|

سڤیل:
رائد ئەلعەزاوی - قاهیرە
"مەترسی گەورە ئەوەیە نەوەی تازەی مەسیحیەكان
ئامادەی هەڵگرتنی چەكن"
چەند رۆژێكی كەم بەر لەوادەی هەڵبژاردنەكانی
میسر و دوای رووخانی رژێمەكەی موبارەك،
خراپترین كارەسات و توندوتیژی تایەفی لەنێوان
موسوڵمان و مەسیحیەكاندا روویدا، لەوەتەی
رووداوەكانی گەڕەكی (الدرب الاحمر) لەساڵی
1982ەوە. ئەم جارەیان رووداوەكان ترسناكتر و
گەورەتر بوون، هەزاران كەس لەمەسیحیەكان
لەبەردەم بارەگای رادیۆ و تەلەفزیۆنی میسر
كۆبوونەوە (باڵەخانەی ماسبیر، ناوی ئەو
ئەندازیارەیە كە بنیاتی ناوە و جەمال
عەبدولناسر ساڵی 1962 كردیەوە).
خۆنیشاندانەكان هەرسێ پارێزگای (قاهیرە و
ئەسكەندەریە و ئاسوان)ی گرتەوە، كۆمەڵە و
دامەزراوە مەسیحیەكان پێی هەڵسابوون، وەك
ناڕەزاییەك بەرامبەر بەبڕیاری پارێزگای
ئاسوان، كە رێگەی نەدابوو كڵێسایەك لەشارە
زۆرینە مەسیحیەكەیدا دروست بكرێت، ئەمەش لەدێی
(ماریناب) توندوتیژی لێكەوتەوە، ئەو شوێنەی
پارێزگار رازی نەبوو كڵێساكەی تێدا دروست
بكرێت.
ئەو حەشاماتەی رۆژی یەكشەممەی رابردوو
لەبەردەم بارەگای رادیۆ و تەلەفزیۆن
كۆببوونەوە و ژمارەیان 10 هەزار دەبوو،
دەستیان كرد بە بەردبارانكردنی ئەو سوپا و
پۆلیسانەی پاسەوانیەتی شوێنەكەیان دەكردو
چەندین ئۆتۆمبێلی سوپا و هی خەڵكی ئاساییشیان
سوتاندو شەقامی (كۆرنیش)یان داخست و داوای
دەست لەكاركێشانەوەی پارێزگای ئاسوانیان
دەكرد.
خێرا رووداوەكان بەرەو توندوتیژی و شەڕ و
پێكدادانی گەورە رۆیشت و لەئەنجامدا دەیان
كوژراو و برینداری لەریزەكانی سوپا و پۆلیس و
خۆنیشاندەراندا لێكەوتەوە.
(باوكە بیشوی) چاودێریكاری كڵێسای (ئەحباب)
لە(رەمسیس) لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ (سڤیل)
گوتی "پێشبینیمان نەدەكرد رووداوەكان بەو
دەرەنجامە بگەن، خۆنیشاندانەكان ئاشتیانە بوو،
بەڵام ژمارەیەك كەسی گەڕەكی (وەكالە) نزیك
لەبارەگای تەلەفزیۆن بەبەرد و دار و چەقۆ
پەلاماریان داین، سوپاش وەستابوو و رێگری لێ
نەكردن و هەروا تەماشایان دەكردین، ژمارەیەكی
زۆر لاوی مەسیحی كوژران و بریندار بوون، ئەمە
تاوانێكی گەورەیە، خۆنیشاندانەكەی ئێمە
ئاشتیانە بوو و دەستدرێژیمان نەكردبووە سەر
هیچ كەسێك. كەسانێك هەن دەیانەوێت پەراوێزمان
بخەن و لەناومان ببنە، ئەوانە بیریان چۆتەوە
كە ئێمە دانیشتوانی رەسەنی ئەم وڵاتەین!"
رائد (حاتەم حەجاج) بەڕێوەبەری ئاسایشی
تەلەفزیۆن بۆ (سڤیل) گوتی "زرێپۆشی هێزە
چەكدارەكان بەنێوەندی ئەو خۆنیشاندەراندا
دەهاتن و دەچوون، كە بەردیان دەهاویشت، پاشان
بەگژیەكداچوونەكان شەقامە لابەلاكانی ناوچەی
(ماسبیرو)شیان گرتەوەو هێزە ئەمنیەكان شەقامی
(بۆلاق ئەبو عەلا) و بارەگای تەلەفزیۆنیان
گەمارۆدا، پشتێنەیەكمان لەنێوان گەنجە
قیبتیەكان و پۆلیسی سەربازیدا دروستكرد، بەڵام
بەیەكدادانەكان لەشەقامی كۆرنیش و ماسبیرو
توندوتیژانەتر بوون".
حەجاج لەبارەی رووداوەكانی ئەو رۆژەوە بۆ
(سڤیل) زیاتر گوتی "دوای تەقینەوەی زرێپۆشێكی
سەربازی، خۆنیشاندەران پاشەكشەیان كرد، پاشان
هەندێك لەلاوانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی تێكەڵ
بەخۆنیشاندانەكە بوون و ئاڕاستەكەیان بەرەو
گۆڕەپانی تەحریر گۆڕی و هوتافی رووخانی
ئەنجومەنی سەربازیان دەگوتەوە".
(فەرید سەمعان) یەكێك بوو لەخۆنیشاندەرە
مەسیحیەكان و لەو رووداوانەدا بریندار ببوو،
لەوەڵامی تۆمەتی هێزە ئەمنیەكاندا بۆ (سڤیل)
گوتی "لاوە قیبتیەكان چەكێكی كلاشینكۆفیان
لەیەكێك لەسەربازەكانەوە دەسكەوت، بەڵام
تەقەیان لەهیچ كەسێك و لایەنێك نەكرد".
لەگەڵ ئەم بەگژیەكداچوونەی سوپا و پۆلیس
لەلایەك و گەنجە قیبتیەكان لەلایەكی ترەوە،
نزیكەی كاتژمێر 10ی شەو دەیان كەس لەخەڵكانی
سەر بەرەوتە ئیسلامیەكان و خەڵكی ناوچەكانی
(بۆلاق) و (ئەبو عەلا) رژانە سەر شەقام و
هوتافی پشتیوانیان بۆ ئەنجومەنی سەربازی و
سوپا دەگوتەوە. بۆ رێگرتن لەهەر ئاڵۆزیەكی
زیاتر، ئەندامانی یەكێتی قیبتیەكانی میسر
وەستانێكی ناڕەزاییئامێزیان بەمۆمی
داگیرساوەوە لەبەردەمی (ماسبیرو)دا رێكخست،
بەڵام دوای دەمەقاڵی و شەڕەقسە و هوتافكێشان
لەنێوان پۆلیسی سەربازی و خۆنیشاندەراندا
دەستیپێكرد، تا دوكەڵی چڕی بەیەكدادانەكان
مۆمەكانی ناڕەزایی ئاشتیانەی كوژاندەوە.
دكتۆر (مستەفا ئەلفەقی) ئەندامی پێشووی
ئەنجومەنی گەل و ئەندامی كۆمەڵەی (بیت
العائلە) كە (پاپا شەنودە)ی پاپای قیبتیەكان و
د.ئەحمەد تەیب سەرۆكی ئەزهەر سەركردایەتی
دەكەن و ئامانج لێی چارەسەركردنی كێشە
تایفیەكانی نێوان موسوڵمان و مەسیحیەكانە، بۆ
(سڤیل) گوتی "رووداوەكانی ماسبیرو فیتنەیەكی
تایەفی نەبوو، بەڵكو ئامانج لێی رووخاندنی
دەوڵەت بوو، ئەوەی سەیریشە كڵێسا كۆبوونەوەی
بەپەلەی كۆمەڵەی مەقدیسی بەسەرۆكایەتی پاپا
شنودەی سێیەم راگەیاندوە، پاشان ئەمریكا
هاتۆتە سەرخەت و داوای پاراستنی شوێنی
خواپەرستی مەسیحیەكان لەئەنجومەنی سەربازی
دەكات. مەترسیەكە ئەوەیە، بارودۆخی سەختتر
لەرووداوەكانی (ئیمبابە) هێشتا نەهاتۆتە پێش،
جەستەی میسر هەركاتێك لەگورزێكی تایەفی رزگاری
دەبێت، دەبێ بكەوێتەوە سەرپێ تا بەرگەی
گورزێكی سەختتر و بەهێزتر بگرێت. بەڵام
لەوانەش مەترسیدارتر ئەوەیە، نەوەی تازەی
مەسیحیەكان ئامادەی هەڵگرتنی چەكن، وەك بەشێك
لە سەركردە مەسیحیەكان باسی لێوە دەكەن، ئەمەش
وڵات بەرەو لێواری جەنگێكی ناوخۆی تایەفی
دەبات، ئەمەش دووبارەكردنەوەی سیناریۆی عێراق
و لوبنان و یوگسلافیایە".
بەهۆی رووداوەكانی ماسبیروە 24 كەس كوژران و
272 كەسی تر بریندار بوون، بارودۆخ و بارگرژی
میسر كەوتە دۆخی قوڵپدانەوە. باڵوێز (د.
محەمەد حیجازی) وتەبێژی ئەنجومەنی وەزیرانی
میسری لە لێدوانێكی تایبەتیدا بۆ (سڤیل)
لەوبارەوە گوتی "گفتوگۆ لەبارەی رێوشوێنی
پێویست دەكرێت، بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە و
خۆپاراستن لەهەر قەیرانێكی چاوەڕوانكراوی تر،
كە پەیوەست بێت بەم دۆسیە ترسناكەوە. ئەم
قەیرانە هەڕەشەیە بۆ سەر میسر، رێگە بەهیچ
دەستە و گروپێكیش نادەین یاری بەیەكێتی
نیشتیمانی میسرەوە بكات، یا رێگا لەپڕۆسەی
دیموكراتیبوون بگرێت، كە وەرزێك لە وەرزەكانی
لەم هەفتەیەدا دەست پێدەكات، بەكردنەوەی
دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ ئەنجومەنی گەل".
شێخی ئەزهەر د. ئەحمەد تەیب لەبارەی
رووداوەكانی ئەم چەند رۆژەی میسر لەلێدوانێكی
تایبەتدا بۆ (سڤیل) گوتی "ئەركی خەڵكی
ئاقڵمەند لەئێستادا ئەوەیە، كە دەرفەت بەو
خەڵكە كین لەدڵە نەدەن و بەحیكمەت و داناییەوە
گفتوگۆ لەبارەی ئەم دۆسیەوە بكەن، بە لێدوانی
راگەیاندنەكان زیاتر نەیوروژێنن، هەروەك
پێویستە نەشچنە نێو ململانێی لابەلاوە، كە لەو
كاتە هەستیار و ترسناكەی مێژووی میسردا هیچ
مانایەكیان نیە. داوا لەبرا مەسیحیەكانم دەكەم
بەدوای ئەوكەسانە نەكەون، كە خێر و خۆشی گەلی
میسریان ناوێت، بۆ هەموو لایەكیش جەخت لەسەر
ئەوە دەكەمەوە، كە خوێنی مەسیحیەكان لای
موسوڵمانەكان زۆر بەرز و بەنرخە، قبوڵ ناكەین
خوێنی هیچ میسریەك بەهەدەر بڕوات".
|