|

سڤیل ـ هەولێر:
ئەو دوانزە ساڵە لەتەلەفزیۆن كاردەكات، سێ
مانگە لەگەڵ داخرانی كەناڵی نەورۆز
دەرنەكەوتووە و زۆر لەكەناڵە ناوخۆییەكان
داوای دەكەن، بەڵام ئاشنا بڕیاری داوە،
سەتەلایت نەبێ، ڕازی نییە.
ئاشنا عومەر، لەساڵی 1982 لەسلێمانی
لەدایكبووە و بەشی مۆسیقای لەپەیمانگای
هونەرەجونەكانی هەولێر خوێندووە، بەڵام ئەو بە
راگەیاندنكار ناسراوە، وەك خۆی دەڵێ لەساڵی
1998 لەتەلەفزیۆنی هەرێم كاری كردووە، ئاشنا
بۆ (سڤیل) دەڵێت "ئەو سێ مانگەی سەتەلایتی
نەورۆز داخراوە، منیش وەك هەموو كارمەندەكانی
ئەو سەتەلایتە لەشاشە ونبووم، پاشان ویستم ئەو
ماوەیە لەماڵەوە ئیسراحەت بكەم، بۆیە جارێ
بڕیارم نەداوە لەداهاتوودا لەگەڵ كام سەتەلایت
دەستبەكار دەكەمەوە". ئاشنا كە لەچالاكی
قوتابخانەكانی دەشتی هەولێر مامۆستایە و
ئاماژە بەوە دەدات، ئەوەندەی كە ئیشی
تەلەفزیۆنی بەلاوە خۆشە، ئەوەندە پیشەی
مامۆستایەتییەكەی بەلاوە خۆش نییە، دەشڵێ "زۆر
لەكەناڵە ناوخۆییەكان، داوایان لێكردووم
كاریان لەگەڵ بكەم، بەڵام قبوڵم نەكردووە و
لەسەتەلایتەوە ناگەڕێمەوە ناوخۆیی، ئەگەر
بچمەوە سەرشاشە، دەبێ كەناڵەكە ئاسمانی بێ".
ئاشنا لە 2004 چووەتە ناو ژیانی هاوسەريی و
ئێستا دایكی دوو كچە.
|