|
 
سڤیل:
مەریوان عومەر
لیبیەكان گۆڕی دایكی قەزافیان هەڵدایەوە و
ئێسكەكانیان سووتاند
راپەڕینەكانی بەهاری عەرەبی هێندەی جەختیان
لەسەر سەركردەكان دەكردەوە لەپێناو زەلیلكردن
و تۆڵەسەندەوە لێیان، هێندە رژێمەكانیان
بەلاوە گرنگ نەبووە، ئەمەش جێگای سەرسوڕمان
نییە، سەماكردن بەسەر تەرمی كوژراوانەوە وەك
دیاردەیەكی قێزەوەن و رەنگدانەوەی كەلتووری
تۆڵەسەندنەوەیە، كە لەهەناوی كۆمەڵگاكانیاندا
سەریهەڵداوە و پێگەیشتووە، وەك عەبدولوەهاب
بەدرخانی نوسەر لەوبارەوە دەڵێ "لەمیسر
راپەڕیوەكان گرنگی گەورەیان بە سەری رژێمەكە
دا، نەوەك هەموو رژێمەكەی، وەك ئەوەی ئەمە
تاكە داخوازییان بێت. لەو كاتەی موبارەك
راپێچی دادگا كرا و كۆمەڵێك تۆمەتی رووبەڕوو
كرایەوە، چارەنوسی گۆڕانكاری لیبیاش بریتی بوو
لەراوەدونان ودەسگیركردن و كوشتنی قەزافی
بەدەستی چەند دەمامكدارێك، لەهەندێك
وردەكاریدا لەئاهەنگگێڕانی لەسێدارەدانی سەدام
حوسێن دەچوو، كە لەدادگاییكردنێكی ئاشكرادا
سزاكەی بەسەردا سەپێنرا، بەڵام لێكچوونی لەمە
زیاتری نێوانیان، ساتەوەختی ئیعدامكردنی سەدام
بوو، كە بینیمان بە كۆمەڵێك دەمامكدار دەورە
درابوو و زیاتر لەتۆڵەسەندەوە لێی دەچوو".
سەبارەت بەم دیاردە ناشارستانیانە، خەیروڵڵا
خەیروڵڵای نوسەری عەرەب تاوانی دروستبوونی ئەم
كەلتوورە ناشرینە دەخاتە ئەستۆی سەركردەكان و
دەڵێ "قەزافی و سەدام تەنیا ئەوەیان دروێنەكرد
كە خۆیان چاندبوویان، خۆیان رۆڵی گرنگیان
هەبوو لە لەنێوبردنی هەموو سیما و روویەكی
شارستانیانە لەوڵاتەكانیاندا، وڵاتەكانیان بۆ
خەڵكێكی فەوزەوی و ئاژاوەگێر جێهێشت".
هەروەك چۆن پێشتر دەنگوباسی هەڵدانەوەی گۆڕی
سەدام لەلایەن چەند كەسێكی نەناسراوەوە
بڵاوبۆوە، گۆڕی دایكی قەزافیش لەمە بەدەر
نەبوو، لیبیەكان گۆڕەكەیان هەڵدایەوە و
ئێسكەكانیان سووتاند، وەك قێزەوەنترین شێوازی
تۆڵەسەندنەوە لەمێژووی تازەدا.
نوسەری میسری "فوئاد ئەلتونی" چەند
وردەكاریەكی ساتەوەختەكانی لەسێدارەدانی سەدام
دەگێڕێتەوە و دەڵێ "موقتەدا سەدر ئەمەی بە
فرسەت زانی و لەوكاتەدا لەوێ ئامادەبوو،
پیاوەكانیشی بە ئەنقەست گوریسی
ئیعدامكردنەكەیان درێژكردبوو، تا سەدام بە
زیندوویی بكەوێتە سەر زەوی، پاشان تا دوا
هەناسەی ئەشكەنجەیان داوە، دواتر پەتەكەیان
خستۆتە گەردنی تا وای دەربخەن ئیعدام كراوە،
بەر لە رادەستكردنەوەشی بە شێخەكانی زێدی
سەدام (عۆجە)، پیاوەكانی موقتەدا سەری
سەدامیان لە جەستەكەی جیاكردەوە". ئەم وەسفەش
تەواو لەگەڵ بارودۆخی لیبیا و شێوازی كوشتنی
قەزافی لەیەك دەچێت، كە ناكۆكە بەهەموو
نەریتێكی ئینسانی و بنەمای یاسا و ئاینە
ئاسمانییەكان.
نوسەر و توێژەری ئەكادیمی عەرەبی "عەبدولخالق
عەبدوڵڵا" لەبارەی دادگاییكردن و لەسێدارەدانی
سەدامەوە دەڵێت "لەدادگایەكی ئاشكرادا سزای
بەسەردا سەپێنرا، دەرفەتێكی نایابی بەرگری
لەخۆكردنی بۆ رەخسێندرا، ئەمەش بە هەنگاوێكی
شارستانیانە بۆ عێراق دەژمێردرێت، بەڵام
شێوازی لەسێدارەدانەكەی لەم ئاستە شارستانیەدا
نەبوو، بەخێرایی و بە رووحێكی تۆڵەستاندنەوە
جێبەجێ كرا". پاشان بەراوردی دەكات لەگەڵ
كۆتایی قەزافی و دەڵێ "قەزافی كۆتاییەكی
تراژیدی هەبوو، هەرچەندە قەزافی كە وەك جورج
مامەڵەی لەگەڵ گەلەكەی دەكرد، رەنگە شایستەی
چارەنوسێكی لەمە خراپتریش بووبێت، لەگەڵ ئەوەی
لەكۆتاییەكانی شۆڕشەكەیاندا لیبیەكان هەڵەی
زۆریان كرد، بەڵام لەهەموو بارودۆخێكدا هیچ
داخ و پەژارەیەك بۆ كۆتاییهاتنی ستەمكارێك بەم
شێوەیە نییە".
"حەمید كەفائی" نوسەری عێراقی پێیوایە
كۆتاییهاتنی قەزافی بەم ریسواییە، شایستەی هیچ
زیندەوەرێك نیە، بەڵام ئەم رەفتارە بە دڵی
هەموو لیبیەكان نەبووە، رەنگە بەوانەشەوە كە
كوشتویانە، ئاواتیان ئەوە بووبێت قەزافی لە
قەفەزی تۆمەتباریدا ببینن و چەندین تۆمەتی
كوشتن و بڕین و رفاندن و دەربەدەركردنی خەڵك و
بەهەدەردانی سامانی لیبیای رووبەڕوو بكرێتەوە،
هاوشێوەی ئەمەی بەسەر سەدام حوسێن هات. پاشان
كەفائی دەڵێت "بەڵام زۆر زەحمەتە گەلێك كە
ماوەی دەیان ساڵ سەركوتكرابێت و مامەڵەی
ریسواكارانەی لەگەڵ كرابێت و كوشتوبڕ كرابێت،
چاوەڕوانی ئەوەی لێبكەی بەسەر هەستی خۆیدا زاڵ
بێت و مامەڵەیەكی مرۆییانە لەگەڵ كەسێكدا
بكەن، كە رۆژێك لە ژیانیدا مانای مرۆڤبوونی
نەزانیوە. خۆ گەر خەڵكی عێراقیش سەدام یا هەر
بەرپرسێكی تری رژێمەكەیان بكەوتبایە دەست،
هەمان شتیان بەسەر دەهێنا، بەڵام سەدام بەختی
هەبوو، كە كەوتە دەست ئەمریكیەكان و وەك دیلی
جەنگ مامەڵەی لەگەڵ كرا و هەموو مافێكی
پێدرا".
نوسەر و مامۆستای زانكۆی سعودی "بەدریە البشر"
لەبارەی شێوازی كوشتنی قەزافیەوە دەڵێ "كەس
نیە پێی وابێت ئەمە مامەڵەیەكی دادپەروەرانە و
مرۆییانە بوو، كەلەگەڵ قەزافی كرا، پاشان گەلی
لیبیا بڕواننە جەستەی كوژراوەكان كە بۆگەنیان
كردووە، هیچ زەوقێك هەیە ئەمەی پێ باش بێت؟ كە
ئەم دیمەنانە لە تەلەفزیۆن و رۆژنامەكانی
جیهاندا بڵاو بكرێنەوە؟".
پاشان بەدریە باس لەوە دەكات، كە بابەتەكە زۆر
ئاڵۆزە و دەپرسێ "ئایا پەنا ببەینە بەر چ
یاسایەك؟ یاسای راگەیاندن كە بوونی نیە و دەبێ
بەرگری لە هەست و حەز و زەوقی خەڵك بكات؟ یا
یاساكانی كۆمەڵگای مەدەنی؟ یا چاوەڕوانی
مامەڵەیەكی ئەخلاقیانە بین لەگەلێك، كە
ئەخلاقیات بەشێك نەبووبێت لەپڕۆژەی
دەوڵەتەكەیان؟ بەڵكو بە پێچەوانەوە پڕۆژەی
دەوڵەت قوڵكردنەوەی رەگوڕیشەی بۆچوونی
خێڵەكیانە و تۆڵەسەندنەوە و جەنگ بووبێت؟ ئایا
لەبارودۆخێكی ئاوادا چاوەڕوانی لەگەلێك دەكەی
كە رێز لەبنەماكانی ئەخلاق و دادپەروەری و
لێبوردەیی بگرن؟ سەرەڕای ئەمانەش رێكخراوە
نێودەوڵەتیەكان زیاتر بە كوشتنی قەزافیەوە
سەرقاڵن وەك لە كوژرانی 50 هەزار خەڵكی مەدەنی
لیبیا، ئەمە دەریدەخات كە چۆن سەركردە
لەگەلەكەی گرنگتر لێی دەڕواندرێت، ئەمەش
مامەڵەیەیەكی ناهاوسەنگ و نادادپەروەرانەیە".
www.elaph.com
..............
درێژەی ئەم بابەتە لە
ژمارە 107ی
گۆڤاری سڤیل بخوێنەوە،
كە ئێستا لە بازاڕە
|