جەنگی ساردی نێوان توركیا و ئیسرائیل  

 

 

سڤیل: مەریوان عومەر

ئەم قەیرانە لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا دەسكەوتی بۆ ئەردۆگان دەبێت


لەدەرەنجامی سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی و بەتایبەت بارودۆخی سوریا و پلانی كشانەوەی هێزە ئەمریكیەكان لەعێراقدا، ئەمڕۆ توركیا گرنگیەكی بێ پێشینەی هەیە لەناوچەكەدا. هاوكاتبوونی پێڕەوكردنی سیاسەتی تازەی توركەكان بەرامبەر بەئیسرائیل و رەزامەندی دەربڕینیان لەسەر دامەزراندنی راداری سیستەمی بەرگری موشەكیەی واشنتۆن ماوەیەكی درێژە داوای دەكات، تەنیا رێكەوتێك نەبوو.
هەینی رابردوو حكومەتی توركیا جەنگی ساردی دژ بەئیسرائیل راگەیاند، باڵوێزی ئیسرائیلی لەوڵاتەكەی دەركرد، قەبارەی پەیوەندیە دیپلۆماسیەكانی لەگەڵیدا بچووك كردەوە، هەموو پەیوەندیە سەربازییە دووقۆڵیەكانیشی لەگەڵیدا هەڵوەشاند. ئەم قەیرانە هاوكاتە لەگەڵ پێشهاتە مەترسیدارەكان لەسەر سەقامیگری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئیدارەكەی ئۆباما. حكومەتەكەی ئەردۆگان ئەوەی بەر لەدوو ساڵ تەنیا بەئاماژە باسی دەكرد، ئەمڕۆ بە راشكاوانە باسی دەكات، واتە دەبێ واشنتۆن لەنێوان هەردوو هاوپەیمانەكەیدا (ئەنقەرە و قودس) یەكێكیان هەڵبژێرێت.
ئەو بارودۆخەی ماوەی ساڵێك زیاتربوو هەبوو، رێگاخۆشكەر بوو بۆ روودانی ئەم قەیرانە دیپلۆماسیەی نێوان ئیسرائیل و توركیا، لەوكاتەوەی ئیسرائیل هەوڵیدا رێگا لەكەشتی دەریایی توركەكان بگرێت، كە ئابڵوقەی ئیسرائیلی لەسەر كەرتی غەززە بشكێت و نۆ چالاكوانی توركیان كوشت، هەردوو وڵات دەستیان كرد بەتۆمەت گۆڕینەوە. بەڵام ئەم قەیرانەی ئێستا هەیە، ترۆپكی پرۆسەیەكی دوور و درێژی بارگرژی و تێكچوونی پەیوەندییەكانیانە و هەردوو وڵات دەكاتە نەیاری یەكتر، دوای ئەوەی پەیوەندیەكانیان بەستراتیجی ناودەبردران.
حكومەتەكەی داد و گەشەپێدان بەسەرۆكایەتی (رەجەب تەیب ئەردۆگان) لەگەڵ دەسپێكی چوونەژوورەوەی هێزە ئیسرائیلیەكان بۆ نێو كەرتی غەززە، رق و بێزاری خۆی بەرامبەر بە ئیسرائیل دەربڕی، لە كۆتاییەكانی ساڵی 2008، ئەردۆگان بێزار بوو، چونكە سەرۆكی ئەوكاتی حكومەتی ئیسرائیل (ئەیهود ئۆڵمەرت) پلانی پڕۆسە سەربازییەكەی لێ شاردبۆوە، لەكاتێكدا تەنیا چوار رۆژ بەر لەكردە دوژمنكارانەكەی دژ بە غەززە سەردانێكی ئەنقەرەی كردبوو، لەئەنجامی ئەو پڕۆسەیەشدا دانوستانی ئیسرائیلی-سوری شكستی خوارد، كە لەژێر چاودێری توركەكاندا پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیبوو، ئەمەش ئەردۆگانی لەبەدیهێنانی دەسكەوتێكی گەورە (بەرای خۆی) بێبەش كرد.
دوای رووداوەكانی غەززە، لەكۆنگرەی ساڵانەی (داڤوس) لەسویسرا، ئەردۆگان بەئاشكرا رەخنەی لە (شیمۆن پێرێز)ی سەرۆكی ئیسرائیلی گرت، هەرچەندە یەكێك بوو لەهەرە دیارترین پشتیوانانی توركیا. ئەردۆگان دوای كۆنگرەكە وەك پاڵەوان لەتوركیا پێشوازی لێكرا، بەئەنقەست زمانی وتاری دژ بەئیسرائیل توندتر كرد، بەم جۆرە سەرۆك وەزیرانی توركیا بووە جەماوەریترین سەركردە لەجیهانی عەرەبیدا.
پاشان رووداوی كەشتی (مافی مەرمەرە) روویدا، ئیسرائیلیەكان شكستیان خوارد لەم پڕۆسەیەدا، خۆیان نەبان كرد لەو زانیاریانەی سەبارەت بەو گروپە توركانەی ئەركی كەشتیەكەیان رێكخستبوو، لەوەش گرنگتر بێ هیچ مەشق و بێ پشت بەستن بەزانیاری هەواڵگری دروست هێزیان بۆ رەوانەكرد، كە لەگەڵ دابەزین لەسەر پشتی كەشتیەكە رووبەڕووی بەرگری سەرنشینانی بوونەوە و ئەوانیش بەبیانوی شڵەژانیان تەقەیان لێكردن.
بەمجۆرە ئیسرائیل بڕیارێكی تری هەڵەی لەبارەی مەسەلەیەكی ترەوە دا، لەجیات داننان بەهەڵەكەیان لەم كارەیان، حكومەتی ئیسرائیلی بەئەنقەست كەوتە بەرگریكردنەوە، كەچی بەهۆی قەبارەی شكستخواردنەكەیان لەم پرۆسەیە و دەرهاویشتە چاوەڕوانكراوەكانی، دەبوو بەرپرسانیان سزا بدابایە، بەڵام هیچ شتێكی لەم جۆرە رووینەدا، هیچ كەسێكیش بەهۆی ئەم هەڵەیەوە پۆست و وەزیفەكەی لەدەست نەدا.
لەولاشەوە توركیا سوور بوو لەسەر داوای لێبووردنی ئیسرائیلی و قەرەبووكردنەوەی، ئاشكراش بوو ئەوكات ئیسرائیل پشتیوانی رای گشتی لەدەست دا و ناچار بوو گەمارۆی سەر غەززە سووك بكات، بەڵام حكومەتەكەی نەتەنیاهۆ نەچووە ژێر باری داخوازیەكانی توركیا، بەو بیانووەی ئەوان هیچ هەڵەیەكیان نەكردوە. رەنگە سیاسەتی ناوخۆی هەردوو وڵات رێگر بێت لەچارەسەری ئەم كێشەیەیان، بەڵام لەودیو پەردەوە كۆششی دیپلۆماسی گەورە دران، لەوانە گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان هەردوولا، نەتەوە یەكگرتووەكان لێژنەیەكی پێكهێنا، بۆ هێشتنەوەی ئاوی رووی هەردوو وڵات و رێگاخۆشكردن بۆ گەیشتن بەچارەسەرێك، بەڵام راپۆرتی لێژنەكە كە دزەی كردبووە بۆ رۆژنامەی (نیویۆرك تایمز)، گەیشتۆتە ئەو دەرەنجامەی ئیسرائیلیەكان زێدەڕۆییان لەبەكارهێنانی هێز دژ بە كەشتیەكەدا كردووە، بەڵام گەمارۆی سەر كەرتی غەززە رێوشوێنێكی رەوا بووە.
لەلایەنی ئیسرائیلیەوە، وەزیری دەرەوە و كەسایەتی توندڕەوی ئیسرائیلی (ئەفیگدۆر لیبەرمان) هەمیشە رێگربووە لەوەی بۆنە و دانوستانەكان ئەنجامێكی پۆزەتیڤیان هەبێت، توركەكانیش ئاسانكاریان لە بارودۆخەكەدا نەكرد و هەڵوێستی توندیان دەنواند، ئەمەش داوای لێبوردنی ئیسرائیلیەكانی سەختتر دەكرد. بەگوێرەی زانیاریەكان لەكانونی یەكەمی 2010 هەردوولا نزیك بوون لەوەی بگەنە رێكەوتنێك، بەوجۆرەی ئیسرائیل داوای لێبوردن بكات و قەرەبووش بداتەوە، بەڵام ئیسرائیلەكان دەیانەویست لەرێكەوتنەكەدا ئاماژە بەوەش بدرێت، كە ئیسرائیل لەهەڵوێستی بەرگری لەخۆكردندا بووە، بەڵام توركەكان بەو مەرجە رازی نەبوون و رێكەوتنەكە هەڵوەشایەوە. لەهەردوو لایەن خەڵكێكی زۆر هەوڵیاندا نەهێڵن بارودۆخەكە بەم قۆناغە بگات، ئاشكراشە، كە لەم دۆخەی ئێستا زۆر پەست و نیگەرانن.
پێدەچێت ستراتیجیەتی توركیا بەشێوەیەكی بەرچاو لەماوەی ئەو ساڵەی دوای قەیرانە سەرەكیەكەدا گۆڕابێت، ئەنقەرە پێیوایە لەئێستادا پێگەی سەركردایەتی لەناوچەكەدا هەیە، بە بەراورد بە ئیسرائیل و وڵاتانی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش مانۆرێكی مەترسیدارە بۆ سەركردەكانی تری ناوچەكە. توركەكان مەرجەكانیان زیاتر كرد و جگە لەداوای لێبوردن، مەرجی لادانی گەمارۆی سەر كەرتی غەززەشیان هەبوو، تا بارودۆخی نێوان هەردوو وڵات ئاسایی ببێتەوە، لەكاتێكدا دەشیانزانی ئیسرائیل ناتوانێت ئەم داوایە جێبەجێ بكات و هەرگیزیش ناچێتە ژێر بارییەوە. پێشتر هیچ هێزێكی هەرێمایەتی مەرجی لەم شێوەیەی پێشكەش نەكردوە و گوزارشتیشی لێ نەكردوە، بەم هەڵوێستەش ئەردۆگان توانی جارێكی تر ئەقڵی گەلانی ناوچەكە بكاتە دیلی خۆی.
بێگومان ئەم بارودۆخە لەهەردوو ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا دەسكەوتی بۆ ئەردۆگان دەبێت، ئەم قەیرانەی لەگەڵ ئیسرائیلدا یارمەتی دەدات بارودۆخی ئێستای خۆی بگۆڕێت، كە دەیەوێ هەمواركردنێكی بەرفرەوان لەسیستەمی دەستووری توركیادا بكات، پێویستە ئەم سیستەمە تازە بكاتەوە، تا بتوانێت داخوازی كوردەكان جێبەجێ بكات، ئەمەش بێگومان هەنگاوێكی زۆر سەختە، چونكە ئەم چاكسازیانە دژن لەگەڵ نەوەت ساڵەی مێژووی كۆماری توركیا، بەڵام وەك لەگوتاری پێڕەوكراوی توركیدا دەردەكەوێت، قەیرانی ئیسرائیل دۆخێكی گونجاوە، كە بتوانێت بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە بەكاری بهێنێت.
ئسرائیل لەبەر پێودانگی مێژوویی و عاتفی و سیاسی یەكێك بووە لەهاوپەیمانە نزیكەكانی ئەمریكا و یارمەتیدەری سیاسەتەكانی بووە، بەڵام رەنگە ئەم قەیرانە ئەمریكاش بەخۆیەوە خەریك بكات، توركەكان ئومێدیان بەوە هەیە، حكومەتی نەتەنیاهۆ دەبێ بیانوی زۆر پێشكەش بكات سەبارەت بە غیابی سەركردایەتیەكەی و خەریكبوونیان بەخۆیانەوە، بەڵام ئەمریكا هێشتا نەیتوانیوە بەوردی نیاز و ئامانجەكانی توركیا بخوێنێتەوە، بۆیە نەشیتوانی رێگا لەروودانی ئەم قەیرانەی ئێستا بگرێت. كاتێكیش بەوردی بیر لەم مەسەلەیە دەكەینەوە، شكستی دیپلۆماتی ئەمریكی دەبینین، كە لەمڕۆ بەدواوە ناچار دەبێت رۆڵی نێوبژیوان لەنێوان هەردوو هاوپەیمانە نزیكەكەیدا بگێڕێت.
هینری باركیی-الجریدە الكویتیە

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com