|

سڤیل:
مەریوان عومەر
سەركردەی هێزە دەریاییەكانی ئێران: داخستنی
گەرووی هورمـــز لە ئـــاوخواردنەوە
ئـــاســانترە
ئیسرائیل و ئەمریــكا "هیڵی سوور"یـــان بۆ
پڕۆگرامە ئەتۆمیەكەی ئێران داناوە
لەم
ماوانەی دواییدا بارگرژی و ئاڵۆزیەكانی نێوان
ئێران و رۆژئاوا سەبارەت بەپڕۆگرامە
ئەتۆمیەكەی ئێران پێی نایە قۆناغێكی
هەستیارەوە، كاتێك سزا ئابوورییە تازەكانی
رۆژئاوا فشاری زیاتریان بۆ ئێران هێنا و بۆ
یەكەم جار ئەم وڵاتە راشكاوانە هەڕەشەی
داخستنی رێڕەوی ئاوی گەرووی هورمزی كرد، كە
شادەماری ئابووریی وڵاتانی ناوچەكە و سەرچاوەی
سەرەكی نەوتی خاوی بەشێكی زۆری وڵاتانی
رۆژئاوایە، پلانێكی لەم شێوەیەش هێڵی سوورە بۆ
رۆژئاوا.
كاردانەوەی ئێران بەرامبەر بەفشاری ئەمریكا و
رۆژئاوا بەگشتی، ئەنجامدانی مانۆڕێكی سەربازی
بوو لەكەنداوی فاسی و نزیك رێڕەوی گەرووی
هورمز و تێیدا چەند جۆرێك چەكی تازە و موشەكی
تاقیكردەوە. ئەمیراڵ (مەحمود موسەوی) وتەبێژی
مانۆڕەكە رایگەیاند، لەمانۆڕەكەدا بەلەمی
سەربازیی خێرا تاقیكراونەتەوە، كە بۆ
لەناوبردنی ئامانجە دەریاییەكان
بەكاردەهێنرێن، هەروەك كۆپتەری سەربازی و
موشەكی دوورمەودا و مەوداكورت و پرۆسەی
دابەزاندنی سەربازیی دەریایی تێدا
بەكاردەهێنرێت.
ئەم مانۆڕانە بارگرژی نێوان ئێران و ئەمریكای
زیاتر كرد، بەهۆی شوێنی ستراتیجی گەرووی
هورمزەوە. بەر لەچەند رۆژێكیش (محەمەد رەزا
رەحیمی) جێگری سەرۆكی ئێران رایگەیاند، گەر
رۆژئاوا ناردنی نەوتی ئێرانی قەدەغە بكات،
ئەوا ئێرانیش گەرووی هورمز دادەخات و رێگا بە
تێپەڕبوونی قەترەیەك نەوت نادات.
هەر سەبارەت بەم هەڕەشەیە (حەبیبوڵڵا سیاری)
سەركردەی هێزە دەریاییەكانی ئێران رایگەیاند
"گەر بەپێویستی بزانین داخستنی گەرووی هورمز
بەرووی كەشتیە نەوتهەڵگرەكان لە ئاوخواردنەوە
ئاسانترە". سیاری وتیشی، لەكاتی ئێستادا
داخستنی ئەم رێڕەوە دەریاییە بە پێویست
نازانن، چونكە هەركاتێك بیانەوێ دەتوانن
بەئاسانی ئەمە بكەن، بەتایبەت لەبەرئەوەی
دەریای عوممان، كە دەكەوێتە رووی دەرەوەی
هورمزەوە، لەژێر كۆنتڕۆڵی تەواوی هێزە
دەریاییەكانی ئێران دایە.
لەبەرامبەر هەڕەشەی ئێران، وڵاتە
یەكگرتووەكانی ئەمریكا هۆشداری دایە ئێران و
لەمەترسی و دەرەنجامەكانی ئەم كارە ترسناكە
ئاگاداری كردەوە. فەرماندەی كەشتیگەلی پێنجەمی
ئەمریكی هۆشداری دایە ئێران سەبارەت بەگەمژەیی
هەر كارێكی رێگرتن لەهاتوچۆی دەریایی رێڕەوی
هورمز. فەرەنساش ئێرانی هاندا، كە بەیاسای
نێودەوڵەتیەوە پابەند بێت و رێگا لەهاتوچۆی
ئەم رێڕەوە دەریاییە نەگرێت، كە رێڕەوێكی
جیهانیە و هەموو كەشتیەكانی جیهان مافی
تێپەڕبوونیان بەم گەرووەدا هەیە.
بەڵام جەنەڕاڵ (حوسێن سەلامی) جێگری
پاسەوانانی شۆڕشی ئێرانی لە بەهای ئەم
هۆشداریانەی ئەمریكای كەمكردەوە و رایگەیاند
"ئەمریكا لەبارودۆخێكدا نیە رێگای پێبدات
بەئێران بڵێ پێویستە لەگەرووی هورمزدا چی بكات
و چی نەكات. ئێمە دەسبەرداری جوڵە
ستراتیجیەكانی خۆمان نابین، مافی خۆشمانە پەنا
ببەینە بەر هەر ستراتیجێكی بەرگریكارانە بۆ
پاراستنی بەرژەوەندیەكانمان".
پڕۆگرامە ئەتۆمیەكەی ئێران خاڵی دەسپێكی
بارگرژیەكانی نێوان ئێران و رۆژئاوا بووە،
چەندەی ئێرانیش سوورتر دەبێت لەسەر
بەرەوپێشبردنی پڕۆگرامە ئەتۆمیەكەی، هێندەی تر
فشارەكانی سەری زیاتر دەبێت. ماڵپەڕی (دەیلی
بیست)ی سەر بەگۆڤاری (نیوزویك)ی ئەمریكی
ئاشكرای كرد، ئەمریكا و ئیسرائیل خەریكی
پلانێكی هاوبەشن بۆ دیاركردنی دواین هێڵی
سووری بەردەوامبوون و بەرەوپێشچوونی ئەم
بەرنامە ئەتۆمیە، بەجۆرێك ببێتە بیانویەك بۆ
هێرشێكی خۆپارێزی سەربازییانە. ماڵپەڕەكە
بڵاوی كردۆتەوە، كە باڵوێزی ئیسرائیلیش
لەئەمریكا (مایكڵ ئۆرن) نیگەرانی فەرمی
ئیسرائیلی دەربڕیوە، بەرامبەر بە لێدوانەكانی
(لیۆن بانیتا)ی وەزیری بەرگری ئەمریكا كە
تێیدا وتبووی، هێرشكردنە سەر دامەزراوە
ئەتۆمیەكانی ئێران رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخاتە
كێشەیەكەوە، كە پاشگەزبوونەوەی لەدوایە".
دوای توڕەبوونی حكومەتی ئیسرائیلی لە
لێدوانەكانی بانیتا و ئەو گومانانەی لەنێوەندە
ئیسرائیلیەكاندا دروست بووە، سەبارەت بە
پابەندنەبوونی ئەمریكا لەرێگرتن لە
دەستگەیشتنی ئێران بەچەكی ئەتۆمی، ئیدارەی
ئەرمریكی پەیامێكی دڵنیاكەرەوەی ئاڕاستەی
ئیسرائیلەكان كرد و تێیدا ئاماژە بەوە دراوە،
كە ئەمریكا (هێڵی سوور)ی داناوە بۆ
بەرەوپێشچوونی پڕۆگرامە ئەتۆمیەكەی ئێران، تا
هێرش بكاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمیەكانی، لەم
لایەنەشەوە پێویست ناكات ئیسرائیل تاكلایەنە
كار بكات.
هەر ئەم نیگەرانیەی ئیسرائیلیش وەزیری بەرگری
ئەمریكای ناچار كرد، لەدیمانەیەكی دواتری تۆڕی
CBSی تەلەفزیۆنی بەپێچەوانەی قسەكانی پێشووتری
لێدون بدات و بڵت ئەمریكا بەهەموو شێوەیەك
رێگا لەئێران دەگرێت ببێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی.
ماڵپەڕی دایلی بیست ئەوەشی ئاشكرا كردوە، كە
لەچوارچێوەی گفتوگۆی ستراتیجی نێوان ئیسرائیل
و ئەمریكا، لایەنی ئیسرائیلی راپۆرتێكی تازەی
داوەتە ئەمریكا، دەریدەخات ئێران خەریكی
دامەزراندنی چەند دامەزراوەیەكی ئەتۆمی
نهێنیە، بۆ بەرهەمهێنانی وزەی ئەتۆمی، ئەم
هەوڵە نهێنیانەی ئێرانیش لەقۆناغێكی
پێشكەوتووتر و مەترسیدارتر دایە، وەك لەوەی
ئەمریكا پێشبینی دەكات. سەرچاوەی ئەم
زانیاریانەش، ئەو راپۆرتە هەواڵگریە
ئیسرائیلیانەیە، كە پشتیان بەنمونەی خاكوخۆڵی
دەوروبەر و نزیك ناوچە گوماناویەكان بەستووە.
لەبارەی ئەو هێڵە سوورانەی ئەمریكا بۆ
پڕۆگرامە ئەتۆمیەكەی ئێران دایناوە، (ماتیۆ
كرونینگ)ی راوێژكاری كاروباری ئێران لە
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا دەڵێ، هێڵی سوور
دەركردنی چاودێرانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمیە
لەلایەن ئێرانەوە، یا دەستكردن بەپیتاندنی
یۆرانیۆم تا ئاستی 90% كە بەسە بۆ
بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی.
لەلایەكی ترەوە رۆژنامەی (تەلەگراف) ئاشكرای
كردوە، ئیسرائیل رەتیكردۆتەوە كە نیازی خۆی
بەكۆشكی سپی بڵێت، سەبارەت بەپلان و ئەگەری
هێرشی تاكلایەنەی بۆ سەر دامەزراوە
ئەتۆمیەكانی ئێران، ئەمەش ترسی ئەگەری هێرشی
تاكلایەنەی ئیسرائیل لەهاوینی داهاتوو بۆ سەر
ئێران زیاتر دەكات. تەلەگراف نوسیویشیەتی، كە
بەهۆی هەڕەشە و رێوشوێنەكانی وڵاتانی رۆژئاوا
بۆ پەكخستنی پڕۆگرامە ئەتۆمیەكەی ئێران،
هێزەكانی پاسەوانی شۆڕشی ئێرانی خراونەتە
حاڵەتی ئامادەباشیەوە. تەلەگراف ئاشكرای
كردوە، كە (محەمەد عەلی جەعفەری) سەكردەی ئەم
هێزانە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەگەری هەر
هێرشێكی دەرەكی شاراوە، هێزەكانی سوپای شۆڕشی
خستۆتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە. بەرپرسانی
هەواڵگری وڵاتانی رۆژئاواش رایانگەیاندوە، كە
ئێران دەستی كردوە بە بڵاوكردنەوەی موشەكی
دوورمەودا و تەقەمەنی دەریایی بەهێز و تۆپی
دوورهاوێژ و یەكەی سەربازی پاسەوانانی شۆڕش
لەناوچە بەرگرییە سەرەكیەكاندا.
|