|
نادیە یاسین كە لەتەمەنی شەش ساڵییەوە
كوردستانی جێهێشتووە، ئێستا بیری شاری هەولێر
دەكات، دەڵێ "حەز دەكەم ئەو تەمەنەی كە ماومە،
لەمەزرەعەیەكی كوردی بژیم، كە پڕبێ لەمریشك و
قاز".
نادیە یاسین خەڵكی شاری هەولێرە و لەساڵی 1983
كە تەمەنی شەش ساڵان بووە، لەگەڵ
خانەوادەكەیدا كوردستانی جێهێشتووە، ئەو ئێستا
یەكێك لەگۆرانیبێژە دەنگخۆشەكانی كوردە و
خاوەنی یەك ئەلبوومی بڵاوكراوەیە، نادیە
بە(سڤیل)ـی راگەیاند، ئەو زۆر حەز لەسروشت و
دار و گوڵ دەكات، دەڵێت "ئێستا پێش ماڵەكەی
خۆم پڕكردووە لەگوڵ، كە خۆم و عەلی هاوسەرم
بەیەكەوە چاندوومانە، هەروەها حەزم
لەبەخێوكردنی هەموو جۆرە گیانلەبەرێكە، خۆشم
پێشتر لەماڵەوە پشیلەم هەبوو، بەڵام
لەبەرئەوەی ئێستا تەمەتی كوڕەكەم (دارین)
بچووكە، كە هەشت مانگە، پشیلەكەم نەماوە"،
نادیە زۆر بیری كوردستان و شارەكەی خۆی هەولێر
دەكات، دەڵێ "ئەگەر لەدەستم بێ، حەزم دەكەم
لەمەزرەعەیەكی كوردی بژیم، كە پڕبێ لەمریشك و
قاز و مەڕ و بزن و بەخێویان بكەم، لەبەرئەوەی
ئێستاش واهەستدەكەم منداڵەكەی جارانی هەولێرم،
ئەوكاتەی كە لەگەڵ دایكم دەچوومە فرنی و
سەمونی گەرممان دەكڕی". نادیە ئەوەش
ناشارێتەوە، كە حەز بەكاری ناوماڵ ناكات و
دەڵێ راست نییە ئەگەر بڵێم حەزم لەكاری
ناوماڵە، بەڵام ناچار هەردەبێ بیكەی، چونكە
ئەو دەڵێت "پاك و خاوێنی لەباوەڕدایە، هەروەها
عەلی هاوسەریم لەكاروباری ناوماڵ هاوكارمە،
بەڵام هەموو خواردنێكی ماڵەوە دروست دەكەم و
حەزم لەخواردن دروستكردنە، بەشی پاك و خاوێنی
ناوماڵیشم زیاتر داوەتە عەلی هاوسەرم". نادیە
لەوەتەی بووەتە دایكی دوو كوڕ، لەكاروباری
ناوماڵ تەمبەڵ بووە و دەڵێ "لەبەرئەوەی
منداڵەكانم بچووكن و ئێستا زیاتر وەك
مامۆستایەك لەماڵەوە لەگەڵ دوو كوڕەكەم (دیلان
و دارین) خەریكم، كە لەساڵی (2006)ـەوە وازم
لەئیشی بانك هێناوە و دەوام ناكەم، بۆمن گرنگە
دایك لەگەڵ منداڵەكانی لەماڵەوە بێ".
|