یاریزانی
بەهرەمەندی پێشووە و شێوازی یاریكردنەكەشی
لەگەڵ هەڵبژاردەكەی جیاوازە وەك لەیانەی
مانچستەر سیتی.
رۆبییۆ كە بەجموجۆڵ و خێرایی لەیاریكردن و
گواستنەوەی تۆپدا ناسراوە، بەپلانی دۆنگا
لەهەڵبژاردەكەیدا بە زۆری لەلای راستدا یاری
دەكات، هەروەك بە پێی یاریەكانیش شوێنگۆڕكێ
لەگەڵ كاكا و لویس فابیانۆدا دەكا. بە هۆی
ئەوەی نەیتوانیوە بە پێی پێویست لەگەڵ یانەی
مانچستەر سیتیدا دەسكەوت بەدەست بهێنێت،
هاندەرانی ئەو یانەیە بە "جادووگەرە
خەوتووەكە" وەسفی دەكەن، بەڵام ئەفسانەی تۆپی
پێی بەرازیل و جامی جیهانی 1970 (تۆستاو)، كە
لەكۆی 54 یاریدا 32 گۆڵی بۆ هەڵبژاردەكەی
تۆمار كردوە، لەبارەی رۆبینۆوە دەڵێت "لە
ئینگلتەڕا دەیانەوێت رۆبینیۆ بە تەكتیك و
شێوازێكی دیاریكراوی یارییەوە ببەستنەوە،
ئەمەش ئەو ئازادییە لەجموجۆڵ و یاریكردندا بۆ
ئەو دەستەبەر ناكات، كە ئێستا لەبەڕازیلدا
هەیەتی. دەبینین جارێك لەدەستەراست و جارێك
لەدەستەچەپ و ناوەڕاست یاری دەكات، هیچ
شوێنێكی دیاریكراوی نیە. من پێم وایە ئەو
لەباشترین یاریزانەكانی جیهان بێت، تەنیا
لەرووی پێگەیشتنی كەسایەتیەوە كێشەی هەیە".
|