|
رەوەند
جەواد
كچە فیلمسازی ئێرانی شوهرە فەلاح وەحدەتی كە
بە فیلمی ئاه لەفیستڤالی كورتەفیلم لەهەولێر
بەشداری كردبوو، لە لێدوانێكی تایبەت بە
(سڤیل) ئەوەی ئاشكرا كرد، كە هاتنی بۆ هەولێر
بیرۆكەی فیلمێكی لا دروست كردووە، هەرچەندە
شوهرە هێشتا ئەوەی یەكلایی نەكردۆتەوە كە چ
ناونیشانێك بۆ فیلمەكە دادەنێت، بەڵام
بیرۆكەكەی داڕشتووە، باس لەژیانی ژنان دەكات و
لەنێوان تاران و كوردستان و ئەفغانستان
بەراوردیان دەكات.
شوهرە دەرچووی بەشی سینەمای زانكۆی تارانە،
لەتەمەنی هەژدە ساڵیەوە بەر لەوەی بچێتە زانكۆ
كاری فیلمسازی كردووە و ئێستا هەشت فیلمی كورت
و فیلمێكی درێژی هەیە، لە بارەی خولیای
فیلمسازی شوهرە دەڵێ "من لەتەمەنی نۆ ساڵیەوە
خولیای سینەما بووم، ئەوكاتە فیلمەكانی یەلماز
گۆنام بینی و هەر ئەو كاتیش بە كورد ئاشنا
بووم". شوهرە وەحدەتی خۆی بە رەگەز فارسە.
شوهرە هەر لەلێدوانەكەی بۆ (سڤیل) باسی
لەفیلمی ئاه كرد، كە بۆ هەولێری هێنا بوو، ئەو
گوتی "دەمزانی كورتە فیلمەكەم لەهەولێر بینەری
نابێت، چونكە ناوەڕۆكی تەواو فەلسەفی بوون،
لەگەڵ ئەوەشدا لەلایەن بینەرانەوە قبوڵكرا".
هەروەها دەڵێ "ئەو كورتە فیلمانەی لەهەولێر
بینیم زۆر بێ تاقەتیان كردم، لەگەڵ ئەوەشدا
جەماوەرێكم بینی كە حەزی لەسینەمایە". شوهرە
وەك دەرهێنەر و سیناریستێك رەخنە لەسەرەتای
كارەكانی خۆی دەگرێ و دەڵێ "من ئێستا زۆر
باشم، بەڵام لە سەرەتای كاركردنم زوو
هەڵدەچووم، چەندین ئەكتەرم لەكاتی تەسویر
دەركردووە".
|