|
سڤیل:
بیلال سەعید
لەگەڵ قاچ خستنە ناو وڵاتی ئێران لەرێگای
مەرزی (پەروێزخان)، نزیك شاری كەلار و مەرزی
(مەنزەریە)ی سەر بەشاری خانەقین، چاوت بەو
هەموو تانكە دەكەوێت، كە لەمبەر و ئەوبەری
رێگای نێوان قەسری شیرین و پارێزگای كرماشان
بەتێكشكاوی و سوتاوی دانراون.
ئێران بەدانانی ئەو هەموو تانكە سوتاوانە
بەبیر هاوڵاتیانی وڵاتەكەی دەهێنێتەوە، كە
(موجاهدین خەلق) لەكاتی جەنگی عێراق هێرشیان
هێنایە سەر ئێران، بەڵام هێزەكانی ئێران
رێگایان پێگرتن.
لەسەرەتای چوونە ناو قەسری شیرن، وەك هێمایەك
بۆ هێرشەكانی عێراق و موجاهدین بۆ سەر ئێران
لەماوەی جەنگی ئێران و عێراق، لەیەكێك لەپاركە
گەورەكان، پەیكەری سەربازێك دانراوە، كە
قورئانێك و چەكێكی بەدەستەوە بەرزكردووەتەوە،
هاوڵاتیانی شارەكەش ئاماژە بەوە دەكەن "ئەو
سەربازە وەك هێمایەك دانراوە بۆ
بەبەرەنگاربوونەوەی ئەو هێرشانەی موجاهدین
كردوویەتیە سەر ناوچەكە".
عەلی ئاغای نەزەری هاوڵاتیەكی دانیشتووی
(قەسری شیرین)ە، كە لەوكاتەی موجاهدین
هێرشەكانی كردووە، تەنیا تەمەنی 18 ساڵ بووە،
باس لەوە دەكات، تائێستاش شوێنكاری شەڕی ئێران
و عێراق و موجاهدین لەسەر شاری قەسری شیرین
ماوە، چونكە وێرانكاریەكی زۆریان لەدوای خۆیان
بەجێهێشت. عەلی لەگەڵ بیستنی هەواڵی دەركردنی
هێزەكانی موجاهدینی خەلق لەعێراق دڵخۆشی خۆی
دەربڕی،چونكە "لەوشەڕەی موجاهدیندا برایەكی
خۆم لەدەستدا".
رێكخراوی موجاهیدینی خەلقی ئێران لەساڵی
1965دا دامەزراوە، بەمەبەستی رووخاندنی
رژێمەكەی شا، بەڵام زۆری نەخایاند لەساڵی
1979وە بووە نەیاری سەرسەختی ئەو رژێمەی
فەرمانڕەوایی ئێرانی بەدەستەوە گرت، بۆ
مانەوەشی لەژێر دەسەڵاتی سەدام دژ بەئێران
دەستی بەچالاكی كرد، بەڵام لەگەڵ رووخانی
حكومەتی بەعس ئەم گروپە خۆی بەدۆستی ئەمریكا
لەقەڵەم دا و هەر زووش سەركردە شیعەكان
دەستیان كرد بەناڕەزایی دەربڕین دژ بەم گروپە.
ئەگەر عێراقی سەردەمی سەدام حوسێن بۆ موجاهدین
پەناگەیەكی ئارام بووبێت، ئەوا ئێستا نزیكەی
سێ هەزار لەئەندامانی ئەو رێكخراوە لەناو خاكی
عێراق لەترس و دڵەڕاوكێدا دەژین، داوا دەكەن
رادەستی ئێران نەكرێنەوە، چونكە لەوە دەترسن
رووبەڕووی كۆمەڵكوژی ببنەوە. ئەم گروپە ئێستا
لەناو ئۆردوگایەكدا كۆبوونەتەوە بەناوی كەمپی
"ئەشرەف"ی نزیك پارێزگای دیالە، كە ئێستا دوای
راگەیاندنی هەرێمی دیالە لەلایەن ئەندامانی
ئەنجومەنی پاریزگای دیالەوە، ململانێیەكی
سەختی شیعە و سونەكان تێیدا سەری هەڵداوە.
بەرۆیشتنی دواین سەربازی هێزەكانی ئەمریكا
لەعێراق، بارودۆخی٣٥٠٠ ئەندامی ئەم رێكخراوە
لەكەمپەكەدا كەوتۆتە مەترسییەوە.
چۆنیەتی دامەزراندنی موجاهدین خەلق
..............
درێژەی ئەم بابەتە لە
ژمارە 114ی
گۆڤاری سڤیل بخوێنەوە،
كە ئێستا لە بازاڕە
|